زووم، ئاژانسەکان:
حکومەتى پەکین دۆکیومێنتێکی لە لوتکەی ساڵانەی لانتینگدا راگەیاند، کە بە دەستپێشخەریی ئاسایشی جیهانی ناسراوە. ئەم هەنگاوە لەلایەن دیبلۆماتکار و شارەزایانەوە، بە رێگایەکی “گرنگ” وەسف دەکرێت، بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی جیهانیی لە رێگەی هەماهەنگیی نێوان وڵاتان.
لوتکەی لانتینگ ساڵانە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی چین بەڕێوەدەبرێت، ئامانج لێی بیروڕاگۆڕینەوەیە لەنێوان حکومەتی ئەو وڵاتە لەگەڵ هەریەک لە دامەزراوە بازرگانیی، ئەکادیمیی و میدیاییەکان و خەڵکی ئاسایی. لوتکەکەش بەلانتینگ ناودەبرێت، کە بەمانای هۆڵی شین دێت، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو هۆڵەی کە لوتکەکەی تێدا بەڕێوەدەچێت.
پرۆژەی “دەستپێشخەری ئاسایشی جیهانی”، ساڵی رابردوو لەلایەن شی جینپینگ، سەرۆکی چینەوە پێشنیازکرا
شی جینپینگ، سەرۆکی چین
پرۆژەی ئاشتیی چین بە “دەستپێشخەری ئاسایشی جیهانی” ناسراوە، ساڵی رابردوو لەلایەن شی جینپینگ، سەرۆکی چینەوە پێشنیازکرا. زیاتر لە 80 وڵات و رێکخراوی ناوچەیی پاڵپشتیی خۆیان بۆ پرۆژەکە دەربڕیوە. وانگ وێنبین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، رۆژی سێشەممە لەکاتی خستنەڕوی پرۆژەکە، داوای لە وڵاتانی جیهان کرد هەموویان پابەندبن بەوەی خەونی ئاسایشێکی جیهانیی هاوبەش، گشتگیر، هاریکار و جێگیر بەدیبهێنن.
داواشیکرد، ئاسایشی هەر وڵاتێکی دونیا بەهەند وەربگیرێت و پشتگوێ نەخرێت. لە لوتکەکەدا باڵیۆز و دیبلۆماتکاری 137 وڵات بەشداربوون. بەشێک لەو دیبلۆماتکارانە بە رۆژنامەی گلۆباڵ تایمزی چینییان راگەیاندووە، پێشوازی لەو دەستپێشخەرییەی چین دەکەن بۆ ئەوەی لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەری ناکۆکییەکان بکەن، نەک لە رێگەی ململانێ و هەژموونکردن بەسەر یەکدیەوە.
وەزیری دەرەوەی چین رایگەیاند، ئاسایشی جیهان نابێت لەلایەن چەند وڵاتێکەوە قۆرخ بکرێت
کین گانگ، وەزیری دەرەوەی چین رایگەیاند، ئاسایشی جیهان نابێت لەلایەن چەند وڵاتێکەوە قۆرخ بکرێت، چونکە مافێکی شەرعی هەموو وڵاتانە. لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی هێرشەکانى روسیا بۆسەر ئۆکراین، وەزیری دەرەوەی چین رایگەیاند، وڵاتەکەی زۆر نیگەرانە لەبارەی بەردەوامی شەڕەکە و ئەگەری ئەوە هەیە جەنگەکە لەدەستدەربچێت. سەرەڕای دەربڕینی ئامادەیی بۆ پێشنیازکرنی بیرۆکەکانی خۆی بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە، چین داوای لە وڵاتانی پەیوەندیدار کرد [کە بە ناڕاستەوخۆ مەبەستی ئەمریکا بوو] خۆیان بەدوربگرن لە خۆشکردنی شەڕەکە. داواشی کرد چیدیکە سەرزەنشتی چین نەکرێت و نەگوترێت دوای هێرشی روسیا بۆسەر ئۆکراین سەرەی هێرشی چینە بۆسەر تایوان.
پرۆژەکەی چین 20 بوار و شەش پلاتفۆرمی هەماهەنگیی لە خۆدەگرێت
پرۆژەکەی چین 20 بوار و شەش پلاتفۆرمی هەماهەنگیی لە خۆدەگرێت، کە هەنگاوی کردارییان تێدایە بۆ ئەوەی ئاسایشی جیهانی بەرقەرار بکرێت. لە بەشێکی پرۆژەکەدا هاتووە دەبێت وڵاتانی زلهێز هەماهەنگ بن و پێکەوە بەردەوامیی بە گفتوگۆکانیان بدەن. یەکێکیش لە رێوشوێنەکان ئەوەیە لەچوارچێوەی نوێی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پرۆژەکەی چین پاڵپشتی لە کۆمەڵەی دەوڵەتە عەرەبییەکان بکات لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی تیرۆر و ئاسایشی سنورە ئاوییەکانەوە. جگە لەمەش، پاڵپشتیی لە هەوڵەکانی وڵاتە ئەفریقییەکانیش دەکات بۆ گەیشتن بە پرسی ئاشتەوایی لەنێوانیاندا.