وادەردەکەوێت محەمەد شیاع سودانی بە جادەیەکی قیردا گەیشتبێتە هەرەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە عێراق، بەڵام دۆخەکە پێناچێت بەو شێوەیە بمێنێتەوە، چیدیکە جادە قیرەکە نامێنێت و لەمەودوا دەبێت بەرگەی رێگەیەکی مینڕێژکراو بگرێت.
رەنگە هیچ سەرۆکوەزیرانێکی راسپێردراو لە عێراق هێندەی سودانی نەیتوانیبێت بەو خێراییە کابینە وەزارییەکەی تەواوبکات، ئەو لە 13ی مانگ لەلایەن سەرۆککۆماری نوێوە راسپێردرا و ئەگەریش زۆرە شەممەی داهاتوو کابینە وەزارییەکەی بخاتە بەردەم پەرلەمان، واتە پرۆسەکە لەلای سودانی نۆ رۆژی خایاندووە.
ئەم جوڵە خێرایەی پرۆسەی سیاسیی لە عێراق، پاش ساڵێک دێت لە ئیفلیجبوون و بێنە و بەردەی نێوان لایەنەکان، بەڵام بە ئێستاشەوە هیچ گرەنتییەک نییە پرۆسەکە بەو خێراییە بەردەوام بێت، بەشی ئەوەندە هۆکار هەیە کە پرۆسەکە خاوبکاتەوە، یاخود ببێتە بەربەست لە بەردەم حکومەتی نوێدا.
دۆسیەی سیاسی و ئەمنی، یەکەمین مینی چێنراو دەبێت لەسەر رێگەکەی سودانی. لەلایەک دەبێت خەمی ئەوەی بێت، کە چۆن گروپ و میلیشیا چەکدارەکان کۆنتڕۆڵ بکات و خۆی لە درۆنە وێڵەکان لابدات، لەلایەکی دیکەش دەبێت پلانی بۆ هەڕەشە و سنوربەزاندنەکانی تورکیا و ئێران هەبێت. ئەمە جگەلەوەی هێشتا نازانرێت رەوتی سەدر چۆن مامەڵە لەگەڵ کابینەی نوێ دەکات، سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانیش لە بەغداد هەمیشە یەکێک دەبێت لە ئەگەرە بەهێزەکان.
هەر لە رووی سیاسییەوە، سودانی ئاڵنگارییەکی دیکەی لەبەردەمە، ئەویش چۆنێتیی مامەڵەکردنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دەبێت بیر لە مادەی 140 و یاسای نەوت و غاز بکاتەوە، سەرباری کردنەوەی گرێکوێرەی ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵییەوە، ئەگەرچی سودانی بۆچوونی پێشوەختەی هەیە و پێیوایە بڕیارەکانی دادگا قابیلی موناقەشە نییە.
دووەم بۆمبی بەردەم سودانی، بۆمبی گەندەڵییە، ئەو دۆسیەیەی لە دوای ساڵی 2003ەوە تەنگی بە عێراق هەڵچنیوە، بەگوێرەی راپۆرتەکان قەبارەی گەندەڵی لە وڵات سەدان ملیار دۆلارە.
بەوپێیەی سودانی ساڵانێکی زۆرە لەنێو پرۆسە سیاسییەکەدایە، بۆیە جێی سەرسوڕمان نەبوو، کە لە یەکەم پەیامی پاش راسپاردنیدا باسی گەندەڵی بکات و بڵێت بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کاری لە پێشینەی دەبێت.
وشکەساڵی و کشتوکاڵ، سێیەم بۆمبی سەر رێگەکەی سودانییە، عێراق ئێستا وڵاتێکە گیرۆدەی وشکەساڵی بووەتەوە، یەکێکە لەو وڵاتە دەگمەنانەی جیهان، کە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا زۆرترین زیانی پێدەگەیەنێت، بۆیە ئەرکی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە روبەڕوی ببێتەوە.
بەوپێیەی سودانی لە زانکۆ کشتوکاڵی خوێندووە، بۆیە دەبێت لە هەموو کەس باشتر بزانێت، کە پاشەکشەی کشتوکاڵی عێراق چی بەسەر خەڵکی وڵاتەکەدا هێناوە.
ئەگەر رۆژی شەممەی داهاتوو کابینە وەزارییەکەی سودانی بچێتە بەردەم پەرلەمان و دەنگی پێبدرێت، ئەوکات سودانی روونتر هەست بەبوونی رێگە مینڕێژکراوەکە دەکات، هەر هەڵەیەکی بچوک دەیگەڕێنێتەوە خاڵی سەرەتا.