نزیکەى هەفتەیەکە بومەلەرزە کارەساتبارەکە رویداوە، هێشتا خەڵکانێک لەژێر تاریکى داروپەردوى باڵەخانە روخاوەکاندا شەڕى مانەوەیان لە ژیان دەکەن، نابەناو کەسێک رزگار دەکرێت کە بە ئەستەم هەناسە دەدات، ئەوانەشى لە سوریا رزگاریان بووە لە دۆخێکى حراپدان و نەتەوەیەکگرتووەکانیش هۆشدارى دەدات.
ئەندامانی بەرگری شارستانی سوریا نیگەرانن لە کەمی هاوکارییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ باکوری رۆژئاوای وڵاتەکەیان.
هاوڵاتییانی ئەو ناوچانەی کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیانیان پێگەیشتوە، کە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکانی سوریا، گلەیی ئەوە دەکەن کە هاوکاریی مرۆییان پێنەگەیشتووە. ئەو ناوچە بەهۆی شەڕی 12 ساڵەی ناوخۆییەوە وێرانبووە.
مارتن گریفیتس، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی، دوێنێ سەردانی ئەو ناوچە سنورییانەی نێوان تورکیا و سوریای کرد کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، دانی نا بە کەمی هاوکارییە مرۆییەکانی سوریادا و رایگەیاند، خەڵکی سوریا پێیانوایە پشتگوێخراون، چونکە ئەو هاوکارییانەی هەفتەیەکە چاوەڕێی دەکەن، تا ئێستا نەگەیشتووە.
گریفیتس لە دوای سەردانەکەی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند: ” ئێمە تائێستا، لە بەهانەوەچوونی خەڵکی لە باکوری رۆژئاوای سوریا شکستمان هێناوە. بەراستی ئەوان هەست بە پەراوێزخراویی دەکەن. لە چاوەڕوانی یارمەتی نێودەوڵەتیدان، بەڵام تائێستا پێیان نەگەیشتووە.”
At the #Türkiye–#Syria border today.
We have so far failed the people in north-west Syria.
They rightly feel abandoned. Looking for international help that hasn’t arrived.
My duty and our obligation is to correct this failure as fast as we can.
That’s my focus now.— Martin Griffiths (@UNReliefChief) February 12, 2023
گوتیشی: ” ئەرکی ئێمە ئەوەیە بە خێرایی ئەم شکستە راست بکەینەوە. ئێستا سەرنجی من لەسەر ئەو پرسەیە.”
ئەو ناوچانەی لە سوریا زیانی گیانی و ماددییان بەرکەوتووە، حەلەب، حەما، لازقییە، ئیدلیب، عەفرین و هەرێمی شەهبا دەگرێتەوە. سەرەڕای ئەمەش، هەندێک لە شارەکانی دەوروبەری زیانێکی کەمیان بەرکەوتوە، یەکێک لەوانە کۆبانێیە.
پێش بومەلەرزەکە، هاوکارییە مرۆییەکان لەرێگەی دەروازەی باب ئەلهەوا، کە هاوسنورە لەگەڵ تورکیا، دەگەیەندرانە ئەو ناوچانە. ئەم دەروازەیەش، تاکە دەروازەی رێپێدراو بوو لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا.
بەڵام بەگوێرەى نەتەوەیەکگرتووەکان، بەهۆی بومەلەرزەکەوە تورکیا رێگاکانی داخستووە و هاتووچۆ بۆ ئەو دەروازەیە لە سێ رۆژی دوای بومەلەرزەکە قەدەغەکرابوو. لەبەر ئەوە یەکەم کاروانی هاوکاریی مرۆیی بۆ سوریا لە رۆژی پێنجشەممەدا گەیشەتە ئەو ناوچانە. بەڵام ئەو هاوکارییانەی کە تائێستا رەوانەی سوریا کراون، هێندە کەمن بەشی پێویستییەکان ناکەن.
رائید ساڵح، بەڕێوەبەرى بەرگری شارستانی سوریا، کە بە کڵاو سپییەکان ناسراون رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە و هەینی دوو کاروانی هاوکاریی، کە پێکهاتبوون لە 20 بارهەڵگر، گەیشووتە سوریا. هاوکارییەکان شەکر، ئارد و زەیت بوون و رۆژانە بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەشدەکرێن کە لە خێمەکاندا نیشتەجێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە ئەو هاوکارییانە بۆ ئەو خەڵکە نییە کە لە بومەلەرزەکەدا لێیان قەوماوە، بەڵکو بۆ ئەوانەیە کە پێشتر ئاوارە بوون و لە کامپەکاندا ماونەتەوە.
ساڵح لە وەڵامی تویتەکەی گریفیتسدا نوسیویەتی: “دوا بەدوای بینی جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر سنووری نێوان تورکیا و سوریا، ئێمە ئەو داوای لێبوردنەیان بەرز دەنرخێنین کە لەبارەی کورتهێنانی هاوکارییەکان و هەڵەکانیانەوە دەریان بڕیوە.”
داواشیکرد، رێگەی وشکانیی دیکە لەسەر سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بکرێتەوە، کە لە ئێستادا تەنها یەک دەروازە بە رەزامەندیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بوونی هەیە.
https://twitter.com/RaedAlSaleh3/status/1624762249976897536?s=20&t=QPU7YRVtfS8D94RB0rXlUA
حکومەتی سوریا لە دیمەشقەوە چەندین هاوکاریی نێودەوڵەتیی پێگەیشتووە، بەڵام تائێستا بەرچاورونییەک نییە لەوەی کە ئایا حکومەت بە یەکسانیی ئەو هاوکارییانە بەسەر ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا دابەشدەکات یان نا.
سیڤانکا داناپالا، نوێنەری سوریای کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNHCR)، رایگەیاند، 5.3 ملیۆن کەس بەهۆی بومەلەرزەکەوە لە سوریا بێ ماڵ بوون.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی حکومەتی سوریا، تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لەسەردانێکیدا بۆ شاری حەلەب، بڕی 35 تەن پێداویستی پزیشکی لەگەڵ خۆیدا گەیاندە ئەو وڵاتە و رایشیگەیاند لە ماوەی دوو رۆژی دیکەدا فڕۆکەیەکی دیکەی هاوکارییەکان دەگاتە ئەو وڵاتە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان داواکارییەکی بەپەلەی لە ئەنجومەنی ئاسایش کردووە کە هەفتەی داهاتوو لەبارەی دۆخی سوریاوە کۆببێتەوە بۆ ئەوەی بڕیار بدەن، بەمەبەستی گەیاندنی هاوکارییەکان، دەروازەیەکی نوێ بەڕووی سوریادا بکرێتەوە.
رۆژی هەینی حکومەتی سوریا رایگەیاند، کە رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناوچە زیان لێکەوتووەکان، کە لەدەرەوەی کۆنتڕۆڵی خۆیانن. بەڵام گوتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ئەو هاوکارییەکانەی کە لە ژێردەسەڵاتی حکومەتەوە بۆ ناوچەکانی باکوری رۆژئاوای ئەو وڵاتە نێردراون، لەلایەن گروپی چەکداریی هەیئەت تەحریر ئەلشام رێگرییان لێکراوە.
ئەم ناکۆکییە سیاسییانە لە کاتێکدان کە نەبوونی خۆراک، ئاوی خواردنەوە و شوێنی حەوانەوە بۆ خۆپاراستن لە سەرماوسۆڵەی زستان، دۆخی لیقەوماوانی بومەلەرزەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
بەگوێرەى دوایین ئامارەکانی بەرگری شارستانی سوریا، تائێستا زیاتر لە 4 هەزار و 500 کەس لە سوریا بەهۆی بومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە، پێشبینیش دەکرێت ئەو ژمارەیە لە رۆژانی داهاتوودا بەرزتر ببێتەوە، چونکە تیمە فریاگوزارییەکان هێشتا بەردەوامن لەگەڕان بەدوای ئەو قوربانییانەی کە لەژێر داروپەردووەکاندا گیریان خواردووە.