زووم، ئاژانسەکان:
رۆژنامەکانى بەریتانیا بڵاویانکردەوە ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پلانێکى هەیە و بەنیازە بەبێ چاوپێکەوتن مافی پەنابەری بە 90 هەزار کۆچبەر بدات.
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، حکومەتی بەریتانیا لە رۆژی پێنجشەممەوە دەست بە جێبەجێکردنی پلانێک دەکات کە دۆسیەى 90 هەزار کۆچبەر یەکلایی دەکاتەوە، پلانەکە بۆ ئەوانەیە کە لە پێش مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە دۆسیەکانیان پێشکەش بە وەزارەتى ناوخۆ کردووە، وات پێش ئەو گەیشتوونەتە بەریتانیا. پلانەکە بریتییە لە ئاسانکردنی رێکارەکانی بەدواداچوون بۆ دۆسیەى ئەو کۆچبەرانەی کە داواکارییان بۆ مافی پەنابەریی لەو وڵاتەدا پێشکەشکردووە، بەڵام بەهۆی زۆری فشار لەسەریان، بەڕێوەبەرایەتی هۆم ئۆفیسی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە نەیتوانیوە چاوپێکەوتن بۆ ئەو کۆچبەرانە ئەنجامبدات.
ئەمڕۆ دەست دەکرێت بە دابەشکردنی فۆرم بەسەر 12 هەزار کۆچبەری وڵاتانی ئەریتیریا، ئەفغانستان، سوریا، لیبیا و یەمەن
هەربۆیە بەگوێرەى ئەم پلانە نوێیە چاوپێکەوتنەکە لادەبرێت، چونکە کاتێکی زۆری پێویستە و لەبری ئەوە کۆچبەران فۆرمێکیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی پڕی بکەنەوە. لە هەنگاوی یەکەمدا، ئەمڕۆ دەست دەکرێت بە دابەشکردنی فۆرمەکە بەسەر 12 هەزار کۆچبەری وڵاتانی ئەریتیریا، ئەفغانستان، سوریا، لیبیا و یەمەن. فۆرمەکە 11 لاپەرەیە و 50 پرسیاری ئاڵۆز لەخۆدەگرێت. هەر کۆچبەرێک مۆڵەتی 20 رۆژی هەیە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە و دەبێت فۆرمەکەش بە زمانی ئینگلیزی پڕبکاتەوە. لە رێنماییەکانیشدا هاتووە ئاساییە کۆچبەران وێبسایتەکانی وەرگێران بەکار بهێنن.
گاردیان ئاشکرای کردووە، حکومەتی بەریتانیا، لە رێنماییەکاندا نوسیویەتی، ئەگەر پەناخوازێک نەتوانێت لەماوەی ئەو 20 رۆژەدا فۆرمەکە بە پڕکراوەیی بنێرێتەوە، ئەوە دۆسیەکەی دەکشێندرێتەوە و داواکارییەکەی بۆ پێدانی مافی پەنابەریی رەتدەکرێتەوە. ئەو وادەیەی دانراوە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان، شارەزایانی یاسایی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە و دەڵێن، کۆچبەران ناتوانن لە کاتی خۆیدا راوێژکاری یاسایی پەیدا بکەن بۆ ئەوەی فۆرمەکانیان بۆ پڕبکاتەوە.
یەکێک لە پرسیارەکانی سەر فۆرمەکە ئەمەیە: “ئەگەر لە بەرپرسانی وڵاتەکەت دەترسیت، ئەتوانیت بە ئیمەیڵ یان تەلەفۆن پەیوەندی بە ئەندامانی خێزانەکەتەوە بکەیت، بەبێ ئەوەی خۆشت و ئەوانیش بخەیتە مەترسییەوە، بۆ ئەوەی بەڵگەنامەکانت بۆ بنێرن؟” پرسیارێکی دیکە پەیوەستە بەوەی ئایا لە رێگە یان دوای گەیشتنت بە بەریتانیا روبەڕوی هیچ باندێکی بازرگانی بە مرۆڤ یان کۆیلایەتی مۆدێرن بوویتەوە.
“هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمیت پێیە کە بیسەلمێنێت خەڵکی ئەو وڵاتەی کە بانگەشەی بۆ دەکەیت؟
سەرەڕای ئەوەی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەدا ناکرێت، فۆرمەکە چەند پرسیارێکی تێدایە کە وردن و داوای بەڵگەنەمەی فەرمی لە کۆچبەران دەکەن. لە یەکێک لە پرسیارەکان لەوبارەیەوە، دەڵێت: “هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمیت پێیە کە بیسەلمێنێت خەڵکی ئەو وڵاتەی کە بانگەشەی بۆ دەکەیت؟ ئەگەر پێت نییە، بۆ؟ ئەگەر لە بەرپرسانی وڵاتەکەت ناترسیت، دەتوانیت داوای هەویە، پاسپۆرت یان مۆڵەتی شۆفێرییەکەت بکەیت بۆت بنێرن؟ کۆڵن یۆ، پارێزەر و نوسەری کۆچبەران، گوتی کۆچبەران ناتوانن لە ماوەی 20 رۆژدا راوێژکاری پسپۆر بگرن، بەهۆی ئەوەی داواکاری زۆر بۆ راوێژکارانی یاسایی دروست دەبێت بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە.
مەزەندە دەکرێت 150 هەزار دۆسیەى کۆچبەران لە بەریتانیا هەبن
گوتیشی: “20 رۆژ بەس نییە بۆ پڕکردنەوەی ئەو فۆڕمە، ئەمە کارێکی رەوا نییە.” مەزەندە دەکرێت 150 هەزار دۆسیەى کۆچبەران لە بەریتانیا هەبن، کە تاوەکو ئێستا یەکلایی نەکراونەتەوە. بە گوتەی بەرپرسانی بەریتانیا، 90%ی ئەو کەسانەی داواکاری بۆ پێدانی مافی پەنابەریی پێشکەش دەکەن، داواکانیان قبوڵ دەکرێت. سوێلا براڤەرمان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ژمارەیەیەکی زۆر کۆچبەر روویان لە وڵاتەکەیان کردووە و ئەوان ناچارن شوێنی حەوانەوەیەن بۆ دابینبکەن، کە ئێستا هۆتێلەکانیش پڕبوون. بەڵام حکومەت لە هەوڵی ئەوەدایە جێگرەوەیەک بۆ ئەو دۆخە بدۆزێتەوە، وەک دابینکردنی شوێنی مانەوە لە پارکە بەتاڵەکان، هۆڵی خوێندکاران یان لە بنکە سەربازییەکان. ئەم هەوڵە لەکاتێکدایە هێشتا ترسی ناردنى کۆچبەران بۆ رواندا لەنێو کۆچبەراندا هەیە.
لە نیسانی 2022دا ئەوکاتەى بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیران بوو، حکومەتی بەریتانیا گرێبەستێکی بە بەهای 120 ملیۆن پاوەند لەگەڵ رواندا گرێبەستێکى واژۆکرد، بۆ ناردنی کۆچبەرە نایاساییەکان، تاوەکو ئەو کاتەی وەڵامی داواکاریەکەیان بۆ پەنابەری وەردەگرنەوە، کۆتایی ساڵى رابردووش دادگاى بەریتانیا ناردنى کۆچبەرانى بۆ رواندا بە یاسایی لە قەڵەمدا.