سەرۆکوەزیرانى سوید رایگەیاند، دانوستانەکانی وڵاتەکەی و فینلەندا لەگەڵ تورکیا بۆ ئەندامێتیان لە رێکخراوی ناتۆ، لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو دەستپێدەکەنەوە.
ئولف کریستیرسۆن، سەرۆکوەزیرانى سوید لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “ئێس ڤی تی” سویدی، ئاماژەی بەوەکرد، دانوستانەکانیان لەگەڵ تورکیا، لە مانگی ئازار دەستپێدەکەنەوە و گوتی، “کاتی دەستپێکردنی دانوستانەکان دیاری کراوە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت بە فەرمی پەسەند بکرێت”.
قسەکانی کریستیرسۆن لە کاتێکدایە، کە سەرەتای ئەم هەفتەیە، مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی هاوبەشدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە سەردانی تورکیای کردبوو، ئاماژەی بەوەدا کە دەست بە دانوستانەکانیان لەگەڵ سوید و فینلەندا دەکەنەوە، لەبارەی ئەندامێتی ئەو دوو وڵاتە لە رێخکراوی ناتۆدا.
سوید و فینلەندا، دوای جەنگى روسیا – ئوکراین، سیاسەتی بێلایەنی دەیان ساڵەی خۆیان گۆڕی و داوایان لە ناتۆ کرد، ئەندامێتیان لە رێکخراوەکەدا پەسەند بکات.
بەڵام دواتر تورکیا کە لە رووی زۆری سەربازەوە، دووەم هێزی ناتۆیە، مافی ڤیتۆی لە دژی سوید و فینلەندا بەکارهێنا و لە بەرامبەر رازیبوونیدا، دوای کرد بە هەموو شێوەیەک رێگری لە کار و چالاکییەکانی پارت و رێکخراوەکانی دژی تورکیا وەکو “پەکەکە، فەتحوڵلاچیەکان و چەند پارتێکی چەپی تورکیا’ بکرێت و ژمارەیەک کەسایەتیش رادەست بکرێنەوە.
دانوستانەکانی نێوان ئەو وڵاتانە بەردەوام بوو، تاوەکو دوو رووداو تورکیای توڕەکرد و بەرپرسانی ئەنقەرە دانوستانەکانیان لەگەڵ فینلەندا و سوید راگرت.
یەکێک لە رووداوەکان ئەوەبوو کە “راسموس پالودان” سیاسەتمەداری راستڕەوی دانیمارکی، لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم نوسخەیەک لە قورئانى سوتاند. لە رووداوێکى دیکەشدا لە خۆپیشاندانێکی کوردان لە سوید، بوکەڵەیەکى هاوشێوەی ئەردۆغان بە قاچا هەڵواسرابوو.