زووم، T24
سەلاحەدین دەمیرتاش دەڵێت، سیاسەتی جەمسەرگیری حکومەت کە بە ئەنقەست و سیستماتیک بەڕێوەدەبات، نەیتوانیوە کاریگەری هەمیشەیی لەسەر گەل دروست بکات. لە کاتێکدا سیاسەتمەداران لە چیرۆکەکانیشدا لە تەنیشت یەکدی ناتوانن دانیشن، بەڵام گەل بۆ هاوکاریکردن بێ ئەوەی گوێ لە پارتەکان، ناسنامەکان، باوەڕیەکان بدەن، دەستیان لەنێودەستکرد. ئەم راستیە، وانەیەکی گەورە دەبێت بۆ سیاسەتمەداران.
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ موراد سابونجو رۆژنامەنووسی کەناڵی (T24)، وڵامی چەندین پرسی گرنگی، وەک هاوکاری و پاڵپشتی خەڵکی تورکیا بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزە، پرسی هەڵبژاردن و ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەکان و ئاییندەی تورکیا دوای بومەلەرزە دایەوە، ئەمەى خوارەوە دەقى چاوپێکەوتنەکەیە:
من وەک رۆژنامەنووسێک کە لە هەموو ئەو پارێزگایانەی بەهۆی بومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە، بینیم هەموو ناوەندە فەرمیەکانی حکومەت ئیفلاسیان کردووە، لە هەموو شێنێکی نیشتیمان، بێ جیاوازی ناسنامە و ئایدۆلۆژی هاوکاری دەکەن، شایەدی ئەوەم هەوڵی سارێژکردنی برینەکان دەدەن. ئەم هەستە هاودەنگیە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
بەداخەوە ئێمەش ئەم کارەساتەمان لە کەناڵەکانی راگەیاندندا بینی. سەرلەبەیانی شەشی شوبات، داواکاریەکم بۆ دادگا نارد و داوام کرد، ئەگەر بە کاتیش بێت، ئازادم بکەن. شەش ساڵ و نیوە لێرەم، بەڵام داوام نەکردووە ئازاد بکرێم، دەزانم ویژدانیان نەماوە. هەزاران زیندانی ناچاربوون، بە دڵەڕاوکێیەکی زۆرەوە، لەنێو نائومێدیدا سەیری ئازارەکانی کارەساتەکە بکەن.
بەڵام هەر لە یەکەم رۆژەوە ئەوەی ئاسودەی کردین، ئەو هاودەنگیە بوو کە پیشاندرا، رۆژ بە رۆژ هاودەنگیەکە گەورەتر بوو. بەهۆی ئەوەی دەوڵەت و حکومەت نەیانتوانی لەبەرامبەر گەورەیی بومەلەرزەکە هیچ کاتێک بکەن، هەموو کەسێکی خستە جووڵە. ئەم هاودەنگیە بە هەزاران کەسی رزگار کرد و گرنگترین شتیش ئەمەیە.
ئەم هاودەنگیە شتێکی دیکەشی خستەبەرچاو، سیاسەتی جەمسەرگیری حکومەت کە بە ئەنقەست و سیستماتیک بەڕێوەدەبات، نەیتوانیوە کاریگەری هەمیشەیی لەسەر گەل دروست بکات. لە کاتێکدا کە سیاسەتمەداران لە چیرۆکەکانیشدا لە تەنیشت یەکدی ناتوانن دانیشن، بەڵام گەل، بۆ هاوکاریکردن بێ ئەوەی گوێ لە پارتەکان، ناسنامەکان، باوەڕیەکان بدەن، دەستیان لەنێودەستکرد. ئەم راستیە وانەیەکی گەورە دەبێت بۆ سیاسەتمەداران. جگە لە هەندێک کەس کە تاوەکو مردن بەشێوەیەکی “نائەخلاقى” بەرگری لە دەسەڵات دەکەن، 85 ملیۆن کەس رۆحی یەکێتیان خوڵقاند. ئەمەش نیشانەیە کە لەم کۆمەڵگایەدا هێشتا جەوهەرێکی بەهێز هەیە کە نەمردووە. بۆچی داهاتووی خۆمان لەسەر ئەم جەوهەرە بنیات نەنێین؟ بۆچی هاودەنگی کۆمەڵایەتی نەگۆڕین بۆ هاودەنگی سیاسی و پێکەوە ئایندەیەکی نوێ بنیات نەنێین؟
ئایا کۆمەڵگا دەتوانێت ئەو چیرۆکە هاوبەشە دروست بکات کە ماوەیەکی زۆرە دەگێڕدرێتەوە و بە هاوکاری سیاسەت جێبەجێ بکات؟
بێگۆمان، ئامانجم لەو قسانەی کە کەمێک لە ئێستا کردم، ئەمەیە. ئەم چیرۆکەی کە باسی دەکەین، سیاسەتمەداران دروستیان نەکرد، بەڵکو ئەو خەڵکە دروستیکرد کە لەنێو ئێش و ئازاردایە. ئیدی سیاسەتمەداران ئەرک و بەرپرسیاریان لەسەرە کە ئەم رۆحی هاودەنگیە لە گۆڕەپانی سیاسەتدا جێبەجێ بکەن. بەپێچەوانەوە لە ماوەیەکی کەمدا، گوتارە جیاکاریەکانی دەسەڵات دەستپێدەکەنەوە و ئەمەش گۆڕەپانی سیاسەت دابەش دەکەنەوە. بۆیەش بەزوترین کات پێویستە ئۆپۆزسیۆن کۆبێتەوە و پرۆگرامێکی هاوبەش ئامادە بکات و لە دەوری کۆبێتەوە.
بۆ ئەوەی ئەم رۆحی هاودەنگیە بێمێنێتەوە دەبێت چی بکرێت؟
هاودەنگی لە پراکتیکدا، واتە لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان، پێویستە لە هەموو جێگەیەکی تورکیا بەردەوامی پێبدرێت. هەموو هەوڵێک کە زیان بە رۆحی هاودەنگی دەگەیەنێت، هەر قسەیەکی خراپەکانی لەلایەن هەر کەسێکەوە بکرێت، دەبێت بەشێوەیەکی توند رەخنەی لێبگیرێت. پێویستە هاودەنگی کۆمەڵایەتی بۆ هاودەنگی سیاسی بگۆڕدرێت و هەمیشەیی بکرێت.
ئەگەر ئەم کارەساتە روینەدابایە، هاوپەیمانی رەنج و ئازادی کە هەدەپەش بەشێکە لە هاوپێمانێتیەکە، کاندیدی خۆی ئاشکرا دەکرد. دواتر هاوپەیمانی گەل کاندیدەکەی ئاشکرا دەکرد. دوای ئەم کارەساتە گەورەیە، ئایا پێویستی بەوە نییە، ئۆپۆزسیۆن پێکەوە کاندیدێکی هاوبەش دیاری بکەن؟
هەموو لایەنەکان و کادیرەکانی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لە کاتژمێری سەرەتای بومەلەرزەکەدا، چوونەتە ناوچەکە و کار دەکەن. تاوەکو ئێستا دوای بومەلەرزەکە کۆنەبوونەتەوە و هەڵسەنگاندیان بۆ دۆخەکە نەکردووە. لەم باوەڕەدام، لەم رۆژانەدا کۆدەبنەوە و دۆخەکە تاوتوێ دەکەن. بە بۆچوونی من لەم دۆخەدا پێویستە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن پێکەوە کۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی هەڵوێستێکی هاوبەش بکەن.
ئەردۆغان و دەوروبەرەکەی بە بەردەوامی باسی ئەوە دەکەن کە تێبینیەکان لە دەفتەرەکەیاندا دەنوسنەوە! ئایا ئەم هەوڵی ترساندنە سەردەکەوێت؟
نەخێر! مرۆڤەکان دیوارەکانی ترسیان روخاندووە. لەمە مردنی زیاتر هەیە! بە دەیان هەزار کەس مردن. لە راستیدا، پێویستە دەسەڵات بترسێت. ئەگەر خوێندنەوە بۆ توڕەیی گەل بکەن، دەترسن. تاوەکو ئێستاش وادەزانن تورکیا، تورکیای پێنجی شوباتی (رۆژێک بەر لە بومەلەرزەکە). لە بومەلەرزەکەدا بە تەنیا هاوڵاتیەکانمان گیانیان لەدەستد نەدا، تەنیا خانووەکان نەڕووخان، هەموو سیاسەتی دەسەڵاتیش لە دۆخێکی بێچارەسەریدا مانەوە. ئەوانەی لەم دۆخە تێنەگەیشتوون، دەفتەرێکیان گرتووەتە دەستیان، بەڵام ئاگایان لەوە نییە کە گەل دەمێکە دەفتەری تێبینیەکانی نووسیوەتەوە.
بەگوێرەی دەستووری بنەڕەتی تەنیا لە حاڵەتی شەڕدا دەتواندرێت هەڵبژاردنەکان دوابخرێن. بەڵام ئەزموونەکانمان پیشانمان دەدات کە دەسەڵات، حساب بۆ یاسا و دەستوور ناکات. بە رای ئێوە ئەم رێگەیە تاقی دەکەنەوە؟ ئەگەر دەسەڵات ئەم کارە بکات، پێویستە چی بکرێت؟
ناتوانن هەڵبژاردنەکان دوابخەن. دواخستنی هەڵبژاردنەکان بە واتای کودەتا دێت. کودەتاچیەکان هەرچیەک بکەن، گەلیش وەک ئەوان بەرپەرچ دەداتەوە، هاوشێوەی کودەتاکەی 15ی تەمموز، مافی رەوای گەلەکە کە بەرگری لە خۆی بکات. پێویستە هەموو کەسێک مێشکی خۆی کۆبکاتەوە، نابێت کەس بیر لە کودەتا نەکاتەوە. پارتە سیاسیەکان هەڵبژاردن ئەنجام نادەن، بەڵکو ئەوە گەلە هەڵبژاردن ئەنجام دەدات. بە واتایەکی دیکە هەڵبژاردن مافی گەلە، مافی سیاسەتمەداران نییە. کەس ناتوانێت مافی گەل پێشێل بکات و ئامادەکاری کودەتا بکات.
پێتان وایە ئەو هاودەنگیە کۆمەڵایەتیە، پێکەوەبوون و پشتگیریەی کە دوای ئەم ئازارە گەورەیە سەریهەڵدا، چ کاریگەریەک لەسەر ئاییندەی تورکیا دروستدەکات؟
بە داخەوە داهاتووی تورکیا، یەکسانی و دیموکراسی کۆمەڵگای تورکیا لەنێو ئەم ئازارەوە سەری هەڵدا. بۆ ئەوەی دڵسۆزی خۆمان بۆ یادەوەری ئەو کەسانەی لە بومەلەرزەکەدا لەدەستمان داوە پیشان بدەین، نابێت کەس سەرقاڵی سیاسەتی جیاکاری، پەراوێزخستن و پۆلێنکردن بێت. هەڵەیە دەنگدەری ئاکەپە – مەهەپە و دەنگدەری ئۆپۆزسیۆن لەیەکدی جیابکرێتەوە.
سیاسەتکردن ئیدی پێویستە لەسەر بناغەی پرۆژەی چارەسەری بێت، نابێت سیاسەتکردن لەسەر ناسنامە و باوەڕیەکان بەڕێوەببرێت. نابێت کەس وشەی “تیرۆریست، خائین و دوژمن” لەدژی یەکدی بەکار بهێنێت. ئەوانەی ئەم سیاسەتە بەڕێوەدەبەن، سیاسەتمەدار نین، بازرگانی خوێنرشتنن.
لە کۆتایی سەرەخۆشی لە هەموو کەسێک، لە هەموو تورکیا دەکەم، دواکارم رەحمەتی خوا لەو کەسانە بێت کە گیانیان لەدەستداوە و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم. رۆژ، رۆژی پێکەوە سەرلەنەوێ بنیاتنانەوەی تورکیایە. رۆژ، رۆژی هەنگاونان بەرەو سەدساڵەی کۆماری تورکیایە بە بەهێزکردنی دیموکراسی و وانەوەگرتن لە ئازارەکان. هەموو کاتێک گوتوومە و دەیڵێمەوە؛ تورکیا موڵکی هەموومانە، کۆماری تورکیا کۆماری هەموومانە. دەست لەنێو دەست بکەین و لەژێر ئەم ئازارەوە بێینە دەرەوە، شینمان یەکە و داهاتووشمان یەک بێت!