زووم، ئاژانسەکان
کین گانگ، وەزیری دەرەوەی چین رایگەیاند، پەکین “زۆر نیگەرانە” لە جەنگی یەک ساڵە لە ئۆکراین، کە پێدەچێت “توندتر بێت و تەنانەت لە کۆنترۆڵیش دەربچێت.”
ئەم گوتانەی کین لەکاتێکدایە، شوباتی ساڵی رابردوو، پەکین پێش دەستپێکردنی لەشکرکێشیی روسیا بۆ سەر ئۆکراین رایگەیاند، لەگەڵ مۆسکۆدا هاوبەشییەکی بێسنوور لە پەیوەندییەکانی نێوانیاندا هەیە و بەهیچ شێوەیەک وشەی “داگیرکاریی” بۆ هێرشەکەی روسیا بەکارنەهێنا. تەنانەت ئیدانەی هێرشەکەشی نەکرد.
ئەمریکا بێسنوور هاوکارى چین دەکات نەک ئێمە
کین گانگ، وەزیری دەرەوەی چین
لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا بەردەوام هۆشداری داوە لەوەی ئەگەر چین پشتیوانی سەربازیی لە روسیا بکات، لێکەوتەی نەرێنی دەبێت. حکومەتى پەکین ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ پشتیوانییەک بۆ روسیا نانێرێت.
وەزیری دەرەوەی چین رایگەیاند “ئەوە ئەمریکایە، نەک چین، کە بێ سنوور چەک بۆ بەرەکانی شەڕ دەنێرێت.”
ئەو گوتى “داوا لە ئەمریکا دەکەین بەجدی بیر لە کارەکانی خۆی بکاتەوە و هەوڵبدات دۆخەکە هێور بکاتەوە، ئاستی گفتوگۆکان بەرەوپێش ببات بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و واز لە تاوانبارکردن و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست بهێنێت.”
جەختیشی لەوە کردەوە چین لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاردەکات بۆ بەرەوپێشبردنی گفتوگۆکان و چارەسەرکردنی نیگەرانییەکان و بەدوای ئاسایشی هاوبەشدا دەگەڕێت.
چین لەگەڵ چارەسەری ئاشتیانەدایە
کین دەڵێت “پێمان خۆشە چارەسەرێکی سیاسی بۆ دانانی چوارچێوەیەکی ئاشتیانە و بەردەوام بۆ ئەوروپا دابنێین.” ئاماژەی بەوەشدا جیهان بەهۆی پشێوی و شەڕەکانەوە ناسەقامگیر بووە و دەبێت وڵاتانی ئاشتیخواز بە زووترین کات دوژمنایەتییەکانی ئێستایان بوەستێنن.