زووم، ئاژانسەکان:
کۆنفرانسی “میونشن بۆ ئاسایشی جیهانی” ئەمساڵ لە سەرووبەندی قەیرانی جیهانی وزە و قەیرانی خۆڕاکدا بەڕێوەدەچێت، لە کاتێکدا جەنگی رووسیا دژ بە ئۆکراین نزیک دەبێتەوە لە یەک ساڵ. کۆنفرانسەکە دەبێتە شوێنی کۆبوونەوەکانی نێوان سەرکردەکانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بۆ یەکەم جاریش لە دوای 20 ساڵ رووسیا بەژداری کۆنفرانسەکە ناکات.
کۆنفرانسی “میونشن بۆ ئاسایشی جیهانی” ئەمرۆ هەینی 17 شوباتی 2023 بە گوتارێکی ڤیدیۆیی فلادمێر زیلنیسکی سەرۆکی ئۆکراین دەستیپێکرد، دوابەدوای ئەویش هەریەک لە ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا گوتارییان هەبوو.
کۆنفرانسی میونشن ساڵانە لە هەرێمی باڤارییا لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت
کۆنفرانسی میونشن ساڵانە لە هەرێمی باڤارییا لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت و تیشک دەخرێتە سەر دیبلۆماسییەت و بەرگری، نوێنەری 96 وڵاتی جیاواز بەژداری تێدادەکەن .
تەوەری سەرەکی کۆنفرانسی ئەمساڵ جەنگی رووسیا دژ بە ئۆکراین دەبێت کە 24ی ئەم مانگە یەک ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر جەنگەکەدا. لەهەمانکاتدا نوێنەری وڵاتان لە کۆنفرانسەکە تاوتوێی کاریگەرییە جیهانییە دوور مەوداکانی جەنگەکە دەکەن لەسەر دابینکردنی وزە و نرخی خۆراک لە جیهاندا .
فلادمێر زیلنیسکی سەرۆکی ئۆکراین لە دەسپێکی گوتارەکەیدا گووتی: سوپاسی هاوبەشەکانمان و یەکێتی ئەوروپا دەکەین بۆ پاڵپشتییە داراییەکان و هاوکارییە سەربازییەکان کە رەوانەی ئۆکراینی دەکەن، دەشڵێت: پێویستمان بە کۆدەنگی خێرا و بڕیاری خێرا هەیە بۆ سنووردارکردنی توانای رووسەکان لە جەنگەکەدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر “ینس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاندبوو: ئەگەر پوتین لە ئۆکرانیا سەرکەوت، دەبێتە پەیامێک بۆ رژێمە تاکڕەوەکانی تر کە بەکارهێنانی هێز پاداشتی دەدرێتەوە.
سەرۆکی فەرەنسا: جەنگی ئۆکراین تەنها جەنگێکی ئەوروپی نیە بەڵکو پەیوەندی بە هەموو جیهانەوە هەیە
لە بەشێکی تر کۆنفرانسەکەدا ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا باسی لە جەنگی ئۆکراین کرد و گوتی: جەنگی ئۆکراین تەنها جەنگێکی ئەوروپی نیە بەڵکو پەیوەندی بە هەموو جیهانەوە هەیە.
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە درێژەی قسەکانیدا گووتی: ئێستا کاتی گفتوگۆ و دانوستان نییە، بەو پێیەی رووسیا جەنگی هەڵبژاردووە و دەبێت روبەڕووی ببنەوە، جیهان لە بەرامبەر دەستدرێژی رووسیادا یەکگرتوویی بەهێزی نیشانداوە، بەتایبەتی لە بواری گەمارۆکاندا.
رووسیا دوورخراوتەوە لە کۆنفرانسەکە
بۆ یەکەم جار و پاش 20 ساڵ رووسیا بانگێشتی کۆنفرانسەکە نەکراوە
کریستۆف هیوسگن، راوێژکاری پێشووی سیاسەتی دەرەوەی ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا، بۆ یەکەم جار سەرۆکایەتی کۆنفرانسی ئەمساڵ دەکات. لەسەر بڕیاری بانگێشت نەکردنی رووسیا بۆ کۆنفرانسەکە گووتی: نایەوێت دەرفەت بە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا و حکومەتەکەی بدات پڕوپاگەندە بڵاوبکەنەوە.
لای خۆیەوە میخائیل خودۆرکۆڤسکی ناڕازی لە سیاسەتی رووسیا رایگەیاند: بە دووری دەزانێت تاکو ڤلادمێر پوتین لە دەسەڵاتدا بێت بگەن بە ئاشتی لە ئۆکراین.
خودۆرکۆڤسکی رۆژی پێنجشەممە پێش کردنەوەی پێش کۆنفرانسەکە لە میونشن گووتی: تاکو رژێمی پوتین لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، جەنگەکە کۆتایی نایەت. ئاماژەی بەوەشکرد، پوتین هەوڵدەدات خەڵک قەناعەت پێبکات کە هۆکاری جەنگەکە گرنگ نییە، بەڵام شکستهێنان لە جەنگەکە زیانی بۆ ئەوان و خێزانەکانیان دەبێت.
کامیلا هاريس جێگری سەرۆکی ئەمریکا چاوی بە ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا دەکەوێت
بریارە ئەمرۆ هەینی دوو گوتاری دیکەی گرنگ لە کۆنفرانسی میونشن لەلایەن هەریەک لە چن رێنر، بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەوەی چین و کامیلا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پێشکەش بکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە بەرپرسی کۆشکی سپی رۆژی پێنجشەمە رایگەیاندبوو جێگری سەرۆکی ئەمریکا له میانه ی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن چاوی به راوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ریشی سوناک و سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن دەکەوێت.
بەرپرسەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ هەریەک سەرۆک وەزیرانی فینلاند و سویدیش کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بوونیان بە ئەندامی ناتۆ، هەروەها لە دیدارەکانی لەگەڵ سەرکردە بیانییەکان پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین تاوتوێ دەکات. بەرپرسی کۆشکی سپی دەشڵێت: جێگری سەرۆکی ئەمریکا هەنگاوەکانی داهاتووی پشتیوانی ئەمریکا لە ئۆکرانیا لە بەرەکانی جەنگدا تاوتوێ دەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە گرژی و ئاڵۆزی گەورە لە نێوان ئەمریکا و چین هەیە دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو ئەمریکا باڵۆنێکی چینی لەسەر ئاسمانی ئەمریکا خستە خوارەوە.
بە پێچەوانەی ساڵانی رابردوو لە کۆنفرانسەکەی ئەمساڵدا سەرکردەکانی ئێران و نوێنەرانی حزبی “بەدیل لە پێناو ئەڵمانیا” کە حزبێکی “راستڕەویی وتوندڕەوە”دوورخراونەتەوە، ساڵانە 40 سەرۆک وڵات و زیاتر لە 100 وەزیری وڵاتان بەژداری کۆنفرانسەکە دەکەن