زووم:
ئەیوب وەرتی، زوومی هەولێر، رایگەیاند، پۆلیسی هەولێر گەشتیارێکی بە 12 هەزار دۆلاری ساختەوە دەستگیرکردووە، “ئەو کەسەی دۆلارە ساختەکانی پێ گیراوە هەڵگری پاسپۆرتی ئێرانییە و لە تورکیا دەژی”.
دەستبەسەرداگرتنی ئەو دۆلارە ساختانە لەکاتێکدایە چوار رۆژ لەمەوبەر وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە لە بازاڕەکاندا زیادی کردووە.
وەزارەتی دارایی ئاشکرایکردبوو دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارەی ساختەدا گیراوە لە جۆرەکانی 25 هەزاری و 50 هەزار دیناریی لەگەڵ 50 دۆلاری و 100 دۆلاری.
رۆژی 21ی مانگی رابردووش، پۆلیسی هەولێر رایگەیاندبوو، کەسێک لە هەولێر نۆ هەزار و 800 دۆلار و یەک ملیۆن و 850 هەزار دیناری ساختەی پێ گیراوە.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە دابوو، جۆری دراوە ساختەکان کوالێتییان “زۆر بەرزە و بە ئاستەم دەناسرێنەوە”. تەنها دوو ئامێری بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر دراوە ساختەکەیان دەستنیشان کردووە. بۆیە پۆلیسی هەولێر داوای لە هاوڵاتیان کردووە وریا بن لە کاتی مامەڵەکاندا.