زووم،ئاژانسەکان:
کۆریای باکور هەڵوێستى خۆى لەبارەى ئەو موشەکە کیشوەربڕە ئاشکراکرد کە دوێنێ شەممە تاقیکردەوە و دەڵێت، وەکو هۆشدارییەک بووە بۆ ئەمریکا و کۆریای باشور کە بەنیازن لەم چەند هەفتەیەی داهاتوودا مانۆڕێکى سەربازیی ئەنجام بدەن.
موشەکەکە لە جۆری “هواسۆنگ-15” بووە کە بۆیەکەمجار لە ساڵی 2017دا تاقیکراوەتەوە، بەگوێرەی میدیای فەرمی حکومەتى کۆریای باکور، موشەکەکە نزیکەی کاتژمێرێک و حەوت خولەکی خایاندووە تا ئامەنجەکەی خۆی لە دووریی 989 کیلۆمەتر لە دەریادا پێکاوە.
حکومەتی یابان رایگەیاند، موشەکەکە لە ناوچەیەکی ئاویی وڵاتەکەیدا کەوتووەتەخوارەوە
رۆژی شەممە حکومەتی یابان رایگەیاند، موشەکەکە لە ناوچەیەکی ئاویی وڵاتەکەیدا کەوتووەتەخوارەوە، وەزیرى بەرگریی یابانیش باسى لەوەکرد، ئەو موشەکەى کە کۆریاى باکور تاقیکردەوە دەتوانێت بگاتە ئەمریکا.
ئاژانسی ناوەندیی هەواڵی کۆریای باکور KCNA رایگەیاند، تاقیکردنەوە سەرسەڕهێنەرەکەی موشەکی کێشوەربڕى “هواسۆنگ-15” بەڵگەیەکی راستەقینەیە بۆ هەوڵە ستراتیژییە بەردەوامەکانی هێزی ئەتۆمیی کۆریای باکور، کە ئامانج لێی بەرپەرچدانەوەی چەکی کوشندەی ئەتۆمیی هێزەکانی دوژمنە، بەشێوەیەک کە نەتوانن بەرگەی بگرن.
کیم یۆ جۆنگ، جێگری بەڕێوەبەری بەشی بانگەشە و راگەیاندنی پارتی کرێکارانی کۆریا، کە هاوکات خوشکی کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوریشە، لە راگەیەنراوێکدا توڕەیی خۆی بەرامبەر ئەمریکا دەربڕی لەبارەی ئەوەی کە هەوڵدەدات ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بکاتە ئامرازێک بۆ “سیاسەتە ناپەسەندە دوژمنکارییەکانی” خۆی لە دژی پیۆنگیانگ.
یۆ جۆنگ گوتیشى، لە بەرامبەر هەر جوڵەیەکی دوژمنکارانە بەرامبەر بە ئێمە، بەرپەرچدانەوەی زۆر بەهێزمان دەبێت
یۆ جۆنگ گوتیشى، “هۆشداری دەدەم لەوەی کە کە چاودێری هەر جوڵەیەکی دوژمن دەکەین و لە بەرامبەر هەر جوڵەیەکی دوژمنکارانە بەرامبەر بە ئێمە، بەرپەرچدانەوەی زۆر بەهێزمان دەبێت”.
تاقیکردنەوە موشەکییەکە، یەکەم تاقیکردنەوەی کۆریای باکور بوو لەدوای هەڵدانی موشەکێکی دیکە لە یەکی مانگی رابردوودا.
شرۆڤەکاران دەڵێن، کۆریای باکور پلانی هەیە چەکی زیاتر تاقی بکاتەوە، بەتایبەت جۆرە موشەکێکی نوێ کە بە باروت کاردەکات و ئەمەش کاری پیۆنگیانگ ئاسانتر دەکات بۆ دامەزراندنی سیستەمە موشەکییەکانی لە ئەگەری روودانی جەنگدا.
سەرجەم موشەکە بالیستی و پرۆگرامە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکور لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایش نەتەوەیەکگرتووەکانەوە قەدەغەکراون. بەڵام کۆریای باکور بەردەوامە لە پەرەپێدانیان و دەڵێت بەمەبەستی “بەرپەرچدانەوەی سیاسەتە دوژمنکارییەکانی” واشنتۆن و هاوپەیمانەکانیەتى.