زووم، ئاژانسەکان
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی شیکارییەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئێران هێزی ئاسمانی خۆی پەرەپێداوە و ئامادەکارییەکانی تەواوکردووە بۆ وەرگرتنی فڕۆکەى جەنگی سوخۆی روسی.
شیکاریەکەی نیویۆرک تایمز پشتی بەستووە بە وێنە و ڤیدیۆی مانگی دەستکرد، بەگوێرەى رۆژنامەکە یەکێک لە وێنەکان مۆدێلێکە بە قەبارەی فڕۆکەی جەنگی روسی.
شیکاریەکە پشتی بەستووە بە وێنە و ڤیدیۆی مانگی دەستکرد
هەروەها شیکاریەکە پشتی بە وێنەیەک بەستووە کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی وەرگیراوە، ڤیدیۆکە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، کە ڤیدیۆی بنکەیەکی ئاسمانییە لەژێر زەویدا، وێنەی فڕۆکەکان هاوشێوەی دیزاینی فڕۆکەی “سۆخۆ35″ن.
نیویۆرک تایمز، چەند وێنەیەکی مانگە دەستکردەکانی بڵاوکردووەتەوە، کە وێنەی بنکەیەکی سەربازین لە ناوچەیەکی شاخاوی لە پارێزگای هورمزگان، لە باشوری ئێران.
لە 7ـى شوباتدا سوپای ئێران پەردەی لەسەر یەکەمین بنکەی ئاسمانی لادا لەژێر زەوی، کە ناوی “عوقاب 44” بوو.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەی لە لایەن سوپای ئێرانەوە راگەیەندراون، ئەو بنکەیە کە لە قوڵایی شاخەکاندا هەڵکەندراوە، توانای هەڵگرتن و کارپێکردنی جۆرە جیاوازەکانی فڕۆکەی جەنگی، بۆمبهاوێژ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەیە.
لە گرتەیەکى ڤیدیۆیی کە کەناڵێکی ناوخۆیی ئێران بڵاویکردەوە، فەرماندەی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لیوا محەمەد باقری، لەگەڵ فەرماندەی گشتی سوپای ئێران، عەبدولڕەحیم موسەوی، سەردانی بنکەکە دەکەن، کە شوێنی هەڵگرتنی فڕۆکە جەنگییەکانە لەگەڵ بوونی سەنتەری چاککردنەوە و رێکخستن و عەمباری هەڵگرتنی سوتەمەنی، ناوەندی هۆشداریدان و ناوەندی فەرماندەیی تێدایە.