زووم:
سەنتەرى “شیکار بۆ توێژینەوە و راپرسی” ئەو سەنتەرەیە کە لە راپرسییەکدا پرسی “هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان”ـی وروژاند و پاش بڵاوبوونەوەى ئەنجامەکانى راپرسییەکەش لە میدیا ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا، دواجار توڕەیی حکومەتى هەرێمى کوردستانى لێکەوتەوە.
وەکو لە ماڵپەرى فەرمى سەنتەرەکەدا نوسراوە، سەنتەرى شیکار ساڵى 2009 لە ئەستەنبوڵ و هەولێر دامەزراوە و بنکەی سەرەکی لە شاری هەولێرە، لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا تیمی راپرسی و کۆکردنەوەی داتای هەیە.
هەر لەبارەى ناساندنى خۆیەوە سەنتەرکە دەڵێت: شیکار لەلایەن ژمارەیەک کەسایەتی ئەکادیمی و پسپۆڕ لە بوارەکانی (کۆمەڵناسی، سیاسەت و ئامار) دامەزراوە و بەڕێوەدەبردرێ.
ئەم سەنتەرە، مانگى رابردوو پاش چەند رۆژێک لە بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى کە بڕیاریدا بە نادەستووریی بوونى ئەو 400 ملیار دینارەی کە دەبوو حکومەتی ناوەندی بۆ هەرێمی بنێرێت، راپرسییەکى “ئۆنلاین”ـى ئەنجامداوە کە هەزار کەس بەشدارییان تێدا کردووە و 29ـى مانگى رابردوو ئەنجامەکانى بڵاوکردووەتەوە.
سەنتەرەکە لە راپرسییەکەدا سەربارى ئەوەى چەند پرسیارێکى لەبارەى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵی لە بەشداربووان کردووە، هاوکات پرسیارێکیشى وروژاندووە لەبارەى گەڕانەوە بۆ سەر بەغداد و نەمانى قەوارەى هەرێمى کوردستان.
لە وەڵامى ئەو پرسیارەدا لەسەدا 50.7ی بەشداربووان لەگەڵ ئەوەدان قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێتەوە و بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی.
راپرسیەکە هەرێمی کوردستانی بەسەر دوو ناوچەدا دابەش کردووە، ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لە سەدا 42ی بەشداربووانی ئەم ناوچانە لەگەڵ ئەوەدان قەوارەی هەرێم هەڵبوەشێتەوە. لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش، ئەم رێژەیە زیاددەبێت و لەسەدا 64ی بەشداربووانی ئەم ناوچەیە لەگەڵ ئەوەدان قەوارەی هەرێم هەڵبوەشێتەوە و بگەرێنەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند.
پاش دوو رۆژ لە ئەنجامدانى راپرسییەکە، میدیاکان لە ناوخۆ و دەرەوەى هەرێمى کوردستان دەستیانکرد بە بڵاوکردنەوەى ئەنجامەکانى راپرسییەکە، لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان سەرەتا ماڵپەرى “درەو” لە 31ـى 1ـى 2023 ئەنجامەکانى راپرسییەکەى بڵاوکردووەتەوە.
رۆژنامەى “عەرەب” لە لاپەڕى سێى ژمارەى رۆژى 8ـى شوباتدا بە ناونیشانى “کوردەکانى عێراق بێزارن لە سەرکردە سیاسییەکانیان: داواى هەڵوەشاندنەوەى کیانى دەستووریی هەرێم دەکەن” ئەنجامى راپرسییەکەى سەنتەرى “شیکار”ی بڵاوکردووەتەوە.
رۆژنامەى “ئێعتیماد“ـى ئێرانیش لە ژمارەى ئەمڕۆ شەممە 18ـى شوباتدا بە ناونیشانى “ئایا هەرێمی کوردستان لەناو دەچێت؟” ئەنجامى راپرسییەکەى بڵاوکردووەتەوە.
تائێرە بڵابوونەوەى هەواڵەکە لە میدیا ناوخۆى و دەرەکییەکاندا وەکو بابەتێکى ئاسایی تێپەڕى، بەڵام بڵاوبوونەوەى هەواڵەکە لە لاپەڕە سێى ژمارەى ئەمڕۆى رۆژنامەی “سەباح” کە میدیای فەرمیی حکومەتی عێراقە، توڕەیی حکومەتى هەرێمى کوردستانى لێکەوتەوە و “بەتوندى” وەڵامى رۆژنامەکەى دایەوە.
رۆژنامەی سەباح لە ژمارەی ئەمڕۆیدا راپۆرتێکی لەبارەى ئەنجامەکانى راپرسییەکە بڵاوکردووەتەوە، کە دوو ناونیشانی هەیە، لە یەکەمیاندا پرسیار دەکات کە ئایا هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە؟ لە دووەمیشیاندا نووسیویەتی بە گوێرەی راپرسییەک زۆرینە دەیانەوێت بچنەوە سەر حکومەتی فیدراڵ.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم روونکردنەوەیەکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو سەنتەر و بەناو راپرسییەی رۆژنامەی سەباح پشتی پێ بەستووە، هیچ بنەمایەکی زانستی نییە و دوورە لە راستییەوە.