کاردانەوەکان بەرامبەر راپۆرتێکی رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی حکومەتی عێراق بەردەوامە و بووەتە بابەتێکی گەرمی رۆژنامە عەرەبییەکان، شەرقولئەوسەت دەڵێت، مشتومڕی دروستکردووە، رۆژنامەى عەرەببش بە گێژەڵوکەى سیاسی ناوى هێناوە.
رۆژنامەی سەباح، لە ژمارەی رۆژی 18ی مانگدا، راپۆرتێکی بڵاوکردەوە بە ناونیشانی “ئایا هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە؟” لە راپۆرتەکەدا ئەنجامی راپرسییەکی بڵاوکردبووەوە کە تێیدا هاتبوو: زۆرینەی خەڵکی کوردستان پێیانباشە قەوارەی هەرێمی کوردستان نەمێنێت و بخرێنە سەر حکومەتی فیدراڵ.
راپۆرتەکەی سەباح کاردانەوەی توندی حکومەتی هەرێمى کوردستان و بەرپرسانی لێکەوتەوە و حکومەتی هەرێم رایگەیاند “خەڵک ناگەڕێنەوە بۆ عێراقی وێران و کاول”، گوتەبێژی حکومەتی عێراقی گوتی ئەوەی بڵاوکراوەتەوە “بۆچونێکی شەخسییە”.
کاردانەوەکان رۆژنامەکەیان ناچارکرد بە سڕینەوەی بابەتەکە لە ئەرشیفی ئەلکترۆنی و سەرنوسەری رۆژنامەکەش نوسینێکی بە ناوی “رونکردنەوەى ناڕونییەکان”بڵاوکردەوە، تۆڕی راگەیاندنی عێراقیش گوتی “راپۆرتەکەی سەباح گوزارشت لە بۆچوون و ئاراستەى تۆڕەکە ناکات”.
دوای دوو رۆژ کاردانەوەکان بەردەوامە و بووەتە مانشێتی رۆژنامە عەرەبیەکان، رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی لەندەنی لە ژمارەی ئەمڕۆدا دەڵێت “رۆژنامەی سەباحی فەرمی عێراقی مشتومرێک دەتەقێنێتەوە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی هەرێم”.
شەرقولئەوسەت دەڵێت، راپۆرتەکەی سەباح توڕەیی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و رەتکرایەوە لەلایەن لایەنە سیاسی و حکومییەکان و ئۆپۆزسیۆنیش، بەڵام توڕەیی و ناڕەزایی زۆری هاوڵاتیانی لێنەکەوتووەتەوە.
شەرقولئەوسەت دەڵێت، کاردانەوە و توڕەیی هەرێم بەغدادی هێنایە وەڵام و حکومەتی ناوەند دەڵێت “ئێمە پابەندی جێبەجێکردنی دەستورین و راپۆرتەکەی سەباح را و بۆچونی حکومەت نیە”، حکومەت داوای لێکۆڵینەوەی کردووە لەبارەی راپۆرتەکەی سەباح.
هاوکات رۆژنامەی عەرەبی لەندەنی کە پێشتر خۆشی هەمان راپرسی بڵاوکردبووەوە، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە بە ناونیشانی “هەڵوەشاندنەوەی هەرێم..رۆژنامەیەکی عێراقی گێژەڵوکەیەکی سیاسی دروستدەکات”.
عەرەب باسی راپۆرتەکە و کاردانەوەکانی دەکات و دەڵێت، لە سەردێڕی راپۆرتەکەی سەباحدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەرێم قەوارەیەکی دەستوری جیاوازی هەیە کە دەسەڵاتی فراوانی هەیە لەژێر دەوڵەتی فیدراڵیدا، لە زۆر حاڵەتیشدا هەولێر وەک هاوتایەک لەگەڵ بەغداد مامەڵە دەکات.
عەرەب دەڵێت، مشتومڕەکان لەبارەی راپۆرتەکە زۆر توند بوونەوە و سەباح تۆمەتبار دەکرێت بەوەی راپۆرتەکەی بە فەرمانی حکومەت بڵاوکردووەتەوە، بە ئامانجی هێنانەوە بەرباسی کۆنترۆڵی هەرێم لەلایەن حکومەتی ناوەند و قۆستنەوەی ئەو ناکۆکییەی لەنێوان پارتی دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستاندا هەیە.
ئەحمەد عەبدولحسێن، سەرنوسەرى رۆژنامەى سەباح لە رونکردنەوەکەیدا گوتبوی، ئەوەی نامۆیە ئەوەیە، کە هەمان راپۆرتی ناوەندەکە لە رۆژنامەی دیکەی عەرەبیدا بڵاوکراوەتەوە بۆنمونە رۆژنامەی عەرەبی لەندەنی، بەڵام بەبێ کێشە تێپەڕیوە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەمان دەرد، کە پێیانوایە میدیای عێراقی شیاو نییە بۆ بەدواداچون و نابێت لەبواری سیاسیدا پرسیاری هەستیار بکات، دەبێت هەر ئەوەندە کار بکات کە سیاسییە گەورەکان رازیبکات.