زووم، شەرقولئەوسەت
لێکترازان و ناکۆکییە سیاسییەکان هەڕەشەیە بۆ سەر “هاوپەیمانی سەروەری” کە لە مانگی کانونی دووەمی 2022 راگەیەندرا، وەک گەورەترین هاوپەیمانی سوننەی عەرەب کە زۆربەی کەسایەتییە سیاسییەکان و پەرلەمانتارە سوننەکان لەخۆدەگرت، لەنێویاندا محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی پارتی تەقەدوم، کە “کاریگەرترین و چالاکترین” کەسایەتی ناو هاوپەیمانێتیەکە بوو.
هەروەها خەمیس خەنجەر، سەرۆکی پارتی پرۆژەی عەرەبی-مەشروع عەرەبی، یەکێکی دیکەیە لە کەسایەتیەیکانی نێو هاوپەیمانێتیەکە.
رۆژنامەى شەرقولئەوسەت دەڵێت، هەرچەندە ناکۆکیەکانی نێوان لایەنە سیاسییە عێراقییەکان شتێکی نامۆ نییە بەشێوەیەکی گشتی، بەڵام ناکۆکی نێوان لایەنە سوننییەکان زۆر توند بووەتەوە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو کێبرکێ توندەی لەنێوان جەمسەرەکان هەیە، لەلایەک بەهۆی ناکۆکی لەسەر سەرکردایەتیکردنی پێکهاتەی سوننە.
لەلایەکی دیکەش بەهۆی ئەوەی هەندێکیان بەرژەوەندی و دەسەڵات و دەستکەوتەکانی خۆی دەخاتە پێش بەرژەوەندی پارێزگاکان و ئەو هاوڵاتیانەی کە دەنگیان پێداون و نوێنەرایەتیان دەکەن.
دوای دابەشکردنی پشک و پۆستەکان هاوپەیمانێتیەکان لە عێراق هەڵدەوەشێنەوە
هاوپەیمانێتیەکان لە عێراق لە دوو قۆناغدا پێکدەهێنرێن قۆناغی پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن، مەبەست لە هاوپەیمانێتیەکان رێککەوتنە و گفتوگۆیە لەسەر پشکەکان و پۆستە حکومییەکان، دوای دابەشکردنی پشک و پۆستەکان زۆرێک لە هاوپەیمانێتیەکان هەڵدەوەشێنەوە و تەمەنیان درێژ نابێت.
دوێنێ شەممە، چوار پەرلەمانتاری عێراق سەر بە پارتی تەقەدوم دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە پارتەکە و فراکسیۆنەکە راگەیاند.
چوار پەرلەمانتارەکە ئەمانەن: فەلاح زێدان، لەتیف وەرشان، عادل مەحلاوی و یوسف سەبعاوی کە زۆرینەیان لە پارێزگای نەینەوان. ئەوان رایانگەیاند، لەنێو چوارچێوەی هاوپەیمانێتی سەروەری دەمێننەوە، چونکە نوێنەرایەتی هاوڵاتییانی پارێزگاکەیان دەکەن.
هاوپەیمانێتی سەروەری
رۆیشتنی هەر پەرلەمانتارێک لە ریزی پارتە سیاسیەکان بە مانای دەرچوونیانە لە هاوپەیمانێتیەکەمان
بەڵام دواتر هاوپەیمانێتی سەروەری وەڵامی دانەوە و رایگەیاند، رۆیشتنی هەر پەرلەمانتارێک لە ریزەکانی هەردوو پارتی تەقەدوم و مەشروع عەرەبی بە مانای دەرچوونی دێت لە هاوپەیمانێتی سەروەری.
هاوپەیمانێتی سەروەری دەڵێت، ئەو پەرلەمانتارانە ناگەڕێنەوە نێو ریزەکانی هاوپەیمانی سەروەری، تەنها بە بڕیاری پارتە سیاسییەکانیان نەبێت.
چوار پەرلەمانتارەکە دەڵێن، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەیان بەهۆی تێبینی و رەخنەکانیانە لە ئەدای پارتەکە و نەبوونی هاوبەشی لە بڕیارداندا.
زۆرێک لە پەرلەمانتارانی نێو هاوپەیمانی سەروەری و پارتی تەقەدوم رەخنەی زۆریان لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پارتەکە هەیە، کە “دەستیگرتووە بەسەر هەموو بڕیارەکاندا و هەوڵی زۆردەدات بۆئەوەی ببێتە سەرکردەی پێکهاتەی سوننە”.
حەلبوسی و هاوپەیمانەکانی بێبەش دەکرێن لە چانسی سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی پارێزگاکان
سەرچاوە نزیکەکان لە هاوپەیمانێتییەکە بە شەرقولئەوسەتیان راگەیاندووە، چەند لایەنێکی سیاسی لە پارێزگا سوننییەکانی نەینەو، سەڵاحەدین، ئەنبار و دیالە دەیانەوێت حەلبوسی و هاوپەیمانەکانی بێبەش بکەن لە چانسی سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی پارێزگاکان کە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
هەیبەت حەلبوسی، ئەندامی پارتی تەقەدوم و سەرۆکی لیژنەی نەوت لە پەرلەمانى عێراق دەڵێت، هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانی سەروەری دوای ساڵێک لە دامەزراندنی نزیکە لە هەڵوەشاندنەوەى.
ئەو دەڵێت تەقەدوم کە خاوەنی 37 کورسی پەرلەمانە لەگەڵ فراکسیۆنێک رێککەوت کە خاوەنی 14 کورسین، ئەمیش بۆ پاراستنی یەکڕیزی و لەسەر داوای گەلەکەمان لە پارێزگاکان.
سەبارەت بە هۆکاری هەڵوەشانەوەکە هەیبەت حەلبوسی دەڵێت، زۆرێک لە هاوبەش سیاسییەکان بەرژەوەندی خۆیان پێشخستووە و لە رێککەوتنە سیاسییەکان لایان داوە، هەندێکیشیان بە ئاشکرا هەوڵی تێکدانی یەکریزی دەدەن لەنێو پەرلەمان و پارێزگاکانمان.