زووم،ئاژانسەکان:
رۆژی یەکشەممە، هەزاران هاوڵاتی لە وڵاتی مۆڵدۆڤا لەدژی گرانی شتومەک و خراپی باری دارایییان، خۆپیشاندانێکیان بۆ بەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە کیشناوی پایتەخت ئەنجامدا. ئەوەی کە سەرنجی میدیا جیهانییەکانی راکێشا گوتاری بەشێک لە خۆپیشاندران بوو کە داوایان دەکرد وڵاتەکەیان لەلایەن روسیاوە داگیر بکرێت.
مۆڵدۆڤا وڵاتێکی بچوکە لە ئەوروپای رۆژهەڵات و دەکەوێتە نێوان ئۆکراین و رۆمانیا. ژمارەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە زیاتر لە دوو ملیۆن و 600 هەزار کەسە. لەو کاتەی کە مۆڵدۆڤا لە ساڵی 1991ەوە سەربەخۆیی لە یەکێتی سۆڤیەت وەرگرتووە، کاری بۆ بوژاندنەوەی ئابورییەکەی کردووە، بەڵام ئەو وڵاتە بەردەوامە لە روبەڕوبوونەوەی ئاستەنگە بەردەوامەکانی وەک گەندەڵیی، ناسەقامگیریی سیاسی و کەمیی سەرچاوەی داهاتەکەی.
مۆڵدۆڤا وەک یەکێک لە هەژارترین وڵاتانی ئەوروپا ریزبەندی کراوە
دۆخی دارایی مۆڵدۆڤا لە ئاستێکی خراپدایە و وەک یەکێک لە هەژارترین وڵاتانی ئەوروپا ریزبەندی کراوە. ئابوری مۆڵدۆڤا زیاتر پشت بەو پارانە دەبەستێت کە کۆچبەرانی ئەو وڵاتە دەینێرنەوە لەگەڵ هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان. سەرەڕای ئەوەش، وڵاتەکە بەدەست قەرزی زۆر، هەڵاوسان و کەمی وەبەرهێنانی بیانییەوە دەناڵێنێت. ئالا، کە یەکێکە لە بەشداربوونی خۆپیشاندانەکەی یەکشەممە، بە کەناڵی بی بی سی بەریتانی گوتووە، “چەندین کەس هەیە لێرە، چوار بۆ پێنج منداڵی هەیە، بەڵام بەمانای وشە هیچییان نییە بیخۆن.” دەشڵێت: “کاتێک ئەو حکومەتەمان هەڵبژارد، بەرپرسان بەڵێنیان پێداین کە موچە و خانەنشینییەکانمان بەرز بکەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچمان نەبینیوە.”
بەگوێرەی سەرۆکی مۆڵدۆڤا، هاوڵاتییەک بۆ خۆگەرمکردنەوە لە سەرمای ئەو وڵاتەدا، دەبێت 70%ی داهاتەکەی بۆ سوتەمەنیی، کە گازی سروشتییە، خەرجبکات. خۆپیشاندانەکەی رۆژی یەکشەممە لەلایەن پارتی سۆرەوە رێکخرابوو، کە پارتێکی نزیکە لە روسیاوە. خۆپیشاندەران بە پاس دەچوونە نێو کێشناوی پایتەختەوە و کرێی پاسەکانیشیان هەر لەلایەن ئەو پارتەوە دابیندەکرا.
سەرۆکی مۆڵدۆڤا: روسیا کەسانی “تێکدەر”ی ناردووەتە وڵاتەکەی بۆ روخاندنی حکومەتەکەی
چەند رۆژێک بەر لە خۆپیشاندانەکان، مایا ساندوی سەرۆکی مۆڵدۆڤا، روسیای بەوە تۆمەتبارکرد کە کەسانی “تێکدەر”ی بە جلی مەدەنییەوە ناردووەتە وڵاتەکەی بۆ روخاندنی حکومەتەکەی، کەلایەنگری وڵاتانی رۆژئاوایە. بەڵام روسیا تۆمەتەکانی مۆڵدۆڤای رەتکردەوە و رایگەیاند، بۆ بەلاڕێدابردنی شکستە ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی ئەو تۆمەتانە دەبەخشنەوە. مۆڵدۆڤا بۆ دابینیکردنی گازی سروشتی پشت بە روسیا دەبەستێت، بەڵام ساڵی رابردوو لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکراین، مۆسکۆ هەناردەی گازی بۆ ئەو وڵاتە بۆ نیوە کەمکردەوە، ئەمەش وەک گوشارێک بوو لەسەر حکومەتی ئەو وڵاتە. کەمکردنەوەی گاز، هۆکارێک بوو لە پایزی ساڵی رابردووە نرخی گاز و کارەبا لەو وڵاتەدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە.
سەرۆکی مۆڵدۆڤا، روسیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە گاز وەک کارتێکی سیاسی بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی پشێوی و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە وڵاتەکەیدا. ئاماژەی بەوەشکردووە بەمدواییانە، روسیا کەسانی نێو سوپای وڵاتەکەی ناردووەتە مۆڵدۆڤا بۆ ئەنجامدانی کاری “توندوتیژ” و هێرشکردنە سەر بینا حکومییەکان. لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، مۆڵدۆڤا رێگری کردووە لە 57 هاوڵاتی روسی کە ویستوویانە بچنە نێو ئەو وڵاتەوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی سنوری مۆڵدۆڤا دەڵێت: ئەگەر ئۆکراین بکەوێت، دوای ئەو سەرەی مۆڵدۆڤا دێت
بەڕێوەبەری پۆلیسی سنوری مۆڵدۆڤا رۆسیان ڤازیلۆی رایگەیاند، “ئەگەر ئۆکراین بکەوێت، دوای ئەو سەرەی مۆڵدۆڤا دێت. بەڵام من ناترسم.” بەڵام رای خۆپیشاندەرانی بەردەم دەرگای پەرلەمانی ئەو وڵاتە جیاوازە. هەر ئەمەش وایکردووە مەترسی لەسەر دابەشبوونی کۆمەڵایەتیی ببێتە پرسێکی جددی لەو وڵاتەدا. مەترسی روسیا بە ئاسانی لە زاری خۆپیشانەرانەوە هەستی پێدەکرێت. کاتێک بی بی سی پرسیاری لێکردن، پێتان وایە روسیا وڵاتەکەتان داگیر بکات؟ لە وەڵامدا بەدەنگی بەرز گوتیان “بەڵێ، لێیانگەڕێ با بێن. دەمانەوێت بێن بۆ ئێرەش. دەمانەوێت ببین بە بەشێک لە روسیا.”