تاوەکو سەرەتاى هەفتەى رابردوو، تورکیا ناڕاستەوخۆ لە کەشى بانگەشەى هەڵبژاردندا بوو، بەڵام بومەلەرزە هەمووشتێکیانی ئاوەژوو کرد. ئێستاش پێشبینى بومەلەرزەیەکى دیکە دەکرێت، بەڵام ئەمەیان سیاسییە، نەک سروشتى.
بەدرێژایى هەفتەى رابردوو شتێک کە لە تورکیا باسی لەنێو باساندا نەبوو، هەڵبژاردنەکان بوو، بەڵام شەوى رابردوو دۆخەکە گۆڕا.
بولەند ئارنچ، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی تورکیا و یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) واتە پارتەکەى رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەو بە تویتێک پارتەکانى ئۆپۆزسیۆنى راچڵەکاند، کاتێک داوای کرد هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکە بۆ ساڵێک دوابخرێن.
ئەو دەڵێت “لە کاتێکدا هاوڵاتیانمان لە دۆخی کارەساتدان، ناکرێت هەڵبژاردن لە مانگی ئایار یان حوزەیراندا ئەنجام بدرێت.”
ئارنچ، پێشنیازیش دەکات هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی، هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی شارەوانی لە ساڵی 2024دا ئەنجام بدرێن.
ئارنچ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانى توڕە کرد، هەریەکە و لەلایەکەوە کەوتە وەڵامدانەوەى.
کەمال کلچدارئۆغلۆ، سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەڵێت، لە دەستوری بنەڕەتیدا زۆر بە ئاشکرا باس لە هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردنەکان کراوە. کە تەنیا لە دۆخی شەڕدا دەتواندرێت هەڵبژاردنەکان دوابخرێت. ئەگەر هیچ شەڕێک نەبێت، هەڵبژاردنەکان دواناخرێن. کەس ناتوانێت، لە دەرەوەی یاساکان و بە دڵی خۆی یاسایەک دابنێت. دەستوور هەیە و ئەگەر تورکیا دەوڵەتی یاسایە نابێت هەڵبژاردنەکان دوابخرێن.
دواى کڵیچدار ئۆغڵۆ، کورشاد زۆرلو، گوتەبێژی پارتی باش تویتێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت “لەبارەی وادەی هەڵبژاردنەوە قسە دەکرێت. بێگۆمان سەرەتا ئامانجمان سارێژکردنی برینی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەیە. بەڵام بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و کێشەکانی دیکەی وڵات ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیدا بە گرنگ دەزانین.”
هاوپەیمانى گەل واتە شەش لایەنەکە هەڵوێستیان توند دیارە بەرامبەر بە هەوڵى دواخستنى هەڵبژاردنەکان، سەرکان ئوزکان، گوتەبێژی پارتی دوارۆژە، ئەو بە تویتێک ناڕەزایەتی پارتەکەى بەرامبەر قسەکانی بولەند ئارنچ، دەربڕى و گوتی، “راستە لە قۆناغێکی زۆر بەئازارداین، بەڵام هەر هەنگاوێک لە دەرەوەی دەستووری بنەڕەتی تورکیا، وەک کودەتایەکی مەدەنی لەدژی ئێمە و گەلەکەمان لەقەڵەم دەدرێت.”
ئیدریس شاهین، گوتەبێژی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەبا) لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا گوتى، دەستوور هەیە و یاسای هەڵبژاردن هەیە، هەڵبژاردن بەگوێرەی ئەو یاسایانە ئەنجام دەدرێت. یاسا چی دەڵێت؟ مادەی 78ی دەستووری بنەڕەتی بە رونى دەڵێت، تەنها لەکاتى شەڕدا پەرلەمان دەتوانێت هەڵبژاردنەکان بۆ ماوەی ساڵێک دوابخات. بە پێچەوانەوە هیچ هۆکارێکی دیکە ناتوانێت هەڵبژاردن دوابخات.”
هەرچەندە پەکەکە بەشێک نییە لە پرۆسەى هەڵبژاردن، بەڵام لە رۆژانى سەرەتاى بومەلەرزەکان رایگەیاند، ئاکەپە و مەهەپە بومەلەرزەکان دەکەن بە هۆکارێک بۆ مانەوەیان لەدەسەڵات.
سەلاحەدین دەمیرتاش، کە لەنێو زیندانەوە بەردەوام لە رێگەى تویتەکانییەوە جەخت لە هەڵبژاردن و یەکگرتنى پارتەکانى ئۆپۆزسیۆن دەکاتەوە، ئێستاش ترسی لە دواخستنى هەڵبژاردن هەیە.
ئەو دەڵێت ” لە کاتێکدا هەموو کەسێک سەرقاڵی کارەساتی بومەلەرزەن، بەڵام کۆمەڵێک سیاسی هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەدەن. جارێکی دیکە بەم شێوەیە ئامادەکاری بۆ پێشێلکردنی دەستوور دەکەن.”