زووم:
بەگوێرەی هەواڵی ماڵپەڕێکی فەرەنسی، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەم پێنجشەممەیە (16ی شوباتی 2023) سەردانی فەرەنسا دەکات و بڕیاریشە چاوی بە ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی وڵاتەکە بکەوێت.
ماڵپەڕی ئنتێڵیجێنس ئۆنلاینی فەرەنسی، کە نووسینگەی سەرەکیی لە پاریسە، ئاماژەی بەوەداوە، یەکێک لەو تەوەرانەی ئیمانوێل ماکرۆن و مەسرور بارزانی گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن “کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدادە”.
هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هێشتا لەسەر چەند پرسێک نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و کێشەکانی نێوانیان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە. مەسرور بارزانی مانگی رابردوو بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەتەکەی سودانی سەردانی بەغدادی کرد، لە دوایین هەوڵیشدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، دوو رۆژ لەمەوبەر شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی گەیشتنە بەغداد و لەبارەی “نەوت و بودجە”ەوە گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا کردووە.
ئێستا مەسرور بارزانی بە سەردانێک لە ئیماراتە، بەشداریی لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکاندا دەکات، لەوێ چاوی بە بەرپرسانی چەند وڵاتێکی ئەوروپی کەوتووە لەنێویاندا سەرۆکوەزیرانی جۆرجیا، دوایین دیداریشی لەگەڵ محەمەد بن زاید سەرۆکی ئیمارات بووە.
بە گوێرەی ماڵپەڕە فەرەنسییەکە، مەسرور بارزانی لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەیدا بۆ پاریس جگە لە ماکرۆن چاوی بە چەند بەرپرسێکی دیکەی فەرەنساش دەکەوێت.
سەردانەکەی مەسرور بارزانی لەکاتێکدایە کە مانگی رابردوو محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی فەرەنسای کرد و چەند رێککەوتنێکی “ستراتیژی” لە بوارەکانی ئەمنی و گەندەڵیدا لەگەڵ پاریس واژۆکرد، بەڵام بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، لە هیچکام لە رێککەوتنەکاند، ناوی هەرێم نەهاتووە.
دوایینجار کە بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی فەرەنسای کردبێت، لە ئازاری 2021 بوو، کاتێک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی پاریسی کرد و لە کۆشکی کۆماری چاوی بە ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی وڵاتەکە کەوت.