90
وەزارەتی کار و کاروبای کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان، داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای چاودێریی نەوجەوانان دەکات و دەڵێت “پێچەوانەی مافەکانی منداڵە”.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، نوسراوێکی بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ناردووە، ئاگاداریکردوونەتەوە کە تێبینییان لەسەر یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2022ی هەموارکراوی چاودێریی نەوجەوانان هەیە، داوایلێکردوون یاساکە هەڵبوەشێننەوە.
وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی، بە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی گوتووە “یاساکە پێچەوانەی مافی منداڵە”. بەڵام روونی نەکردووەتەوە لە کوێدا پێچەوانەیە و لە چی بڕگەیەکدا پێشێلی مافی منداڵ کراوە.
پێشتر حاکم شێخ لەتیف پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، رایگەیاندبوو، هەمواری یاسا نوێیەکە لەبری ئەوەی سزای سەر نەوجەوانان سوک بکات، قورستری کردووە.
حاکم شێخ لە تیف، لە گوتارێکدا، نوسیویەتی “هەموارکردنەوەی یاسای چاودێریی نەوجەوانان لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی دادوەری بووە و بەبێدەنگی لەپەرلەمانەوە تێپەڕێنراوە”.
بە گوتەی حاکم شێخ لەتیف، هەموارکردنەوەی یاسا نوێیەکە، دژی چەندین رێککەوتننامە و میساقی نێودەوڵەتیی مافەکانی نەوجەوانان و منداڵانە.
“ھەموو رێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە پێویستە سزای زیندانی بۆ نەوجەوان تابکرێ پەنای بۆ نەبرێ و کەمیش بکرێتەوە” حاکم شێخ لەتیف وای نوسیوە.