دادگای لاهای رایگەیاند، پێویستە حکومەتی ئازەربایجان رێڕەوی لاچین بکاتەوە، کە تاکە رێڕەوی پەیوەندی ئەرمەکانی قەرەباخ و حکومەتی ئەرمینیایە.
دادگای دادی نێودەوڵەتی (دادگای لاهای)، بڕیاری کۆتایی خۆی لەبارەی کێشەی رێڕەوی لاچیندا کە لەلایەن هەندێک گروپی سەر بە ئازەربایجانەوە داخرابوو. لە بڕیارەکەی دادگای لاهایدا هاتووە، ” پێویستە بە زوترین کات، رێرەوی لاچین بکرێتەوە و ئیدی رێگری لە هاوکاری مرویی، بازرگانی، گەیاندنی دەرمان و پێداویستی بۆ قەرەباغ نەکرێت.
ریڕەوی لاچین نزیکەی سێ مانگ بوو، لەلایەن چەند گروپێکەوە کە خۆیان وەک ژینگەپارێز بەناوکردووە و حکومەتی ئازەربایجان پشتگیریان دەکات، داخرابوو. لەگەڵ ئەوەی ئاگربەست لەنێوان سوپای ئازەربایجان و سوپای ئەرمینیا راگەیەندراوە، بەڵام چەندین جار بەهۆی پرسی رێڕەوەکەوە، شەڕ لەنێوان سەربازانی هەردوولادا رویدابوو.
حکومەتی ئەرمینا لە دادگای لاهای سکاڵای تۆمار کردبوو، کە حکومەتی ئازەربایجان، رێگە نادات، دەرمان، سوتەمەنی و خۆراک بگاتە دەستی هاوڵاتیانی ئەرمەنی قەرەباغ.
هەفتەی رابردوو، بەرپرسانی ئازەربایجان، ئەرمینیایان بەوە تۆمەتبار کرد کە ئەرمینیا رێڕەوی لاچین بۆ چالاکیە سەربازیەکان بەکار دەهێنێت. پێشتریش جەیحون بایرامف، وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان، ئەرمینیای بەوە تۆمەتبار کردبوو کە سوپای ئەو وڵاتە، لە لاچین سەرقاڵی چاندنی مینە.
رێڕەوی ناگۆرنۆ – قەرەباغ کە بە رێرەوی لاچینیش ناوی دەهێندرێت، تەنیا رێگەی بازرگانی و هاوکاری مرۆییە لەنێوان ناوچەی ناگوڕنوی ژێر کۆنتڕۆڵی ئەرمینیا و قەرەباغی ژێر کۆنتڕۆڵی ئازەربایجان.
ئەو رێرەوە بەگوێرەی رێککەوتننامەی سێ قوڵی نێوان وڵاتانی ئەرمینیا، ئازەربایجان و روسیا کە لە ساڵی 2022دا واژۆکرا، وەک رێرەوێکی ئازادی ناوچەیی راگەیەندرا کە بەگوێرەی ئامارەکان نزیکەی 120 هەزار ئەرمەنی لەو ناوچەیە دەژین.
نەتەوەیەکگرتووەکان، چین، ئەمریکا و روسیا و وڵاتانی ئەوروپا کاردانەوەیان لەبەرامبەر ئەو دۆخە پیشانداوە و رایانگەیاند، پێویستە حکومەتی ئازەربایجان هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە بدات.
دوای شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ساڵی 1993، لە ساڵی 2020دا، ئازەربایجان پەلاماری ناگۆرنۆیدا، کە ناوەندەکەی لاچین بوو و رایگەیاند، ناوی ناوچەکە قەرەباخە و زێدی ئازەریەکانە. سوپای ئازەربایجان لە ماوەی 44 رۆژدا پێنج شار و چوار ناوچە و 286 گوندی کۆنترۆڵکردەوە، کە گرنگترینیان شار و ناوچە و گوندە کوردییەکانی وەک، لاچین (ناوەندی کوردستانی سور)، کەلبەجار، قوبادلی، شوشە، بەردە و زەنگلان بوون.
ئەو ناوچانە زێدی کوردن، کە دوای جەنگی جیهانی یەکەم، بەگوێرەی ئەو سیستمەی کە ڤلادیمیر لێنین، سەرۆکی روسیای سۆڤیەتی، خۆبەڕێوەبەرییەکی کوردی لە ناوچەکە دامەزرێنرا کە ناوەندەکەی لاچین بوو.