زووم، ئاژانسەکان:
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا، لە پاش هەفتەی یەکەمی سەرەتاى جەنگەوە، ژمارەی ئەو سەربازە روسیانەی کە لەمڕۆژانەدا لە بەرەکانی جەنگ دەکوژرێن، زیاترە لە هەرکاتێکی دیکە.
بەگوێرەى ئامارەکانی بەریتانیا، لە سەرەتاى ئەم مانگەوە لە هەر رۆژێکدا بەتێکڕا 824 سەبازی روسی لەلایەن سوپای ئۆکراینەوە کوژراون. هەرچەندە ئامارەکان لەلایەن روسیاوە پشتڕاست نەکراونەتەوە، بەڵام وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا دەڵێت، ئامارەکانیان “راست و دروستن”.
(4/5) The mean average for the last seven days was 824 casualties per day, over four times the rate reported over June-July 2022. Ukraine also continues to suffer a high attrition rate.
— Ministry of Defence 🇬🇧 (@DefenceHQ) February 12, 2023
راپۆرتێکی کەناڵی بی بی سی بەریتانی هۆکاری زۆربوونی ژمارەی کوژراوانی سەربازی روسی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، کە روسیا لە رۆژهەڵاتی ئۆکراین دەستی بە ئۆپراسیۆن و هێرشی زیاترکردووە.
هەفتەی رابردوو ئۆلێکسی رۆزنیکۆڤ وەزیری پێشووی بەرگریی ئۆکراین رایگەیاند، پێشبینی دەکەن کە لە یەکەم ساڵیادی لەشکرکێشییەکەی بۆ سەر ئۆکراین، سوپای روسیا لە 24ی شوباتدا، هێرشی دیکە بۆسەر ئەو وڵاتە دەست پێ بکات.
بەڵام بەشێک لە بەرپەسە لۆکاڵییەکانی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکراین لەوانەش پارێزگاری لوهانسک و دۆنێتسک دەڵێن، هێرشی تازەی روسیا دەمێکە دەستیپێکردووە و یەکێک لە توندترین شەڕەکانی ئەمدواییە، لە دەوروبەری شاری باخموت بووە.
رۆژی یەکشەممە یەڤگێنی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەری لایەنگیری روسیا رایگەیاند، هێزەکانیان ناوچەیەکی گرنگی نیشتەجێبوونیان لە نزیک ئەو شارە وێرانەیەدا کۆنترۆڵکردووە.
پریگۆژین لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام رایگەیاند: “ئەمڕۆ، شارۆچکەی کراسنا هۆرا، لەلایەن هێزەکانی ڤاگنەرەوە کۆنترۆڵکرا”.
بەگوێرەی داتاکانی ئۆکراین، کە لەلایەن بەریتانیاوە پشتڕاستکراونەتەوە، ئەو 824 سەربازە روسییەی کە ئێستا رۆژانە دەکوژرێن، چوار ئەوەندەی ئەو ژمارەیەیە کە رۆژانە لە مانگی حوزەیران و تەمووزدا کوژراون.
سوپای ئۆکراین پێشتر رایگەیاندبوو کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە، 137 هەزار و 780 سەربازی روسیان کوشتووە.
بەریتانیا یەکێک لە هۆکارەکان بۆ کەمى مەشقى سەربازیی دەگێڕێتەوە
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا هۆکاری زیادبوونى کوژرانى سەربازانى روسی بۆ چەند هۆکارێک دەگێڕێتەوە، لەوانەش: کەمی مەشقی سەبازیی، نەبوونی هەماهەنگی و کەمیی پێداویستی سەربازیی لەبەرەکانی پێشەوەی جەنگ.
دوابەدوای کشانەوەیان لە ناوچەی خێرسۆنی رۆژهەڵاتی ئۆکراین لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، هێزەکانی روسیا پێشکەوتنێکی ئەوتۆیان بەخۆیانەوە نەبینیوە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین، چەند جارێک دوای لە وڵاتانی رۆژئاوا کردووە کە پەلە بکەن لە ناردنی چەکی قورس بۆ وڵاتەکەی، بۆ ئەوەی بتوانن بەرپەرچی هێرشە چاوەڕوانکراوەکانی روسیا بدەنەوە.
هەفتەی رابردوو ئەمریکا رەزامەندی دەربڕی لەسەر ناردنی مووشەکی دوور مەودا، کە دەبێتە هۆی ئەوەی ئۆکراین بتوانێت مەودای هێرشەکانی دوو هێندە بکات.
لەگەڵ ئەوەشدا، زێلێنسکی دەیەوێت رۆژئاوا فڕۆکەی جەنگی بۆ کیێڤ دابین بکات. لە سەردانەکەیدا بۆ پەرلەمانی بەریتانیا لە هەفتەی رابردوودا رایگەیاند: “پێشەکی، بۆ فڕۆکە ئینگلیزییە بەهێزەکان، سوپاسی هەمووتان دەکەم.”