حکومەتى عێراق سێ گرێبەستى لەگەڵ کۆمپانیای “کرێسێنت پترۆلیۆم” کە بارەگاکەی لە ئیماراتە واژۆکرد بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانى گازی سروشتی لە دیالە و بەسرە. ئەمە بەگوێرەى هەواڵێکى رۆیتەرز کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە.
کۆمپانیا ئیماراتییەکە و دوو سەرچاوەی دیکەى حکومەتى عێراق لەبارەى گرێبەستەکەوە قسەیان بۆ رۆیتەرز کردووە، کرێسێنت پترۆلیۆم ئاماژەى بەوەداوە سەرەتا لە دوو کێڵگەی پارێزگای دیالە دەست بە کارەکانیان دەکەن کە توانای بەرهەمهێنانی بڕی 250 ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتییان دەبێت لە رۆژێکدا.
کۆمپانیاکە باسى لەوەشکردووە، پلانمان هەیە سێیەم کێڵگە لە پارێزگای بەسرە پەرەپێبدەن بۆ زیاتر بەرهەمهێنانی نەوت و گازی سروشتی لە عێراق.
عێراق دەچێتە نێو بازاڕى گازى نێودەوڵەتییەوە و نابێت چیدیکە سوتانى گاز و بەهەدەردانى ئەم سامانە سروشتییە بەردەوام بێت
هەر ئەمڕۆ لە بەغداد، رێوڕەسمى واژۆکردنى گرێبەستەکانی گەڕی پێنجەمی مۆڵەتەکانی کارکردنی تایبەت بە کێڵگە گاز و نەوتییەکان بەڕێوەچوو. تیایدا محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق، گوتەیەکى پێشکەشکرد و رایگەیاند، عێراق دەچێتە نێو بازاڕى گازى نێودەوڵەتییەوە و نابێت چیدیکە سوتانى گاز و بەهەدەردانى ئەم سامانە سروشتییە بەردەوام بێت.
سودانى راشیگەیاند، “هۆکارى سەرەکى قەیرانى کارەبا لە عێراق نەبوونى سوتەمەنییە، بەڵام لە سێ ساڵى داهاتوودا بەشى پێداویستییەکانى ناوخۆ گازى سروشتییمان دەبێت”.
بەگوێرەى داتاکانى بانکى نێودەوڵەتى، لە پاش روسیا، عێراق لە پلەى دووەمدایە بۆ سوتاندن و بەفیڕۆچوونى گازى کێڵگە نەوتییەکان، کە ساڵانە دەگاتە 18 ملیار مەتر چوارگۆشە و بەهۆیەوە نزیکەى شەش ملیار دۆلار زیانى بەردەکەوێت.
بەفیڕۆچوونى ئەو گازە سروشتییە لەکاتێکدایە، عێراق بۆ پڕکردنەوەى پێداویستییەکانى ناوخۆ پێویستییەکى زۆرى بە گاز هەیە و ئێستا ناچارە لە دەرەوەى وڵات بە تایبەت لە ئێرانەوە هاوردەى بکات.
بە گوتەى ئەمجەد عەقابى، ئەندامى پێشووى لیژنەى نەوت و گاز لە پەرلەمانى عێراق، بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، عێراق ساڵانە بە بڕی دوو ملیار دۆلار گازی سروشتی لە ئێرانەوە هاوردە دەکات.
لە 10ـى ئەم مانگەدا شاندێکى عێراق بە سەرۆکاتى فوئاد حسێن، جێگرى سەرۆکوەزیران بۆ کاروبارى ئابورى گەیشتە واشنتن و لەگەڵ بەرپرسانى ئەمریکا گفتوگۆیان لەسەر وەبەرهێنان لە گازى بەفیڕۆچووى کێڵگە نەوتییەکان کرد.
بەرپرسانى عێراق دەڵێن ئەمریکا پشتیوانى لەوەکردووە عێراق وەبەرهێنان لە گازى بەفیڕۆچووى کێڵگە نەوتییەکانى خۆیدا بکات و بیکاتە سەرچاوەى دابینکردنى وزە بۆ وێستگەکانى کارەبا، ئەوەش وەکو بەدیلێک بۆ ئەو گازەى کە تائێستا ناچار بووە لە ئێرانەوە هاوردەى بکات.