ئەحمەد عەبدولحسێن، سەرنووسەرى رۆژنامەى سەباح
ئەو راپۆرتەی دوێنێ رۆژنامەی سەباح بە ناونیشانی “ئایا هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە؟” بڵاویکردەوە، کاردانەوەی هێزە کوردییەکانی لێکەوتەوە، هۆکارەکەیشی ناونیشانە سەرنجڕاکێشەکەی بوو، کە راستییەکەی ئەمە ناونیشانی راپرسییەک بوو کە سەنتەرێکی ئەکادیمی بۆ راپرسی و توێژینەوە ئەنجامیدابوو.
بە تەواوەتی لەوە تێدەگەین کە لە کاتی دەستبردن بۆ ئەم دۆسیە هەستیارانە، هەستێکی توڕەیی و بێزاریی لەلای هەندێک دروستدەبێت، بەڵام ئەگەر ئەوان راپۆرتەکە بە تەواویی بخوێننەوە و تەنها لە ناونیشانەکەدا نەوەستن “کە تەنها پرسیارێکە”، ئەوا بۆیان دەردەکەوێت راپۆرتەکە هەموو بۆچونە جیاوازەکانی لە خۆگرتووە، هەم ئەوانەی دژی راپرسییەکەن و هەم ئەوانەیش کە لەگەڵیدان.
پیشەییبوون لە رۆژنامەنووسیدا بریتییە لە باسکردنی هەموو بۆچوونە جیاوازەکان لەنێو راپۆرتێکدا، ئەمەش هەمان ئەو کارەیە کە هاوکارمان نووسەری بابەتەکە ئەنجامی داوە، وەکوچۆن بۆچوونی ناوەندەکە و پوختەی راپرسییەکەی گواستووەتەوە، بەهەمانشێوە بۆچوونی ئەو پسپۆڕانەیشی گواستووەتەوە، کە بە روونی گووتویانە “ئەم ئەنجامە پشتی پێنابەسترێت”. بۆ نموونە لێدوانێکی سامان داود-ی تێدایە کە بە دەق گوتوویەتی “بابەتی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان کارێکی ئاسان نییە، کورد هەروا بە ئاسانی دەستبەرداری دەستکەوتە نەتەوەییەکانی نابێت”. هەروەها ئاماژەی بەوەداوە، زۆرینەی هاوڵاتیان لایەنگری هەردوو پارتە سەرەکییەکەن و ئەمەش مانای ئەوەیە کە زۆرینەیان ئەنجامی ئەو راپرسییە رەتدەکەنەوە”.
جێگای سەرنجە، ئەو بۆچوونەی دژی راپرسییەکە و ئەنجامەکانی وەستاوەتەوە، دانبەوەدا دەنێت کە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان هەمان پرسیاریان هەیە کە لە ناونیشانی راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە. وەکوچۆن بە دەق دەڵێت، “بابەتی هەڵوەشانەوەی هەرێمی کوردستان لەلایەن لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە وروژێنراوە بە دیاریکراویش لە شاری سلێمانییەوە”.
هیواخوازبووین راگەیەنراوەکەی حکومەتی هەرێم جیاوازیی لەنێوان ئەنجامەکانی راپرسییەکە و بەدواداچوونەکەی سەباح دا بکردایە، بەوپێیەی راپۆرتەکەی سەباح ئەو بۆچوونە دژەی تێدابووە کە ئەنجامەکانی راپرسییەکەی بە تەواوی رەتکردووەتەوە.
ئەمە سیمایەکی دیاری سیاسییەکانی عێراقە لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ میدیادا، مەبەستمان لە سیاسییەکانە بە کورد و عەرەبیشەوە. ئەوان قبوڵیان نییە میدیای عێراقی کار لەسەر ئەو بابەتانە بکەن کە بەلای ئەوانەوە هەستیارە، تەنانەت ئەگەر بەوپەڕی پیشەییبوونیشەوە کاری لەسەر بکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە بەوپەڕی سنگفراوانییەوە لە میدیای جیهانیی قوبڵدەکەن کە کار لەسەر هەمان دۆسیە و بابەت بکەن، تەنانەت ئەگەر زۆر لایەنگرانەش بێت و ئاستی پیشەییبوونیشیان کەمتر بێت.
ئەوەی نامۆیە ئەوەیە، کە هەمان راپۆرتی ناوەندەکە لە رۆژنامەی دیکەی عەرەبیدا بڵاوکراوەتەوە بۆنموونە رۆژنامەی “عەرەب”ـی لەندەنی، بەڵام بەبێ کێشە تێپەڕیوە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەمان دەرد، کە پێیانوایە میدیای عێراقی شیاو نییە بۆ بەدواداچون و نابێت لەبواری سیاسیدا پرسیاری هەستیار بکات، دەبێت هەر ئەوەندە کار بکات کە سیاسییە گەورەکان رازیبکات.
یەکێک لە بنەما سەرەتاییەکی کاری رۆژنامەنووسی ئەوەیە کە گواستنەوەی گوتەی کەسێک گوزارشت نییە لە بۆچوونی رۆژنامەکە. هەروەها پێویست ناکات بیڵێینەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگ و ئازیزی دەوڵەتی عێراقە لە پێکهاتە و جوگرافیا و چارەنووسێکی هاوبەشدا، ناکرێت رێگە بە هیچ ناوزڕاندن و سوکایەتییەک بدرێت بە خەڵکی کوردستان و نوێنەرە سیاسییەکانیان.
هەر کەسێک کە راپۆرتەکەی دوێنێی سەباحی خوێندبێتەوە دەزانێت کە هیچ شتێکی تێدا نییە دژ بەم بنەمایانە، دەرگای “سەباح” کراوەیە بۆ هەر کاردانەوەیەکی حکومەتی هەرێم و هێزە سیاسییەکانی.
- دەقى گوتارەکە لە لاپەڕە سێى ژمارەى ئەمڕۆى رۆژنامەى سەباح