سێ هەفتە پێش ئێستا زریانێکی بەهێز ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا گرتەوە، دواى گیانلەدەستدانی 119 کەس، زریانەکە کۆتاییهات.
بەڵام بەکتریایەکی مەترسیداری بۆ جێهێشتوون، ناوى ‘ ڤایبریۆ ڤەلنیفیکەس’ە، بە بەکتریای گۆشتخۆر ناسراوە.
بەگوێرەى لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان لە زەلکاو و ئاوی پیسدا دەژین، لە رێگەی برینەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، لە هەندێک لە خواردنە دەریاییەکانیشدا هەیە، مرۆڤ توشى سکچوون و رشانەوە و ئازاری سک دەکات.
ڤایبریۆ ڤەلنیفیکەس لەگەڵ بەکتریاکانى دیکە جیاوازە، دەبێتەهۆی هەوکردن و قوڵبوونى برین و مردنی خانەکانی دوروبەری، گۆشتی دەوروبەری برینەکە نامینێت و بۆشایی دروستدەبێت.
لەم مانگەدا لە شارى لی فلۆدریدا 29 کەس توشی بەکتریاکە بوون
چوار کەسیان مردوون، تەندروستی فلۆریدا دەڵێت ژمارەی توشبووان لەزیادبووندایە، داوا هاوڵاتیان دەکات ئاگاداری برینەکانیان بن.
لەکاتی بەکارهێنانی ئاودا، بەتایبەتی ئاوی دەریا و روبارەکان، بەهۆى ترسی بەکتریاکە مەلەکردن و راوەماسی لە هەندێک ناوچە قەدەغەکراوە، بەکتریاکە پێشتریش هەبووە لەمساڵدا 65 کەس توشی بوون 11 کەسیان مردوون.
بەگوێرەى ئاماری سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشیەکانی ئەمریکا، لە پێنج کەسی توشبوو، یەکێکیان دەکوژێت، هەندێکجار لەماوەى رۆژێک یان دوو رۆژ توشبوو دەمرێت.
رێنمایی پزیشکان بۆ خۆپاراستن لە بەکتریاى گۆشتخۆر شتنى برینە بە ئاو و سابوون، پزیشکان دڵنیایی دەدەن بەکتریاکە ترسی گواستنەوەى لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ نییە.