پرۆسەى گەڕان و گواستنەوەى پاشماوەى پاشماوەى بومەلەرزەکانى شارەکانى باکورى کوردستان و تورکیا هێشتا بەردەوامە، بە بەهاى 12 ملیار لیرە شیش و پاشماوەى دیکە فرۆشراون، بەڵام پارەکەی “دیارنییە”.
بەرەبەیانى 6ى شوبات زنجیرەیەک بومەلەرزەی کوشندە 10 پارێزگای باکوری کوردستان و تورکیا و چەند شارێکی رۆژئاڤای کوردستان و سوریای هەژاند. نزیکەی 55 هەزار کەس گیانیان لەدەسداوە و ملیۆنان کەسی دیکەش ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ بوون.
ئێستا پرسێک کە بووەتە رۆژەفی تورکیا دیارنەمانى پارەى فرۆشتنى پاشماوە و داروپەردوى بومەلەرزەکانە.
بەگوێرەى راپۆرتێکى رۆژنامەی سوزجوی سەر بە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) سەدان هەزار تۆن، ئاسن، پی ڤی سی، پلاستیک، کێبڵ، مس و مادەی دیکە کۆکراونەتەوە، بەڵام نازانرێت چۆن و لەلایەن کێوە فرۆشراون.
رۆژنامەکە ئاماژەی بە راگەیەندراوێکی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە کە رایگەیاندبوو، بومەلەرزەکە نزیکەی 210 ملیۆن تۆن پاشماوەی لێکەوتووە.
لە راپۆرتەکەدا باسی ئەوە کراوە کە ئەگەر 1%ـی ئەو پاشماوەیە، ئاسن، پی ڤی سی، پلاستیک، کێبڵ، مس و مادەی دیکە بێت، دەکاتە ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن. ئەگەر لانیکەم کیلۆیەک لەو ماددانە بە هەشت لیرەش بفرۆشرێت، پارەکەی دەکاتە 12 ملیار لیرە.
رۆژنامەکە بۆچوونی ژمارەیەک شارەزای وەبەرهێنانی وەرگرتووە کە رایانگەیاندووە، بەو 12 ملیار لیرەیەیەی کە لە پاشماوەکانی باڵەخانە داڕماوەکاندا بەدەستهێنراوە، دەتوانرێت 15 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە پرۆگرامی گەشەپێدانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان (یۆ ئێن دی پی) رایگەیاندبوو، ملیۆنێک و 500 هەزار کەس لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان بێ ماڵ بوون و پێویستە 500 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتیان دروست بکرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی ژینگە و شارستانی تورکیا، لە یەکی ئەم مانگەوە، دەست بە دروستکردنی 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە حکومەت پلانێکی هەیە کە هەموو تێچووی دروستکردنی یەکە نیشتەجێبووەکان نەگرێتە ئەستۆ. حکومەت دەیەوێت 60٪ی تێچووی یەکەکان لە ئەستۆ بگریت و ئەوی دیکەی بە سیستمی قەرزی مانگانە بخاتە ئەستۆی هاوڵاتیان.