زووم:
لەمڕۆوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دۆلاری 132 هەزار دیناریی بە گەشتیاران دەفرۆشێت، مامەڵەکە لەلایەن نووسینگەی بانکی ئیقلیمی بازرگانییەوە بەڕێوەدەچێت، ئەوان بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندیی عێراق دەست بە پرۆسەی گۆڕینەوەی دینار بە دۆلار دەکەن.
هەر گەشتیارێک لە مانگێکدا تەنها یەک جار سوود لەم بڕیارە دەبینێت، پێویستە گەشتیارەکە تەمەنی سەروو 18 ساڵ و هەڵگری پاسپۆرتی عێراقی بێت.
بە گوێرەی راگەیەنراوێکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، پێویستە گەشتیار تكت و بەڵگەنامەکانى تایبەت بە گەشتكردنی پێ بێت و پاش تەواوكردنی رێکارەکانی تایبەت بە گەشتكردن لە دوا وێستگەى فڕۆکەخانە لە هۆڵی ترانزێتی تێرمیناڵ پارە گۆڕینەوەكەی بۆ ئەنجام دەدرێت.
“هەر گەشتیارێک رێگەپێدراوە کە بڕی یەک دەفتەر دۆلار و 200 هەزار دینارى عێراقى لەگەڵ خۆى بباتە دەرەوە”.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، گەشتیاران ئاگاداردەکاتەوە: ئەو گەشتیارانەى دەیانەوێت ئاڵوگۆڕى دراو بکەن، پێویستە چوار کاتژمێر پێش ئەنجامدانى گەشتەکەیان لە تێرمیناڵى فڕۆکەخانە ئامادەبن.
فرۆشتنی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندیی عێراق بە گەشتیاران، یەکێکە لەو رێکارانەی عێراق گرتوویەتیە بەر لە پێناو بەرزکردنەوەی بەهای دینار. لەکاتێکدا مانگی رابردوو دۆلار بە رادەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشت 176 هەزار دینار، بەڵام ئێستا لەنێوان 148 هەزار بۆ 153 هەزار دینار یاری دەکات.