عینایەت تاجیدینی، یاریزانى تۆپی پێیە لە کرماشان، تیشێرتێکى پۆشیبوو کە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لەسەر نووسرابوو، بۆیە لەنێو یاریگا هێزە ئەمنییەکان دەستگیریان کرد. بەگوێرەى ئامارێکى رێکخراوى هەنگاویش لەسەرەتاى خۆپیشاندانەکانەوە حەوت هەزار و 500 کەس لە رۆژهەڵاتى کوردستان دەستگیرکراون.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دوای مەرگى ژینا دەستیپێکرد، شەش مانگە بەردەوامە. هەرچەندە ماوەیەک ناڕەزایەتییەکان کپبوون، بەڵام چەند رۆژێکە لە شارە جیاوازەکانى رۆژهەڵاتى کورستان ناڕەزایەتییەکان سەریان هەڵداوەتەوە.
بەگوێرەى رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ هێزەکانی کۆمارى ئیسلامى بەردەوامن لە روبەڕوبوونەوەى چالاکان و ئەوانەى ناڕەزایەتى دەردەبڕن لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی موختار فەتحی گەنجێکی شاری سەقز لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا بڵاوکرایەوە، کە دەگوترێت لەلایەن “هێزەکانی ئێرانەوە” کوژراوە.
جگە لەوە رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ناوی چوار چالاکی کوردی بڵاوکردەوە؛ (موحسین مەزڵوم، محەمەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی) وەک رێکخراوەکە دەڵێت، لەسەرەتاى خۆپیشاندانەکانەوە دەستگیرکراون و تاوەکو ئیستا چارەنووسیان نادیارە و هیچ زانیاریەک لەبارەیانەوە بە خانەوادەکانیان نەدراوە.
لە ئیلامیش، چەند رۆژێکە هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی گەنجان و چالاکان دەستپێکردووە. شەوی رابردوو حسێن باپیروەند و سەعید پورماسبی خەڵکی شارۆچەکی ئاودانانی پارێزگاکە دەستگیرکران، لە چەند رۆژی رابردوودا بە گشتی شەش چالاک دەستگیرکراون و چارەنووسیان نادارە.
عینایەت تاجیدینی، وەرزشوانى تۆپی پێە لە شاروچکەی هەرسینی سەر بە پارێزگای کرمانشان، ئەو دوای پۆشینی تیشێرتێک کە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لەسەر نووسرابوو، لە کاتی بەڕێوەچوونی یاریەکی تۆپی پێدا لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستگیرکرا.
فشارەکان لە زۆر لایەوە بەردەوامە؛ دادگای شاری بۆکان، سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەر ژیلا هوژەبری کچە چالاکی خەڵکی شاری مەریواندا سەپاند، کە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستگیرکرابوو.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاویش ئامارێکی لەبارەی ژمارەی دەستگیرکراوەکانی چالاکە کوردەکان بڵاوکردەوە و گوتی، لە 16ی ئەیلولی ساڵی رابردووەوە کە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان دەستیان پێکرد و تاوەکو ئێستا زیاتر لە حەوت هەزار و 500 هاوڵاتی کورد لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون، کە ناسنامەی هەزار و 150 کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە. لە کۆی ئەو کەسانەی ناویان ئاشکرا بووە 220 کەسیان ژن و 189 کەسیان منداڵن.
ئاژانسی هەواڵی گروپی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە بە هەرانا ناسراوە، دوایین ئاماری کوشتن و دەستگیرکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی بڵاوکردەوە. ئاژانسەکە ئاشکرایکردووە لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا و تاوەکو ئێستا 529 کەس لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە کوژراون.
هەرانا دەڵێت، لەو ژمارەیەک 71 کەسیان منداڵن و تەمەنیان لە خوار 18 ساڵیەوەیە. هەروەها 19 هەزار و 763 کەس دەستگیرکراون، کە سزای 14 هەزار و 698 کەسیان یەکلایی بووەتەوە.
رێکخراوەکە باسی ئەوەشی کردووە، تاوەکو ئێستا چوار چالاکی خۆپیشاندانەکانى ئەم دواییە لەسێدارەدراون و مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەسەر 107 کەس هەیە.
دۆخى کۆڵبەرانى رۆژهەڵاتى کوردستان
بەگوێرەى هەواڵێکى ماڵپەڕى کۆڵبەر نیوز کە گرنگى دەدات بە هەواڵەکانى پەیوەست بە کۆڵبەرانى رۆژهەڵاتى کوردستان، لە ناوچەی نەوسود، لە سنوری نێوان رۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان، هێزەکانی حکومەت، تەقەی راستەوخۆیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامدا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانى شۆڕش و یادگار کە خەڵکی مەریوان کوژراون و دوو کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.