چواردە رۆژ بەسەر بومەلەرزەکاندا تێدەپەڕن، بەگوێرەی دوایین ئاماری دەزگای کارەسات و فریاگوزاری تورکیا (ئافاد)، تاوەکو ئێستا 41 هەزار و 156 کەس لە باکوری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە.
دەزگاى ئافاد ئاشکرایکرد، 250 هەزار کارمەندیان، لە پێنج پارێزگای باکوری کوردستان سەرقاڵی هەڵدانەوەی باڵەخانە روخاوەکان و دەرهێنانی قوربانیانن.
وەک دەڵێت، 15 هەزار و 250 ئۆتۆمبێلی کارکردن سەرقاڵی کارکردنن. 78 فڕۆکە و 116 هێلیکۆپتەر خزمەت بە زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە دەکەن.
یونس سەزەر، سەرۆکی ئافاد رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 300 هەزار چادر بەسەر زیانلێکەوتوواندا دابەش کراون. لە 40 شار و شارۆچکە و ناوەندی پارێزگاکان، پەناگە دروستکراون. 13 ملیۆن پاکێجی خۆراک بەدەستی زیانلێکەوتووان گەیشتووە.
لەلایەکی دیکەوە، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە شاری ئەستەنبوڵ، کارگەیەکی بۆ دروستکردنی چادر دروستکردووە و رۆژانە بە سەدان چادر دروست دەکرێن و بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان دەنێرێت.
هەروەها، ناتۆ ئامادەیی دەربڕی کە 1000 کۆنتەینەر بۆ ئەو خانەوادانە بنێرێت کە لە بومەلەرزەکەدا زیانیان بەرکەوتووە. حکومەتی سعودیاش رایگەیاند، بە بڕی 49 ملیۆن دۆلار لە ناوچە زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە وەبەرهێنان دەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوار بومەلەرزەی دیکە، پارێزگای خارپێت (ئەلازیخ)ی باکوری کوردستانیان هەژاند. بومەلەرزەکە ترسێکی زۆری لەنێو هاوڵاتیاندا دروستکرد، بەڵام پرۆفیسۆر دکتور ناجی گۆرور پسپۆڕی بومەلەرزەزانی و جیۆلۆجی و ئەندامی ناوەندی زانستی تورکیا لەبارەی بومەلەرزەکانی خارپێتەوە گوتی، ” لەو ناوچانە، زەوی زۆربەی وزەی خۆی دەرداوە و پێشبینی ناکرێت، بومەلەرزەی زۆر گەورە رووبدەن.
بەگوێرەی ئاماری ئافاد، دوای بومەلەرزە بەهێزەکانی شەشی شوبات، شەش هەزار و 414 پاشەلەرزە لە باکوری کوردستان روویانداوە. بەڵام هیچیان زیانی گیانی و مادیان نەبووە.
هەر ئەمڕۆ، موئەزەر شەڤکین پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە پەرلەمانی تورکیا، راپۆرتێکی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، 24 پارێزگا، 100 شارۆچکە و زیاتر لە 500 گوند لە تورکیا راستەوخۆ لەسەر هێڵی بومەلەرزەن و پێویستە هەمووان پێکەوە، ریوشوێنی پێویست بگرنەبەر.