دەزگای کارەسات و فریاگوزاریی خێرای تورکیا (ئافاد) ئاماری نوێی گیانلەدەستدانی بومەلەرزەکەی شەشی شوبات راگەیاند و ئاشکرایکرد، تاوەکو ئێستا 36 هەزار و 187 کەس لە بومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
دەزگای ئافاد راشیگەیاندووە، لە پێنج پارێزگا پرۆسەی گەڕان و رزگاکردن کۆتایی هاتووە ئەوانیش ئامەد، کیلیس، عوسمانییە، روحا و ئەدەنەن، بەڵام لە پێنج پارێزگاکەى دیکە، واتە مەرەش، دیلۆک، هاتای، سەمسور و مەلەتی پرۆسەکە بەردەوامە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی دەزگای ئافاد، لە 81 وڵاتەوە، نۆ هەزار و 456 کارمەندی بیانی لە پارێزگاکانی مەرەش، دیلۆک، سەمسور و مەلەتی کار دەکەن، هەروەها 249 هەزار و 89 کارمەندی ناوخۆیی لە رێگەی 12 هەزار و 235 ئامێر هەوڵی رزگارکردنی هاوڵاتیان دەدەن.
لە لایەکی دیکەوە لە پارێزگای مەلەتی دەست بە بنیاتنانی کەمپی کۆنتەینەر کراوە، بەشێک لەو کۆنتەینەرانەی کە لە وڵاتانی جیهانەوە گەیشتوونەتە پارێزگاکە، لە یاریگا و پارکەکان دانراون، بە گشتی تاوەکو ئێستا 227 هەزار و 762 چادر و دوو ملیۆن و 607 هەزار و 390 بەتانی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکراون.
لە راگەیەندراوەکەی ئافاددا باسی ئەوە دەکرێت کە دوای بومەلەرزەکانی شەشی شوبات، زیاتر لە چوار هەزار و 300 پاشلەرزە روویانداوە، واتە لە هەر 10 بۆ 15 خولەکێکدا بومەلەرزەیەک روودەدات و گوڕی بومەلەرزەکانیش لەنێوان پێنج و شەش پلەی رێختەرە.
بەگوێرەی ئامارەکان تاوەکو ئێستا 211 هەزار باڵەخانە روخاون یاخود زیانیان بەرکەوتووە.