ماڵپەڕی بلۆمبێرگی ئەمریکی دەڵێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا سورە لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى و پەرلەمان لە کاتی دیاریکراودا، کە 14ی ئایارى ئەمساڵە.
لەدواى بومەلەرزەکانى 6ـی شوبات، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانى تورکیا ترسی خۆیان لە دواخستنى هەڵبژاردنەکان نەشاردووەتەوە. سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکى پێشوى پارتى دیموکراتى گەلان (هەدەپە) چەندجارێک دواخستنى هەڵبژاردنەکانى بە کودەتا ناویهێناوە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى ماڵپەڕی بلۆمبێرگ کە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، دەڵێت، هەفتەی رابردوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار، کە سەرۆکی گشتی پارتی داد و گەشەپێدانیشە، لەبارەی بڕیاری دواخستن یان دوانەخستنی هەڵبژاردنەکان لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی پارتەکەیدا کۆبووەتەوە و گوتویەتى “جارێ گۆڕانکارى لە وادەى هەڵبژاردن ناکرێت”. ئەردۆغان پێشتر 14ى ئایار بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکان دیاریکرد.
Turkish President Erdogan plans to step up rebuilding efforts following deadly earthquakes and stick to his preferred election date as he seeks to shore up popularity ahead of a potential hit to the economy https://t.co/ZooS1dGDbX
— Bloomberg (@business) February 22, 2023
بلۆمبێرگ دەڵێت، سەرچاوەکانی ئاماژەیان بەوە کردووە دواخستنی هەڵبژاردن کات دەدات بە حکومەت بۆ ئەوەی قەیرانەکان چارەسەر بکات و دەستی ئەردۆغان لە هەڵبژاردندا بەهێز بکات، بەڵام ئەردۆغان بە نیشانەی هێزی دەزانێت کە بە خێرایی هەوڵەکانی بنیاتنانەوە دەستپێبکات و پابەند بێت بە وادەی هەڵبژاردن. ئەردۆغان نایەوێت ئەو وێنەیە پیشان بدات کە خۆی لە هەڵبژاردن “دەدزێتەوە”.
بلۆمبێرگ ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم هەڵبژاردنە یەکێک لە “سەخترین” هەڵبژاردنەکان دەبێت لە مێژووی دامەزراندنی ئاکەپەدا و پێدەچێت، دوای بومەلەرزەکە کاردانەوەکان لە بەرامبەر ئەردۆغان، بەهۆی چالاکیەکانی گەڕان و فریاگوزی بۆ زیانلێکەوتووان زیاتر ببێت.
ئاکەپە دەستی بە گۆڕینی کەمپەینی هەڵبژاردن کردووە
رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمى تورکى لە ژمارەی ئەمڕۆیدا لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئاکەپەوە کە ناوی ئاشکرا نەکردووە، بڵاویکردەوە، بومەلەرزەکانى 6ـی شوبات، هەموو کایەکانی سیاسەتی لە تورکیا گۆڕیوە و ئیدی بۆ ماوەیەکی زۆر دوای هەڵبژاردنیش پرسی سەرەکی تورکیا بومەلەرزەکە و قوربانیانی بومەلەرزە دەبێت، بۆیە ئاکەپە سەرتاپای کەمپەینی هەڵبژاردنی گۆڕیوە.
دوێنێش دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) کە بە هاوبەشە “بچوکەکە”ـی دەسەڵات ناسراوە، رایگەیاندبوو، پێویستە بزانرێت ئەوان نە لە سندوقەکانی دەنگدان هەڵدێن و نە گورز لە دیموکراسی دەدەن.
لەلایەکی دیکەوە کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری رایگەیاند، “پێویستە دەوڵەت، ناوەندەکانی دادوەری و دەستور باش بزانن هەڵبژاردن بە هیچ شێوەیەک دواناخرێت. لەبەرئەوەی لە دەستوردا هاتووە تەنیا لە کاتی جەنگدا دەتوانرێت هەڵبژاردن دوابخرێت.
هەر دوێنێش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (T24)ـی تورکیا دەمیرتاش، کە شەش ساڵ و نیوە لە زینداندایە ئاماژەی بە هەوڵەکانی پیشتوی ئاکەپە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان کرد و گوتی، “ناتوانن هەڵبژاردنەکان دوابخەن. دواخستنی هەڵبژاردنەکان بە واتای کودەتا دێت. کودەتاچیەکان هەرچیەک بکەن، گەلیش وەک ئەوان بەرپەرچى دەداتەوە، هاوشێوەی کودەتاکەی 15ی تەمموز.
https://zoomnews.info/%d8%af%db%95%d9%85%db%8c%d8%b1%d8%aa%d8%a7%d8%b4-%d8%af%d8%a7%d9%88%d8%a7-%d9%84%db%95-%d8%a6%db%86%d9%be%db%86%d8%b2%d8%b3%db%8c%db%86%d9%86-%d8%af%db%95%da%a9%d8%a7%d8%aa%db%95%d9%88%db%95-%db%8c/
ئەو گوتى، مافی رەوای گەلە بەرگری لە خۆی بکات. پێویستە هەموو کەسێک مێشکی خۆی کۆبکاتەوە، نابێت کەس بیر لە کودەتا بکاتەوە. پارتە سیاسیەکان هەڵبژاردن ئەنجام نادەن، بەڵکو ئەوە گەلە هەڵبژاردن ئەنجام دەدات. بە واتایەکی دیکە هەڵبژاردن مافی گەلە، مافی سیاسەتمەداران نییە. کەس ناتوانێت مافی گەل پێشێل بکات و ئامادەکاری کودەتا بکات.
هەفتەی رابردوو بولەند ئارنچ، سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی تورکیا و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئاکەپە بە تویتێک پارتەکانى ئۆپۆزسیۆنى راچڵەکاند، کاتێک داوای کرد هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکە بۆ ساڵێک دوابخرێن.
ئارنچ گوتی “لە کاتێکدا هاوڵاتیانمان لە دۆخی کارەساتدان، ناکرێت هەڵبژاردن لە مانگی ئایار یان حوزەیراندا ئەنجام بدرێت”.
ئەو پێشنیازی کرد، هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی، هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی شارەوانیەکان لە ساڵی 2024دا ئەنجام بدرێن و ئەمەش کاردانەوەی توندی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.