لە تورکیا ئۆپراسیۆنى دەستگیرکردنى ئەو وەبەرهێنەرانە دەستیپپێکرد، کە تۆمەتبارن بە کەمتەرخەمى لە پرۆژەکانى نیشتەجێبوون لەو ناوچانەى بومەلەرزەکان تێیدا رویدا، تاوەکو ئێستا 12 وەبەرهێن دەستگیرکراون.
دوای سێ بومەلەرزەکە بەهێزەکەی پارێزگاکانی دیلۆک و مەرەشی باکوری کوردستان، کە تاوەکو ئێستا 25 هەزار کەس گیانیانلەدەستداوە، پرسی نەبوونی کوالیتی لە پرۆژەکانی نیشتەجێبووندا بووەتە رۆژەڤی سەرەکی لەو وڵاتە.
شاری هاتای کە دەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست و ناوچەیەکی گەشتیاریە، چەندین کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی تێدایە کە هەموو باڵەخانەکانی بە تەواوی روخاون و بە هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و تاوەکو ئێستا تەرمی زۆربەیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندان.
یەکێک لەو وەبەرهێنەرانەی کە پرۆژەکەی لە شاری هاتای بە تەواوی روخاوە ئەندازیار محەمەد یاشار جۆشکونە. ئەو کەسە لە فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵ کە هەوڵیدەدا بەرەو هەرێمی مۆنتۆنیگرۆی نزیک لە بۆسنە و هەرسک هەڵبێت، بە بڕێک پارەی زۆرەوە، دەستگیرکرا.
محەمەد یاشار جۆشکون لە ساڵی 2013دا، پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونی بە ناوی رێنیسانس رەزیدانس لە یەکێک لە شوێنە ستراتیژیەکانی هاتای دروستکردووە. پرۆژەکە لە چەندین باڵەخانەی 12 نهۆمی پێکدێت کە بە گشتی 250 شوقەیە.
پرۆژەکە لە بومەلەرزەکەی شەشی ئەم مانگەدا بە تەواوی روخاوە و بە سەدان کەس تێیدا گیانیان لەدەستداوە.
لەلایەکی دیکەوە باوک و کوڕێک بەناوەکانی حەسەن ئالپارگون و کوڕەکەی جان ئالپارگون کە پێکەوە کاری وەبەرهێنانی خانووبەرە دەکەن دوای بومەلەرزەکە بۆ قوبرس هەڵهاتن و لە بەشی تورکی قوبرس دەستگیرکران.
ئەو کوڕ و باوکە، خاوەنی باڵەخانەیەکی 14 نهۆمی نیشتەجێبوون بوون لە گەڕەکی گوزەلیالی مەرەش، ئەو باڵەخانەیە بە تەواوی روخاوە و بەگوێرەی زانیاریەکان کە لە میدیاکانی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، تاوەکو ئێستا تەرمی 50 کەس لەژێر داروپەردوی ئەو باڵەخانەیەدا دەرهینراون.
میدیاکانی تورکیا ڤیدیۆیەکی کۆنی جان ئالپارگونیان بڵاوکردووەتەوە کە لە ڤیدیۆکەدا قسە دەکات و دەڵێت ‘ هەموو وەبەرهێنەرێک بەر لە هەموو شتێک پێویستە ئاسایش و تەندروستی هاوڵاتیان لەبەرچاو بگرێت.
هەروەها وەبەرهێنەرێکی دیکە بەناوی ئیبراهیم مستەفا ئونجوئۆغلۆ دەستگیرکراوە کە باڵەخانەیەکی گەورەی لە دیلۆک دروستکردووە بە ناوی ‘ئاپارتمانی بەهار’ و لە بومەلەرزەکەدا روخاوە و زیانێکی زۆری گیانی و مادی لێکەوتووەتەوە.
لە فڕۆکەخانەی گەورەی ئەستەنبوڵیش، دوو وەبەرهێنەر بە ناوەکانی یاووز کاراکوش و سەڤیلئای کاراکوش کە چەندین باڵەخانە و پرۆژەی گەورەیان لە شاری سەمسوری باکوری کوردستان دروستکردووە، دەستگیرکران.
سەرۆکایەتی دادگای پارێزگای ئەدەنە دەستی بە لێکۆلینەوەیەکی فراوان کردووە لەبارەی ئەو وەبەرهێنەرانەی کە باڵەخانەکانیان رووخاون. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، تاوەکو ئێستا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 113 کەس دەرچووە و 12 کەس دەستگیرکراون.
نوسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی بومەلەرزە پێکدەهێندرێت
وەزارەتی داد راگەیاندراوێکی بۆ سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ئەو پارێزگایانە نارد کە بومەلەرزەیان تێیدا رویداوە و فەرمانی کردووە نوسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی بومەلەرزە سەربارەت بە باڵەخانە روخاوەکان دابمەزرێندرێن.
لە راگەیاندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە لە روی کوالیتی باڵەخانەکانەوە، زانیاری کۆبکرێنەوە و بە خێرایی لێپرسینەوە لەو وەبەرهێنەرانە بکەن کە باڵەخانەی ناکوالیتیان دروستکردووە.