زووم:
ژمارەی ئەمڕۆ یەکشەممەی رۆژنامەی سەباح دەرچوو. سەرنووسەری رۆژنامەکە، گوتارێکی لەبارەی ئەو راپۆرتەی دوێنێی رۆژنامەکەوە نووسیوە، کە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی توڕەکردبوو.
رۆژنامەی سەباح لە ژمارەی دوێنێیدا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە بە ناونیشانی “ئایا هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە؟”، لە راپۆرتەکەدا ئەنجامەکانی راپرسییەکی بڵاوکردبووەوە کە تێیدا هاتبوو: زۆرینەی خەڵکی کوردستان پێیانباشە قەوارەی هەرێمی کوردستان نەمێنێت و بخرێنە سەر حکومەتی فیدراڵ.
ئەحمەد عەبدولحسێن، سەرنووسەری رۆژنامەکە لە ژمارەی ئەمڕۆدا گوتارێکی لە لاپەڕە سێدا نووسیوە و ئاماژەیبەوەداوە، کورد بەشێکی سەرەکی و خۆشەویستن لەنێو عێراقدا، ناکرێت رێگە بدرێت هیچ بێ رێزییەک بەرامبەر خەڵکی کوردستان و نوێنەرە سیاسییەکانیان بکرێت.
سەرنووسەری سەباح نووسیویەتی، هەرکەسێک راپۆرتەکەی دوێنێی خوێندبێتەوە دەزانێت کە ئێمە بە هیچ شێوەیەک لەو پرەنسیپانە لاماننەداوە، دەرگای سەباحیش کراوە دەبێت بۆ هەر وەڵامێکی حکومەتی هەرێم و هێزە سیاسییەکانیان.
ئەحمەد عەبدولحسێن، سەرنووسەری سەباح:
کورد بەشێکی سەرەکی و خۆشەویستن لەنێو عێراقدا، ناکرێت رێگە بدرێت هیچ بێ رێزییەک بەرامبەر خەڵکی کوردستان و نوێنەرە سیاسییەکانیان بکرێت
راپۆرتەکەی سەباح پشتی بە راپرسییەکی مانگێک لەمەوبەری سەنتەری شیکار بەستبوو، کە نووسینگەی سەرەکیی لە شاری هەولێرە. بەر لە رۆژنامەی سەباحیش، چەند میدیایەکی دیکەی کوردی و عەرەبی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر ئەنجامەکانی هەمان راپرسییان بڵاوکردبووەوە.
ئەحمەد عەبدولحسێن، سەرنووسەری رۆژنامەی سەباح، لەوبارەیەوە دەڵێت، ئەوەی نامۆ و جێگەی سەرنجە ئەوەیە، کە
رۆژنامەی دیکەی عەرەبی لە نموونەی رۆژنامەی “عەرەب”ـی لەندەنی هەمان راپرسییان بڵاوکردووەتەوە و بەبێ هیچ کێشەیەک تێپەڕیوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هێشتا رۆژنامەنووسیی لە عێراق ناتوانێت دەست بۆ بابەتی سیاسیی هەستیار ببات، تەنها ئەوانە نەبێت کە سیاسییە گەورەکان پێی رازی دەبن.
هەر لە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەکەدا، بەشی خوارەوەی لاپەڕەی یەکەم تەرخانکراوە بۆ روونکردنەوەکانی گوتەبێژی حکومەتی عێراق و تۆڕی راگەیاندنی عێراقی کە خاوەندارێتیی رۆژنامەکە دەکەن.
تۆڕی راگەیاندنی عێراق، رایگەیاندووە راپۆرتەکەی سەباح پشتی بە راپرسییەک بەستووە، کە لەلایەن سەنتەرێکی تایبەتمەندەوە بڵاوکراوەتەوە.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراقیش جەختی لەوەکردووەتەوە حکومەت پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنی دەستوور، وەکوچۆن بەگوێرەی دەستوور “عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش بەتەواوی رێکخراون” ئەمەش یەکێکە لە گرنگترین دەستکەوتەکانی عێراقی تازە و حکومەتیش هەمیشە پشتیوانیی لێدەکات.
راپۆرتەکەی دوێنێی رۆژنامەی سەباح کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنابوو، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو راپرسییەی سەباح بڵاویکردووەتەوە، بنەمای زانستی نییە و دوورە لە راستییەوە “خەڵکی کوردستان لە ریفراندۆمی 2017دا قسەی خۆی کردووە”. ئەمە بەرلەوەی گوتەبێژی حکومەتی عێراق راگەیەنراوەکەی بڵاوبکاتەوە، کە تێیدا گوتبووی “ئەوەی لە رۆژنامەی سەباحدا هاتووە، بۆچوونی شەخسییە و بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە سیاسەتی حکومەتی عێراق ناکات”.
درەنگانێکی شەوی رابردووش رۆژنامەی سەباح لە ئەرشیفی ئەلیکترۆنیی خۆیدا دەستکاریی لاپەڕە 3ی رۆژنامەکەی کرد و ئەو راپۆرتەی سڕییەوە، کە باسی لە هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکرد.