سڕی سورەیا ئوندەر پەرلەمانتاری پێشوی هەدەپە و ئەندامی شاندی ئیمرالی دەڵێت، پێویستە یاسای وەبەرهێنان لە تورکیا هەمواربکرێتەوە و رێگە نەدرێت وەبەرهێنەران بە ئارەزوی خۆیان باڵەخانە دروست بکەن، دەبێت باجێکی زۆر زۆر لەسەریان دابنرێت، کە نەتوانن، بەمشێوەیە باڵەخانە دروست بکەن و گوتی، ” یەک رێکخراوی تیرۆریستی لە تورکیا هەیە کە تۆڕی وەبەرهێنەرانە.”
سڕی سورەیا ئوندەر، ئەو لە پاڵ کارە سیاسییەکانى ئەکتەر و سینەماکارێکی بەناوبانگی تورکیایە و بە کەسێکی کۆمێدیش ناسراوە، لەبارەی چارەسەری پرسی وەبەرهێنان بۆ کەناڵی (هاڵک تی ڤی) قسەی کرد.
ئوندەر کە خۆی لە شاری سەمسوری باکوری کوردستان لەدایکبووە و لە بومەلەرزەکەی 6ـی شوباتدا ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکار و دۆستەکانی لە گیانی لەدەستدا، رایگەیاند، دەوڵەت هاوکاری پێویست بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان رەوانە ناکات.
هاوڵاتیان خۆیان هەوڵی ساڕێژکردنی برینەکانیان دەدەن
ئوندەر لە چاوپێکەوتنەکەدا باسی ئەوە دەکات کە لە دوو رۆژی سەرەتای بومەلەرزەکەی 6ـی شوباتدا لە سەمسور و شارەکانی دیکە کەس بەهانای هاوڵاتیانەوە نەچووە. هەروەها رێگە نەدەدرا هیچ کەسێک لە دەروازەکانی سەمسوردا تێپەڕ ببێت.
ئەو گوتی، “من لە دووەم رۆژی بومەلەرزەوە چوومە سەمسور. هیچ ئامێر و ئۆتۆمبێلێکی شارەوانیم نەبینی هەوڵی لابردنی داروپەردووکانی بومەلەرزەکە بدات. بۆ نمونە تەرمی یەعقوب تاش پەرلەمانتاری ئاکەپەی سەمسور چوار رۆژ لەژێر داروپەردووی خانووەکەیدا مایەوە. هاوڵاتیان نەیاندەتوانی کەسوکاریان رزگار بکەن و هاواریان دەکرد بۆ ئەوەی مۆڕاڵ بە کەسوکاریان بدەن لە ژێر باڵەخانە روخاوەکاندا کە دان بەخۆیاندا بگرن تاوەکو رزگار دەکرێن.
پەناگە مافێکی بنەڕەتی مرۆڤە
ئوندەر گوتى، “یەک رێکخراوی تیرۆریستی لە تورکیا هەیە کە تۆڕی وەبەرهێنەرانە. ئەم قسەیە موڵکی من نییە، قسەی سەڤان نیشانیانە (رۆژنامەنووس و نووسەری ئەرمەنی)ـیە. هیچ بە ئەندازەی تۆڕەکانی وەبەرهێنان، وێرانکەر نین کە دەستیان بۆ هەموو کایەکانی ژیان بردووە. ئەو کەسانە بە تەنیا خۆیان دەوڵەمەند دەکەن.
کێشەی سەرەکی کۆچکردنە بۆ شارە گەورەکان. لە شارە گەورەکانیش دەوڵەت سیاسەتێکی باشی بۆ نیشتەجێبوون نەبووە، لە کاتێکدا کە پەناگە مافی بنەڕەتی مرۆڤە، بەڵام ئەم کێشەیە چارەسەر نەکراوە و تەنیا دەوڵەتی هەوڵی قەدەغەکردنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی داوە کە ئەوەش دروستکرنی خانووی بێمۆڵەتی لێکەوتووەتەوە کە کوالیتیان نییە.
پێویستە باجێکی زۆر لەسەر خانووی دووەم دابنرێت
ئۆندەر دەڵێت، پێویستە ئەنجومەن لە شارەکان دابمەزرێن کە هەموو چین و توێژەکان نوێنەرایەتیان هەبێت و خەڵک بڕیار لەسەر پلاندانانی شارەکە بدات.
ئۆندەر بە ئاماژەدان بەوەی کە خانووەکان وەک “ئامرازێکی وەبەرهێنان” دەستیپێکردووە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخەکان، لێدوانی ئەرکان باش، سەرۆکی پارتی تەپەى بیرخستەوە و گوتی، پێویستە لە هەموو شارەکان بە بەشداری هەموو چین و توێژەکان ئەنجومەن دابمەزرێنرێن و هاوڵاتیان بڕیار لەسەر پلانی فراوانکردنی شارەکەیان بدەن. نابێت خانووەکان وەک “ئامرازی وەبەرهێنان” تەماشا بکرێن.
ئەو گوتی، “وەک هاوڕێ سۆسیالیستەکانمان دەڵێن، پێویستە هەموو کەسێک خاوەنی ئەم خانووە بێت کە تێیدا دەژیت. نابێت کەس چەند خانووەیەکی هەبێت. بۆیەش ئەوەی خانووی دووەمی هەیە، پێویستە باجێکی زۆری لەسەر بسەپێندرێت.