زووم،ئاژانسەکان
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئاستی ئاوی دەریاکان لە جیهاندا زۆر خێرا بەرزدەبێتەوە، ئەم بەرزبوونەوە بێوچانەش مەترسی لەسەر چەندین وڵات دروستکردووە، ئەوانیش بەنگلادیش، چین، هیندستان و هۆڵەندان. ژیانی 900 ملیۆن کەس کە لەو ناوچە نزمانەدا دەژین، دەکەوێتە مەترسییەوە.
لە گوتارێکدا لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایش، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، تەنانەت ئەگەر پلەی گەرمبوونی گۆى زەویش بە “موعجیزە” لەژێر 1.5 پلەی سلیزیدا بمێنێتەوە، ئەوا بەرزبوونەوەى ئاستى ئاوى دەریاکان هەر بەردەوامدەبێت.
هەسارەی زەوی بەشێوەیەک رووی لە گەرمبوونە، “مەترسی لەناوچوون” دەخاتە سەر بەشێک لە وڵاتان
گوتێرێز هۆشداریدا لەوەی کە هەسارەی زەوی بەشێوەیەک رووی لە گەرمبوونە، “مەترسی لەناوچوون” دەخاتە سەر ئەو وڵاتانەی کە پێشبینیکراوە ئەم بەرزبوونەوەیەى ئاستى ئاوى دەریاکان کاریگەرییان لەسەر دروست بکات، هەروەها هەندێک وڵاتی دوورگەییش ژێر ئاو دەخات.
جگە لەو وڵاتە، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان، کاریگەریی جدی لەسەر ئەو شارە گەورانەی جیهان دەبێت کە دەکەونە سەر کەناری کیشوەرە جیاوازەکانى جیهانەوە لەوانەش: قاهیرە، لاگۆس، ماپوتۆ، بانکۆک، زاکا، جاکارتا، مۆمبای، شانگەهای، کۆپنهاگن، لەندەن، لۆس ئەنجلۆس، نیویۆرک، بۆینس ئەیرس و سانتیاگۆ.
بە گوتەى سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان لە ساڵانی 1900ەوە تا ئێستا، لە خێراترین ئاستدایە بە بەراورد بە 3000 ساڵی رابردوو، لە سەدەی رابردوودا، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دەریاکان، خێراترین ئاستی لە ماوەی 11 هەزار ساڵی رابردوودا تۆمارکردووە.
گوتێرێز رایگەیاند، بەپێی داتاکانی رێکخراوی کەشناسی جیهانی WMO لە ماوەی 2000 ساڵی داهاتوودا، ئەگەر پلەی گەرمبوونی زەوى لە 1.5یشدا بمێنێتەوە، ئاستی ئاوی دەریاکان 2 بۆ 3 مەتر هەر بەرزدەبنەوە، خۆ ئەگەر بشگاتە سەرووی دوو پلە، ئەوا ئاستی ئاوی دەریاکان شەش مەتر بەرزدەبنەوە.
وڵاتە نزمەکان، ژێر ئاو دەکەون و جیهان شاهیدى کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتووان دەبێت
ئاماژەی بەوەشداوە، لێکەوتەکانی ئەو مەترسییە “لە خەیاڵدا نییە” وڵاتە نزمەکان، ژێر ئاو دەکەون و جیهان شاهیدى کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتووان دەبێت. سەرەڕای ئەمەش، ململانێی توند لەسەر ئاوی پاک و زەوی نیشتەجێبوون سەرهەڵدەدات.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا، گوتێرێز هۆشداریدا لەوەی کە 20 وڵاتە زلهێزەکانی جیهان، هەنگاوی پێویستیان نەناوە بۆ کەمکردنەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوى. داواشی لە سەرکردەکان کرد یارمەتی وڵاتە تازە پێشکەوتووەکان بدەن بۆ پەنابردنە بەر بەکارهێنانی وزەی خاوێن، تا بتوانن کەمتر سوتەمەنی وەکو سەرچاوەی سەرەکی وزە بەکاربهێنن، کە هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییە لە جیهاندا.