زووم:
سەرۆکى یەکێتیی مامۆستایانى کوردستان بە زوومى گوت، بە گوێرەى ئەو گرێبەستەى لەگەڵ کۆمپانیایەکى کەرتى تایبەتدا کردوویانە، ئۆتۆمبێل بە شێوازى “قیست” بۆ مامۆستایان دابین دەکەن و دەشڵێت، نرخى ئۆتۆمبێلەکان لە خوار نرخى بازاڕەوەیە.
ئەحمەد گەرمیانى راشیگەیاند، پڕۆژەکە لە هەفتەى رابردووەوە دەستیپێکردووە و ژمارەیەک مامۆستاش ئۆتۆمبێلیان وەرگرتووە.
دەشڵێت، بەگوێرەى ئەو گرێبەستەى کە لەگەڵ کۆمپانیاى “باجگر” کردوویانە، وەکو قۆناغى سەرەتا، پێنج جۆر لە ئۆتۆمبێلى “جێلى” بە قیست دەدرێت بە مامۆستایان.
لەبارەى پێشەکى و قیستەکانى ئۆتۆمبێلەکە، سەرۆکى یەکێتیی مامۆستایانى کوردستان گوتى، پێشەکى گرێبەستەکە بەگوێرەى رێککەوتنى مامۆستاکە دەبێت لەگەڵ کۆمپانیاکە، “پێشەکییەکە چەند زیاتر بێت، قیستەکان کەمتر دەبن”.
ئەحمەد گەرمیانى باسى لەوەشکرد، “پێشەکی لە هەزار دۆلار، دوو هەزار دۆلار و سێ هەزار دۆلار و زیاتریش هەیە، مامۆستاش هەیە بە پێشەکی تەنیا 400 دۆلار گرێبەستى کڕینى ئۆتۆمبێلەکەى کردووە”.
“یەکێک لە لایەنە باشەکانى ئەم رێککەوتنەى ئێمە لەگەڵ کۆمپانیاى ناوبراو ئەوەیە نرخی ئۆتۆمبێلەکان هەزار بۆ هەزار و 200 دۆلار لە نرخی بازاڕ کەمترە” وەکو سەرۆکى یەکێتى مامۆستایان ئاماژەى بۆ کرد.
لەبارەى مەرجەکانیشەوە سەرۆکى یەکێتیى مامۆستایان گوتى:
▪️ دەبێت داواکار مامۆستاى هەمیشەیی بێت
▪️ موچەى لە ملیۆنێک دینار زیاتر بێت
▪️ دوو کەفیلی هەبێت
▪️ ئەندامی یەکێتیی مامۆستایانى کوردستان بێت
▪️ لە رێگەی یەکێتیی مامۆستایانەوە داواکاری بۆ کڕینى ئۆتۆمبێلەکە پێشکەش دەکات
▪️ یەکێتى مامۆستایان نوسراوى پشتگیریی بۆ کۆمپانیاکە بۆ دەکات.
بە گوتەى ئەحمەد گەرمیانى، لە سێ مانگی داهاتوودا لەگەڵ کۆمپانیاکە کۆدەبنەوە و لە پلانیاندایە جۆری دیکەى ئۆتۆمبێل بۆ مامۆستایان دابین بکەن “دەرگامان بۆ کۆمپانیاکانی دیکەش کراوەیە و هەر کۆمپانیایەک بیەوێت بێتە نێو پرۆژەکەوە گرێبەستى لەگەڵ دەکەین”.