رۆژی هەینی نرخى گازی سروشتی لە ئەوروپا دابەزی، دابەزینێک کە لە ئەیلولی ساڵی 2021ەوە بەو شێوەیە نەبووە. تەنها دوێنێ 5%ى نرخەکەى لەدەستدا، ئەوەش هیوا بۆ ئەوروپییەکان دەگەڕێنێتەوە، کە پێشتر ترسی کەمى گاز و وەرزى زستان باڵى بەسەرداکێشابوون.
نرخی ئێستاى یەک مێگاوات گازی سروشتی لە کاتژمێرێکدا 52 دۆلارە. لەکاتێکدا مانگی ئابی ساڵی رابردوو 345 دۆلار بوو، کە ئەوکات بەرزترین ئاستی تۆمارکردبوو. کەواتە نرخى ئێستا بەراورد بە رابردوو 86.9% دابەزیوە.
دابەزینی نرخی گازی سروشتی گۆڕانکارییەکی نوێیە بۆ کیشوەرى ئەوروپا. چەند مانگێک پێش ئێستا وڵاتانى ئەوروپا روبەڕوی کورتهێنانێکی زۆر بوونەوە لە دابینکردنی گازی سروشتییدا.
دابەزینی نرخی گاز، مەترسیی پاشەکشەی ئابوری وڵاتانى ئەوروپا کەمدەکاتەوە
ئێستاش بە دابەزینی نرخەکە مەترسیی پاشەکشەی ئابوری وڵاتانى ئەوروپا کەمدەکاتەوە.
ساڵی رابردوو، روسیا هەناردەی گازی سروشتی بۆ ئەوورپا کەمکردەوە، کە وەک کاردانەوەیەک دژی وڵاتانى رۆژئاوا بەکاریهێنا لەبەرامبەر سزاکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە.
هەرچەندە ئەمساڵى ئەورپا هەمان کەشە ساردەکەى ساڵانى رابردووى نەبوو، خەڵکیش دەستیان بە بەکارهێنانى گازەوە گرتووە، چونکە بەرزى نرخەکەى و قەیرانى کەمى بەشێوەیەک کارى لەسەر کرا، خەڵکى پێش وەرزى زستان خۆیان بۆ ئامادەکرد و لەسەر کەمبەکارهێنانى خۆیان راهێنا.
سەرئەنجام برێکی زۆر گاز لە عەمبارەکاندا مایەوە، بەشێکی دیکە لە وڵاتان پەنایان بردە بەر دۆزینەوەی بەدیلێک بۆ گازی سروشتی، کە رەنگە لەهەر کاتێکدا بکەوێتە ژێر مەترسیی کورتهێنان و بەرزبەوونەوەی نرخ.
بەشێکی دیکەی هۆکاری دابەزینی نرخی گازی سرشتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو یەدەگە زۆرەی کە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هەیانە.
بەگوێرەى دامەزراوەی ژێرخانی گازی ئەوروپا، وڵاتانی ئەوروپا بەرێژەی 65%ی گازی عەمبارکراویان هەیە، لەکاتێکدا لە شەش ساڵ پێش ئێستا رێژەکە 45% بوو.
سەرەڕای هەبوونی بۆریی گازی سروشتی کە لە نەرویجەوە گاز بۆ ئەوروپا دابیندەکات، کازی شل LPGـیش یەکێکی دیکەیە لە سەرچاوکانی دابینکردنی سوتەمەنی بۆ ئەوروپا، کە لە قەتەر و ئەمریکاوە هاوردە دەکرێت.
هێنینگ گلۆیستەین، بەرپرسی وزە، ژینگ و سەرچاوەکان لە گروپی ئۆراسیا، بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی راگەیاندووە ئەوروپا سەرکەوتووانە پشتبەستنی خۆی بە گازی روسیا کێشایەوە.
راشیگەیاند، سەرەڕای ئەوەی هێشتا نرخەکەی بەرزە و نەگەڕاوەتەوە بۆ نرخی پێش سەرهەڵدانی قەیرانەکان، بەڵام ئەو نخەى ئێستا کاریگەرییەکى ئەوتۆ لەسەر کورتهێنانی گاز دروستناکات.
رەنگە ئەوروپا لە ساڵی داهاتوودا توشی هەمان قەیرانی ئەمساڵی ببێتەوە
سالۆمۆن فیدڵەر، ئابوریناس لە بانکی بێرنبێرگ رایگەیاند، ئەگەر پلەکانی گەرما لە زستانی داهاتوودا وەک ئەمساڵ بن، ئەوروپا کێشەیەکی ئەوتۆی لە دابینکردنی گازی سروشتیدا بۆ دروست نابێت.
بەڵام ئەگەر پلەکانی گەرما زیاتر دابەزین و هاوردەی گازی روسیا وەک ئێستا کەم بێت، رەنگە ئەوروپا لە ساڵی داهاتوودا توشی هەمان قەیرانی ئەمساڵی ببێتەوە.