ترسی ئەمنى هەندێک لەو تیمە فریاگوزارییە بیانیانەى گەیاند بەو بڕوایەى دەستلەکارەکانیان هەڵبگرن و ئامادەکارى بۆ جێهێشتنى تورکیا بکەن.
بومەلەرزەکانی 6ی شوبات، 10 پارێزگاى باکورى کوردستان و تورکیای هەژاند، هەزاران کەس بوونە قوربانى، بەڵام بەگوتەى سەرچاوە ئەمنییەکانى تورکیا خەڵکانێک خەریکى “تاڵانکردن و دزین” لەنێو داروپەردوى باڵەخانە روخاوەکاندا، تاوەکو ئێستا 98 کەسیان بەو تۆمەتە دەستگیرکردووە.
بەگوێرەى میدیاکانى تورکیا لە چەند رۆژی رابردوودا، چەند هێرشێکى چەکداری لە پارێزگاى هاتای کراوە. ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری هاوڵاتیەکی خەڵکی شاری ئەنتاکیای سەر بە هاتای دەڵێت، چەندین گروپێک پەیدا بوون پەنجەرەى خانوو، دوکان و جامى ئۆتۆمبێل دەشکینن و “دز”ـی دەکەن.
هاوکات ئایلین کاباسکال، هاوڵاتیەکی دیکەی شارى هاتایە، کە قسەى بۆ ئاژانسی فرانس پرێسی کردووە، ئەو گوتویەتى، هاوڵاتیان ناچارن چاودێری خانوو و ئۆتۆمبێلەکانیان بکەن. چەندین گروپ دەرکەوتوون کەلوپەلی نێو ماڵان تاڵان دەکەن و پێویستە حکومەت دەستبەجێ چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە بدۆزێتەوە.
چەندین گروپ دەرکەوتوون کەلوپەلی نێو ماڵان تاڵان دەکەن
بەگوێرەى راگەیەندراوى دەزگاى فریاگوزارى تورکیا تیمى فریاگوزارى 72 وڵات گەیشتوونەتە تورکیا بۆ رزگارکردنى ئەوانەى لەژێر داروپەردوەکاندان.
بەڵام روداوەکانى چەند رۆژى رابردوو ترسی بۆ تیمە فریاگوزارییە بیانییەکان دروستکردووە. رۆژی شەممە تیمی رزگاکردنی نەمسا و رۆژی یەکشەممەش تیمەکانی رزگاکردنی ئەڵمانیا و ئیسرائیل کۆتاییان بە کارەکانیان هێنا و ئیسرایلییەکان تورکیایان جێهێشت، ئەڵمانی و نەمساویەکانیش ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەیان دەکەن.
پییەر کوگلوایز، گوتەبێژی سوپای نەمسا رایگەیاند، تیمەکانیان لە تورکیا کارەکانیان راگرتووە. پێکدادان لەنێوان هەندێک لە گروپەکان دروستبووە و پێدەچێت بەهۆی دۆخی ئەمنی ناوچە زیانلێکەوتووەکان، چانسی رزگاکردنی هاوڵاتیان لەدەست بچێت.
دوو تیمی رزگاکردنی سویسراش لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان کاردەکەن، بەڵام میدیاکانی ئەو وڵاتە لە زاری ئەندامانی دوو تیمەکەوە دەڵێن، لە دۆخی ئەمنی ناوچەکە نیگەرانن. ئەوان ژمارەیان حەوت کەسە، هەشت سەگییان پێیە. تاوەکو ئێستا 11 کەسیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە روخاوەکاندا دەرهێناوە.
لە دوو تیمی ئیسرائیلی تیمێک تورکیا جێهیشت
دوای شەش رۆژ لە هەوڵدان بۆ رزگاکردنی هاوڵاتیان، تیمێکی ئیسرائیلی، بەهۆی دۆخی ئەمنی ناوچە زیانلێکەوتووەکان تورکیایان جێهیشت. ئەو گروپە ئیسرائیلییە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، ” لە سەرەتای هاتنمان بۆ تورکیا کە لە ناوچە سنوریەکانی سوریا دەستمان بە هەڵمەتی رزگارکردن کرد، پەیمان بە مەترسیەکە برد، بەڵام بەردەوامبووین لەسەر کارەکانمان. ئێستاش مەترسیەکە جددی بووە و دەبێت ئاسایشی ئەندامانی تیمەکەمان بپارێزین.”
98 کەس بەتۆمەتی دزی و تاڵان دەستگیرکراون
ئاژانسی ئانادۆڵو دەستگیرکردنى 98 کەسى بەتۆمەتی دزی و تاڵانی بڵاوکردەوە، دەڵێت، هێزە ئەمنیەکان دەستیان بەسەر 11 هەزار دۆلاری ئەمریکی، 70 هەزار لیرەی تورکی، 30 تەلەفون، هەشت لاپتۆپ و ژمارەیەک پارچە زێر و کەلوپەلی گرانبەها و سێ دەمانچەدا گرتووە.
ئاژانسەکە ئەوەی خستووەتەڕوو کە دوو کەس لە دەستگیرکراوەکان لە پارێزگای هاتای خۆیان وەک ئەندامی تیمی رزگاکردن پێناسە کردووە و هەوڵیانداوە شەش تڕێلەی پڕ لە هاوکاریەکان بدزن. هەروەها لە ئەستەنبوڵیش شەش کەس دەستگیرکراون کە لە رێگەی تەلەفونەوە پەیوەندیان بە هاوڵاتیانەوە کردووە و داوایان کردووە لە رێگەی هەژماری بانکیەوە هاوڵاتیان پارە بۆ زیانلێکەوتووان بنێرن.