40
زووم، ئاژانسەکان:
رۆژنامەی سەباح، بۆچوونی چەند شارەزایەکی بواری ئابووریی بڵاوکردووەتەوە، کە پێیانوایە مامەڵەکردن بە دراوی یوانی چینی، “هەژموونی دۆلار لەسەر ئابووریی عێراق کەمدەکاتەوە”.
ئەمەش وەکو رێگەچارەیەک تەماشاکراوە بۆ جێگیرکردنی بەهای دیناری عێراقی، کە ماوەیەکە ناجێگیرییەکی زۆری بەخۆوە بینیوە و بەرادەیەکی بەرچاو بەهاکەی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لەدەست داوە.
هەفتەی رابردوو بانکی ناوەندیی عێراق بەشی دووەمی رێکارەکانی بۆ جێگیرکردنی بەهای دینار راگەیاند، لە یەکێک لە خاڵەکاندا ئاماژە بەوەدراوە، پارەدارکردنی بازرگانیی دەرەکی لەگەڵ چین رێکبخرێت و بۆ ئەو مەبەستەش بەشێوەیەکی راستەوخۆ دراوی یوانی چینی بەکاربهێنرێت.
چەند شارەزایەکی بواری ئابووری بە رۆژنامەی سەباحیان گوتووە، ئەم دەستپێشخەرییەی بانکی ناوەندی “دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی هەژموونی دۆلار بەسەر ئابووریی عێراقەوە”.
نەبیل مەرسومی، شارەزای بواری ئابووریی، دەڵێت، لە پێنج ساڵ لەمەوبەرەوە عێراق دەستی بە هەمەچەشنکردنی یەدەگی نەختینەیی کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی داهاتی نەوت بە دۆلار بووە، بۆیە بە شێوەیەکی زۆر کەم یوانی چینی بەکارهێنراوە .
“ئێستا عێراق لە رێگەی ستراتیژییەتێکی تازەوە کە چەند بانکێکی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش پەیڕەوی دەکەن، هەوڵدەدات پشت بە دراوی یوانی چینی ببەستێت لە مامەڵە بازرگانییەکانیدا، ئەمە جگە لە مامەڵەکردن بە یۆرۆ، درهەمی ئیماراتی و دیناری ئوردنی”.
بەلای مەرسومییەوە مەحاڵە عێراق خۆی لە دۆلار قوتاربکات، بەوپێیەی زۆرینەی هەرەزۆری داهاتی وڵاتەکە لە رێگەی نەوتەوەیە و ئەویش بە دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.