47
زووم:
راکان جبورى پارێزگارى بە وەکالەتى کەرکوک، سەبارەت بە چارەسەرکردنى کێشەى قایمقامى داقوق، نوسراوێک ئاراستەى ئەو پەرلەمانتارانەى عێراق دەکات کە نوێنەرى پارێزگاکەن.
راکان جبورى لە نوسراوەکەدا دەڵێت، ئەو ناڕەزایەتییەى لەبارەى دانانى قایمقامى نوێى داقوقەوە دروستبووە “پاساوى نییە”، لەکاتێکدا پێش 2003 و دواى ئەوەش، عەرەب ئەو پۆستەى بەڕێوەبردووە و کورد سەرۆکایەتى ئەنجومەنى قەزاى کردووە.
جبورى داوا دەکات پۆستەکان بەگوێرەى رێژەى دانیشتووان دابەشبکرێت
پارێزگارى کەرکوک لە نوسراوەکەدا گوتوویەتى، “عەرەب نزیکەى 70%ـى داقوق پێکدەهێنێت، بەڵام هیچ بەڕێوەبەرێکى نییە و زۆرینەى فەرمانگەکان لەلایەن تورکمان و پاشان کوردەوە بەڕێوەدەبرێن”.
سەبارەت بە چارەسەرکردنى کێشەى قایمقانى داقوق، راکان جبورى داوا لە پەرلەمانتارانى کەرکوک دەکات، رێککەوتنێکى نوسراو بکەن لەسەر دابەشکردنى پۆستە حکومییەکان بەگوێرەى رێژەى دانیشتووان، جا ئەگەر بەرێژەى لە 32% بێت بۆ هەر پێکهاتەیەک، یاخود هەر رێککەوتنێکى دیکە.
دەشڵێت، لەپێناو رانەوەستانى کار و راییکردنى کاروبارى هاوڵاتیان، قایمقامى ئێستاى داقوق لە ئەرکەکەى بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو رێککەوتنە دەکرێت.
کورد و تورکمان دژی دانانی قایمقامێکی عەرەبن بۆ داقوق و تائێستا چەندین گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان نیشانداوە، لە دوایین هەڵوێستیاندا داوایان لە سەرۆکوەزیرانى عێراق کردووە قایمقامی داقوق بە تەوافوق دابنرێت.