رۆژى هەینى شەپۆلێکى دیکەى ناڕەزایەتى و خۆپیشاندان لە بەشێکى شارەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان دەستیانپێکردەوە. لە هەمانکاتیشدا هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکردنى هاوڵاتیانى مەدەنیان دەستپێکردەوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، لە 24 کاتژمێری رابردوودا لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نۆ کەس لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکراون.
لە شاری دێهلۆران چوار چالاکوان کە یەکێکیان ژنە، لە سنە دوو چالاکوان، لە دێهگولان دوو چالاکوان، لە سەقز چالاکوانێک دەستگیرکراون و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
چارەنووسی دوو مامۆستای ئایینی کورد نادیارە
لەلایەکی دیکەوە، خۆپیشاندان دژی دەستگیرکردنى دوو مامۆستای ئایینی خەڵکی سنە و سەردەشت بەردەوامە.
ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی خەڵکی سنە، لەبەردەم مزگەوتی “نەنەڵە” گردبوونەوە و دروشمیان دژى کۆمارى ئیسلامى دەگوتەوە.
ئەوان ئیدانەى دەستگیرکردنی مەلا ئیبراهیم کەریمی، پێشنوێژی مزگەوتەکەیان کرد، کە چەند رۆژ لەمەوبەر بەهۆی پشتگیریکردن لە چالاکان دەستگیرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار براوە.
لە شاری سەردەشتیش بۆ پشتگیریکردن مەلا فەتحوڵلا رۆستەمی، پێشنوێژی مزگەوتی گوندی “مارغان”ـی، خۆپیشاندان کرا. فەتحوڵلا رۆستەمی چەند رۆژ لەمەوبەر. لە کاتی گواستنەوەی هاوکارییەکان بۆ خەڵکی زیانلێکەوتووی بومەلەرزەکەی شاری خۆی لە ناوەندی ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و چارەنووسی نادیارە.
چوار کەس لەسێدارەدران
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە ناوەندەکەی لە نەرویجە ئاشکرای کرد لە لە دوو رۆژی رابردوودا، لە شاری ئەراک سێ کەس و لە شاری ورمێ کەسێک بە تاوانی جیاواز لەسێدارەدراون.
رێکخراوەکە ئامارێکیشی لەبارەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بڵاوکردەوە و ئەوەی خستەڕوو، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، کۆمارى ئیسلامى ئێران 251 کەسی بە تاوانی جیاواز لەسێدارە داوە، کە شەشیان ژنن. هەروەها ئاماژەی بەوەکرد مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەسەر زیاتر لە 100 چالاکی خۆپیشاندانى ئەم دواییە هەیە.
لە شەش مانگدا 529 کەس کوژراون
ئاژانسی هەواڵی گروپی مافەکانی مرۆڤی ئێرانیش کە بە ‘هەرانا’ ناسراوە، دوایین ئاماری کوشتن و دەستگیرکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی بڵاوکردەوە. ئاژانسەکە ئاشکرای کرد لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا و تاوەکو ئێستا 529 کەس لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە کوژراون.
هەرانا دەڵێت، لەو ژمارەیەک 71 کەسیان منداڵن و تەمەنیا لە خوار 18 ساڵیەوەیە. هەروەها 19 هەزار و 763 کەس دەستگیرکراون کە سزای 14 هەزار و 698 کەسیان یەکلایی بووەتەوە.
رێکخراوەکە باسی ئەوەشی کردووە، تاوەکو ئێستا چوار چالاکی خۆپیشاندانەکانى ئەم دواییە لەسێدارەدراون و مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەسەر 107 کەس هەیە.
دیداری ماکرۆن و ئۆپۆزسیۆنی ئێران
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە کۆنفڕانسی ئاسایشی مونشن رایگەیاند، هەموو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کۆدەکەنەوە و پشتگیری خۆی بۆیان دەربڕی.
مەسیح عەلینەژاد رۆژنامەنووس و چالاکوانی بواری ژنانی ئێران لە تویتەر ڤیدیۆیەکی خۆی و ئیمانوێل ماکرۆنی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا لە گفتوگۆیەک کورتدا ماکرۆن دەڵێت، بەمنزیکانە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی یەکگرتووی ئێران دیدارم دەبێت و ئامادەم گوێ لە داواکاریەکانی خەڵکی ئێران بگرم.
امانوئل مکرون رییس جمهور فرانسه در نشست امنیتی مونیخ از نشست مخالفان جمهوری اسلامی در دانشگاه جورجتاون استقبال کرد و گفت به زودی با اپوزوسیون متحد ایران دیدار خواهد کرد و برای شنیدن خواستههای مردم ایران آماده است.
باید رهبران جهان را وادار کنیم که از این پس به جای دیدار با… pic.twitter.com/3n9zxt7M32— Masih Alinejad 🏳️ (@AlinejadMasih) February 17, 2023
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا، ناڕەزایی بەرامبەر قسەکانی ماکرۆن پیشاندا و گوتی، “ئەو کەسانەی لەگەڵ هەندێک کەسی بێناسنامە دیدار دەکەن نە باوەڕیان بە دیموکراسیە هەیە و نە گەلی ئێران دەناسن.”
خۆپیشاندانى ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، 16ی ئەیلولی ساڵی 2022 دواى گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، پێج مانگە بەردەوامە.
ئەم رووداوە، یەکێک لە رووداوە هەرە گەورەکانی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو کە لە مێژوودا تۆمارکرا. بەو هۆیەوە وڵاتانی رۆژئاوا، چەندین گەمارۆی نوێیان لەسەر کەسایەتی و ناوەندە دەوڵەتیەکانی ئێراندا سەپاند و کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا.