زووم:
دەستەی دەستپاکی رایگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ وەزیری پێشووتری گواستنەوەی عێراق دەرچووە، بەهۆی ئەوەی بە ئەنقەست زیانی بە بەرژەوەندییەکانی حکومەت گەیاندووە و سەرپێچی لە یاسا و رێساکان کردووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی زووم، ئەو وەزیرەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، کازم فنجانە، کە لە سەردەمی کابینەکەی حەیدەر عەبادیدا بۆ ماوەی دوو ساڵ (2016-2018) وەزیری گواستنەوە بووە، لە هەڵبژاردنەکانی 2018شدا لەسەر لیستی عەبادی کورسییەکی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا، ئاشکرایکردبوو، کە وەزیری پێشووتری گواستنەوە دەدرێتە دادگا، بەوپێیەی لە گرێبەستەکانی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقدا سەرپێچی کردووە و زیانی بە سامانی گشتیی گەیاندووە.
ئەوکات دادگای لێکۆڵینەوەی رەسافە، کە تایبەتمەندە بە دۆسیەکانی دەستەی دەستپاکی، بڕیاری دەرکردبوو کازم فنجان بچێتە بەردەم دادگا بە گوێرەی مادەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی.
بە گوێرەی بەڵگەنامەکانی دادگا، کازم فنجان بە شێوەیەکی نایاسایی چەندین کارمەندی لە نووسینگە وەهمییەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراق دامەزراندبوو لە هەریەک لە وڵاتانی ئیسپانیا و سوید و تونس، لەکاتێکدا هێڵی ئاسمانیی عێراق هەرگیز نووسینگەی لەو وڵاتانە نەبووە.
چوار ساڵ لەمەوبەریش کەناڵێکی میسری ئاشکرایکردبوو، کازم فنجان لە دۆسیەیەکی گەندەڵییەوە تێوەگلاوە و لەگەڵ چەند خاوەنکارێکی دیکەی عێراقیدا یاساکانی وەبەرهێنانی میسریان پێشێلکردووە.
کازم فنجان لەدایکبووی 1958ی بەسرەیە، ماوەیەک بە لێدوانە مشتومڕئامێزەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی داگیرکردبوو، ساڵی 2016 کاتێک سەردانی پارێزگای زیقار دەکات بۆ بەسەرکردنەوەی پرۆژەی دروستکردنی فڕۆکەخانەی ناسریە، گوتبووی “یەکەم فڕۆکەخانە لە مێژووی ئەم هەسارەیەدا لە زیقار بووە، لە سەردەمی سۆمەرییەکاندا واتە حەوت هەزار ساڵ لەمەوبەر”.