زووم:
فەرمانگەى میدیا و زانیاریی حکومەتى هەرێمى کوردستان راپۆرتى نیوەى دووەمى 2022ـى کەرتى نەوتى هەرێمى بڵاوکردەوە و دەڵێت ژمارەکان لەلایەن کۆمپانیاى دیلۆیتەوە وردبینى بۆ کراوە و پشتڕاستکراوەتەوە.
بەگوێرەى راپۆرتەکە، لەو ماوەیەدا نزیکەى 79 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەکراوە و بەشێکیشى بە پاڵاوگە ناوخۆییەکان فرۆشراوە.
“بە تێکڕا نرخى هەر بەرملێک نەوت بە 69.4 دۆلار بووە”
“داهاتى نەوتى هەرێمى کوردستان لە ماوەى ئەو شەش مانگەدا زیاتر لە پێنج ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە کە زیاتر لە دوو ملیار و 775 ملیۆن دۆلارى بۆ خەرجى پرۆسەى نەوت رۆیشتووە و زیاتر لە دوو ملیار و 793 ملیۆن دۆلاریشى بۆ حکومەتى هەرێم ماوەتەوە و دراوە بە موچە”.
بەوپێیەش لە 49.8%ـى داهاتى نەوت لەو ماوەیەدا بۆ خەرجى پرۆسەى نەوت رۆیشتووە و لە 50.1%ـى داهاتەکە بۆ حکومەتى هەرێم ماوەتەوە. هەروەها ئەم رێژەیە ئاماژەیە بۆ ئەوەش کە خەرجییەكانی دەرهێنان و فرۆشتنى نەوت 6% كەمبووەتەوە.
ئەمەش بۆیەکەمجارە داهاتى گەڕاوەى نەوت بۆ حکومەتى هەرێم زیاترە لە خەرجى نەوت، لەکاتێکدا پێشتر 56%ـى داهاتى نەوت بۆ خەرجى دەرۆیشت و تەنها 44%ـى وەکو داهات بۆ حکومەتى هەرێم دەمایەوە، ئەمەش هەمیشە وەکو رەخنەیەک لە پرۆسەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەگیرا.