زووم:
دیدار و کۆبوونەوەکانى بەرپرسانى عێراق و ئێران لە بەغداد و تاران بەردەوامە و ئەمڕۆ شەممە، سابت محەمەد، وەزیرى بەرگریی عێراق بە سەردانێک گەیشتە تاران و لەگەڵ محەمەد رەزا ئاشتیانى، وەزیرى بەرگریی ئێران کۆبووەوە. بەگوێرەى میدیاکانى ئێران، گفتوگۆیان لەبارەى کێشەکانى سنوورى نێوان هەردوو وڵات کردووە.
ئاژانسى هەواڵى فارسنیوز، بڵایکردەوە، وەزیرانى بەرگریی ئێران و عێراق گفتوگۆیان لەبارەى چالاکى گروپە “تیرۆریستییەکانى” باکورى عێراق کردووە، کە مەبەستى حزبە کوردییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانە.
ئەم سەردانەى وەزیرى بەرگریی عێراق بۆ تاران لە کاتێکدایە، چوارشەممەى رابردووش، ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیرى دەرەوەى ئێران سەردانى بەغدادى کرد و رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانى عێراق گفتوگۆیان لەبارەى ئاسایشى سنورەکانى نێوان هەردوو وڵات کردووە.
عەبدوڵڵاهیان پاش کۆبوونەوەى لەگەڵ قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نیشتمانی عێراق ئاشکرایکرد، بەمزووانە عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەگاتە بەغداد و رێککەوتننامەیەکی ئەمنی هاوبەش لەگەڵ بەغداد واژۆ دەکات.
https://zoomnews.info/12565-2/
لە 9ـى ئەم مانگەشدا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەى شەرقولئەوسەت، محەمەد سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ یەکەمجار ئاشکرایکرد، کە لەگەڵ ئێران بەرەو رێککەوتنێک هەنگاو دەنێن لەبارەى کێشەکانى سنوور و ئاماژەى بەوەکرد بەمزووانە رێککەوتنەکە واژۆ دەکرێت، سودانى باسى لەوەشکردبوو کە هەرێمى کوردستان ئەندامە لە لیژنە هاوبەشەکانى پەیوەست بەو پرسە.
سودانى ئاشکرایکردبوو کە رێککەوتنەکە سێ ئەرکى سەرەکى جێبەجێ دەکات ئەوانیش:
یەکەم، هێزە فەرمییەکانى حکومەتى فیدراڵى (بەغداد) کۆنتڕۆڵى سنورەکان نێوان عێراق-ئێران بکەن.
دووەم، رادەستکردنەوەى داواکراوەکان بەگوێرەى یاسا.
سێیەم، رێگەنەدان بە هیچ لایەک سەربازگە دروستبکات یاخود چەکى پێبێت.