کارین گرین، ساڵى 2007 مۆبایلێکى ئایفۆن بەدەستدەهێنێت، بەڵام بە پێچەوانەى زۆرینەى خەڵکەوە، ئەو هەرگیز مۆبایلەکە لە پاکەتەکەى هەڵناپچڕێت.
بەڵام رۆژى یەکشەممە، لە زیادکرنێکدا مۆبایلەکەى کە لە نەوەى یەکەمى ئایفۆنە، بە 63 هەزار و 356 دۆلار دەفرۆشێت (6 دەفتەر و 356 دۆلار) پاشئەوەى کە لە سەرەتادا پێشبینى دەکرا نرخەکەى بگاتە نزیکەى 50 هەزار دۆلار (5 دەفتەر).
ئایفۆنەکە بە زیاتر لە 100 هێندەی نرخی راستەقینەی خۆی فرۆشراوە
نرخی مۆبایلە هەشت گێگابایتەکە، لەکاتی خستنەروودا 599 دۆلار بووە، گەیشتنی بەم نرخەی ئێستا واتە بە زیاتر لە 100 هێندەی نرخی راستەقینەی خۆی فرۆشراوە.
ئەگەر مۆبایلێکى کۆنى ئایفۆنت هەیە، پێشبینى دەکەیت قازانجێکى هاوشێوە بکەیت؟ هیواى زۆر لەسەر هەڵمەچنە، چونکە ئەگەر هێشتا لەنێو پاکەتەکەیدا نەبێت، پارەیەکى زۆر ناکات.
مارک مۆنتێرۆ، کە لە بەشى خستنەڕووى کۆمپانیاى LCG کار دەکات، بە بی بى سى گوتووە: “دۆزینەوەى مۆبایلێکى رەسەنى ئایفۆن لە نەوەى یەکەمى ساڵى 2007، پاراستنى بە تەواوەتى و مانەوەى لەنێو پاکەتەکەى خۆیدا، بە راستى کارێکى سەرسوڕهێنەرە”.
زیادکردنەکە لە 2ـى شوبات کرایەوە و یەکشەممەى رابردوو داخرا، پاشئەوەى 27 داواکارى بۆ کڕینى مۆبایلەکە پێشکەشکرا، یەکەم داواکارى لە دوو هەزار و 500 دۆلارەوە دەستیپێکرد.
کارین لە ساڵی 2007 مۆبایلەکەی وەک دیاری لە هاوڕێیەکی وەرگرتووە
کارین گرین ساڵى 2019 لە چاوپێکەوتنێکدا گوتى، کاتێک لە ساڵى 2007 کارێکى نوێى دەستکەوتووە، هاوڕێکەى ئەو مۆبایلەى بە دیارى پێبەخشیوە، بەڵام ئەو پێشتر مۆبایلێکى دیکەى کڕیبوو، بۆیە بەبێ ئەوەى مۆبایلەکە هەڵبپچڕێت، هەڵیگرتووە و پارێزگارى لە دیارییەکە کردووە.
کارین پێیوابوو ئەم مۆبایلە نوێیە هەرگیز کۆن نابێت، بەڵام لە چانسە باشەکەی ئەو، کۆمپانیای ئەپڵ دواتر چەندین ڤێرژنى نوێی ئایفۆنی خستە بازاڕەوە، ئامێرەکەی کارین هەموو ئەو تایبەتمەندیانەی هەیە کە عاشقانی کۆکردنەوەی مۆدێلە کۆنەکانی مۆبایل بەدوایدا دەگەڕێن، کە بە گوتەی مۆنتێرۆ ئامێرەکە “گونجاو، دەگمەنە و توانای گۆڕینی هەیە”.
مارک مۆنتێرۆ:
بەهای ئامێر لەوەدایە کە پاکەتەکەی نەکرابێتەوە و لە نەوەی یەکەم بێت و لە دۆخێکی باشدا بێت
مۆنتێرۆ دەشڵێت، بەهای ئامێر لەوەدایە کە پاکەتەکەی نەکرابێتەوە و لە نەوەی یەکەم بێت و لە دۆخێکی باشدا بێت، چیرۆکەکەی کارینیش باشترین نموونەیە لەسەر ئەو قسەیە.
عاشقانى ئەپڵ بەوە ناسراون کە پارەی زۆر دەدەن بە بەرهەمە رەسەنەکان (ئۆرجیناڵ)، هەر وەکو لە ساڵی رابردوودا کۆمپیوتەرێکی بەرهەمی ئەپڵ لە نەوەی یەکەم کە لە حەفتاکان بەرهەمهاتبوو، بە 677 هەزار دۆلار واتە (67 دەفتەر و 70 وەرەقە) فرۆشرا.
هاوشێوەی مۆبایلەکەی کارین، پێشتر ئایفۆنی نەوەی یەکەمی دیکە فرۆشراوە، یەکێکیان لە مانگى ئابى رابردوو بوو بە 35 هەزار و 414 دۆلار، ئەوەى دیکەشیان لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو بوو بە 39 هەزار و 339 دۆلار فرۆشرا.
کارین گرین رایگەیاندووە، کە بەنیازبووە مۆبایلەکەی بۆماوەیەکی زیاتر بپارێزێت بۆ ئەوەی داهاتێکی زیاتری دەستبکەوێت، بەڵام بەوپێیەى پێویستی بە پارە بووە بۆ بەرێوەبردنی کارەکانی لە نیوجێرسى، بۆیە بڕیاریداوە مۆبایلەکەى بفرۆشێت.