رێگەیەکى کلتورى یان لەبیربردنەوەى “کاولکاری” لەنێو شورای مێژوویی شاری ئامەدی باکوری کوردستان فیستیڤاڵێک دەستیپێکرد و هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.
فیستیڤاڵەکە بە ناونیشانی رێگەی کلتوری شورای ئامەدە، 600 چالاکی هونەری تێدا ئەنجام دەدرێن، وەزیرانی گەشتیاری و کلتوری تورکیا بەشداری تێیدا دەکەن ئۆرکسترای تایبەتی سەرۆککۆماری تورکیا موزیک پێشکەش دەکات .
حکومەت گرنگی پێدەدات و پەکەکەش گومانى لەو گرنگیپێدانە هەیە، شوراى ئامەد، مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى هۆرییەکان واتە 10 هەزار ساڵ پێش ئێستا.
لە مێژوودا چەندین جار شوراکە بووە بە شوێنى سەختى شەڕى لایەنە ناکۆکەکان، دواینیان لە ئابی 2015دا بوو، سوپای تورکیا بە چەکی قورس و هێلیکۆپتەر هێرشی کردە سەر ناوچەکە.
بەهۆى بوونى ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پەکەکە بەناوی یەکینەکانی پاراستنی سڤیل، دانیشتوانى شورای ئامەد، زۆرینەىان خەڵکی گوندەکانی دەرەوەی ئامەد بوون.
ساڵی 1991 کاتێک لە شەڕى سوپاى تورکیا و حکومەتدا گوندەکانیان سوتێنرا رویان لەو ناوچە هەژارنشینە کرد، بەڵام ساڵى 2015 جارێکی دیکە کەوتنەوەبەر شەڕ، شەڕێک، کە چوار دەدەیە لەنێوان حکومەت و پەکەکە بەردەوامە.
ئۆپراسیۆنەکانى ساڵى 2015 و قەدەغەی هاتوچۆ لە ناوچەی شورای ئامەد نزیکەی نۆ مانگ بەردەوام بوو، جگە لە کوژرانى سەدان کەس لە هەردولا، سەدان خانوو و باڵەخانەی مێژوویش روخێندران، چوار گەڕەکی مێژوویی بەتەواوەتی وێران بوون.
دواتر حکومەت یەکەی نیشتەجێبوونی لە شوێنەکانیان دروستکرد، روداوەکانى حەوت ساڵ پێش ئێستا و فێستیڤاڵەکەی ئەمڕۆ گومانى بۆ لایەنى کوردى و بەتایبەتى پەکەکە دروستکردووە.هەرچەندە حکومەت رایگەیاندووە فێستیڤاڵە بۆ ناساندنی مێژوو و کلتور و پیشاندانی نۆژەنکردنەوەی ناوچەکەیە.
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە دەڵێت، ئەم فێستیڤاڵە بۆ ئەوەیە، حکومەت مێژووی کاولکاریەکانی لە ناوچەی سور بشارێتەوە و لەبیری کورد و جیهانی بباتەوە.