زووم، ئاژانسەکان:
کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە فەرەنسا زیاتر هەستیپێدەکرێت بەراورد بە وڵاتانى دیکەى ئەوروپا، زیاتر لە مانگێکە دڵۆپێک باران بەر زەوی وڵاتەکە نەکەوتووە. 60 ساڵە بێبارانی بەوشێوەی ئێستا نەبووە. بەگوێرەى دامەزراوەی کەشناسی فەرەنسا دواین بارانبارین رۆژى 21ی کانونی دووەم بووە، لەوکاتەوە رۆژانە تەنانەت یەک ملیممەتریش باران نەباریوە.
وشکەساڵیکە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی لەو وڵاتەدا داناوە، وەک کەشناسی ئاماژەى پێدەدات. بەگوێرەى داتاکانى کەشناسی فەرەنسا، لە ساڵی 1959ەوە وڵاتەکەیان بەمشێوەى ئێستا لە وەرزى زستاندا وشکوبرین نەبینیەوە. هەرچەندە ساڵی 1989 لە وەرزی زستاندا بۆماوەیەک باران نەبارى، بەڵام ماوەکە 22 رۆژ زیاترى نەخایاند، لەکاتێکدا ئەمساڵ 35 رۆژە.
ساڵى 2015 رێککەوتنى کەشوهەواى پاریس واژۆ کرا
گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا ساڵانێکە بووە بە ترسێکى جیهانى. ساڵى 2015 رێککەوتنى کەشوهەواى پاریس واژۆ کرا، ئامانجەکە ئەوە بوو وڵاتانى پیشەسازى دەردانە گەرمکەرەکانیان کەمبکەنەوە، بەڵام نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانە لە پابەندنەبوونى وڵاتان بە رێککەوتنەکە، ئەگەرچی ساڵانە لوتکەى کەشوهەوا بەڕێوەدەچێت، ساڵى رابردووش لە شەرمشێخى میسر بەڕێوەچوو. وشکەساڵی زستانى ئەمساڵ بەگشتى ئەوروپاى گرتووەتەوە، دیمەنى وشکبوونى کەناڵە ئاوییەکانی ڤێنیزی ئیتاڵیا مەترسییەکەى زیاترکردووە.
بەگوێرەی دامەزراوەی کۆپەرنیکەسی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێری کەشوهەوا، مانگی رابردوو سێیەم گەرمترین مانگی کانوونی دووەم بووە لە ئەوروپادا، لە هەندێک ناوچە پلەکانی گەرما گەیشتونەتە بەرزترین ئاست لە مێژوویاندا. ساڵی 2022 بەریتانیا، فەرەنسا، ئیسپانیا وئیتاڵیا، بەرزترین پلەکانی گەمایان تۆمارکرد. بەنداوی لاکدێ گراوسێت لە باشور و رۆژئاوای فەرەنسا، کە ئاوی پێویست بۆ 32 هێکتار زەوی دابین دەکات ئاستی ئاوەکەى دابەزیوە و کێشەی کەمئاوی بۆ زۆرێک لە جوتیاران و ماسیگرانی دەریاچەکە دروستکردووە.
ئەگەر کێشەی کەمئاویی بەمشێوەیە بەردەوامبێت، رووداوی “کارەساتبار” بۆ کەرتی کشتوکاڵیی ناوچەکە دروستدەکات
ئەگەر کێشەی کەمئاویی بەمشێوەیە بەردەوامبێت، رووداوی “کارەساتبار” بۆ کەرتی کشتوکاڵیی ناوچەکە دروستدەکات. چونکە سێو، هەڵوژە، گوێز، بندوق، تەماتە، شوتی، دانەوێڵە و زۆر بەرهەمی دیکە، پشت بە ئاوى ئەو بەنداوە کشتوکاڵییانە دەبەستن کە لە وەرزی زستاندا ئاو گلدەدەنەوە. بەگوێرەی چەند داتایەکی دامەزراوەی کۆپەرنیکەسی یەکێتی ئەوروپا، لەمساڵدا وشکەساڵی لە ئیسپانیاوە بۆ تورکیا درێژبووەتەوە.
رێژەی شێداریی خاک لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپادا دابەزیوە، هەر لە فەرەنساوە بۆ باشوری ئیسپانیا، باکوری ئیتاڵیا و باشوری ئەڵمانیا. ئەم وشکهەڵاتنە بەشێکی گرنگ لە باکوری یۆنان، باشوری بوڵگاریا و زۆرێک لە خاکی تورکیای گرتووەتەوە. ئاندریا تۆرێتی، کە زانایەکی ئەوروپییە لە دامەزراوەی کۆپەرنیکەس، بە ئاژانسی هەواڵی یۆرۆنیوزی راگەیاندووە، ئەوەی کە بارێکی نائاسایی دروستکردووە ئەوەیە کە ئەم رووداوانە بۆ ماوەی چەند ساڵێکە دووبارە دەبنەوە. ساڵانى 2018 و 2022 وشکەساڵییەکی توند بەرۆکی ئەوروپای گرتەوە. دووبارەبوونەوەی وشکەساڵی لەم چەند ساڵەی دواییدا کاریگەرییەکی خراپی کردووەتە سەر دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی.
بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاو تێیدا ساڵی رابردوو بەلەمێکی بارهەڵگری جەنگی جیهانی دووەم دەرکەوت
لە روباری پۆی ئیتاڵیا بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاو تێیدا ساڵی رابردوو بەلەمێکی بارهەڵگری جەنگی جیهانی دووەم دەرکەوت، هۆکارەکەشى لێکەوتەکانى وشکەساڵییە. هەر لە دۆڵی پۆی ئیتاڵیا کە ساڵانە زیاتر لە نیوەی برنجی ئەوروپای لێ بەرهەمدەهێنرێت بەهۆی کەمی ئاوەوە رێژەی بەرهەمهێنانی برنج لە ساڵی رابردوودا تێیدا دابەزیوە. تەنها دوای شەش مانگ لەو رووداوانەی سەرەوە، لە ئێستادا ئەوروپا دووبارە روبەڕوی وشکەساڵییەکی نوێ دەبێتەوە.
روباری پۆی ئێستا ئاستی ئاوەکەی هێندە دابەزیوە کە هاوتایە لەگەڵ هەمان ئاستی لە وەرزی هاویندا. لەسەروبەندی ئەو گۆڕانکارییانەی کەشوهەوادا جوتیارانی وڵاتە ئەوروپییەکان خەریکی دۆزینەوەی تەکنیک و رێگای نوێن بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ کەمئاویدا بگونجێنن. ئێستا ئەوروپا هیوای لەسەر چەند هەفتەی داهاتوو هەڵچنیوە بۆئەوەی باران ببارێت و زەوی ناوچەکانی پاراو بکات. ئەگەر ئەم هیوایەیان هیچی لێ سەوز نەبێت، چاوەڕوانى هاوینێکی وشک و گەرم دەکەن.