زووم، ئاژانسەکان
گۆڤارى فۆرین پۆلیسی ئەمریکى راپۆرتێکى بڵاوکردووەتەوە، لەبارەى ئەو هۆکارانەى وایکردووە بومەلەرزەکانى تورکیا کوشندەتر بن.
گۆڤارە ئەمریکییەکە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ساڵى 1999 ئەوکاتەی بومەلەرزەیەکى کوشندە لە ئەستەنبوڵ رویدا و بەهۆیەوە 18 هەزار و 370 کەس گیانیان لەدەستدا. فۆرین پۆلیسی ئەوە بیردەهێنێتەوە، کە مێژووی هاتنە سەر دەسەڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەگەڕێتەوە بۆ پاش بومەلەرزەکە، ئەردۆغان لەوکاتەدا هۆکارى هەموو نەهامەتییەکانی ساڵانی نەوەکانی دەگەڕاندەوە بۆ بەربڵاوی گەندەڵیی، خراپیی حکومڕانی و بێباکی دامەزراوەکانی حکومەت. هەر ئەوکاتیش بەڵێنیدا لەژێر حوکمڕانی ئەودا شتەکان بەشێوەیەکی ریشەیی دەگۆڕێن. گۆڤارە ئەمریکییەکە پرسیاردەکات: ئەردۆغان لەماوەى دوو دەیەى حکومڕانییەکەیدا چی کرد؟
ئەردۆغان لەماوەى حکومڕانییەکەیدا هەرچی دەسەڵات هەیە خستویەتیە ژێر دەستی خۆیەوە
راپۆرتی گۆڤارە ئەمریکییەکە، ئەردۆغان تۆمەتباردەکات بەوەی کە لەماوەى حکومڕانییەکەیدا هەرچی دەسەڵات هەیە خستویەتیە ژێر دەستی خۆیەوە. بۆ ئەم کارەش دەسەڵاتی دامەزراوە حکومییەکانی سنوردارکردووە، کەسە دڵسۆزەکانی خۆی لە پۆستە گرنگەکان داناوە، زۆربەی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی داخستووە و دۆستەکانی خۆی دەوڵەمەند کردووە، هەموو ئەمانەش لەپێناو ئەوەدا کە بازنەیەکی بچوک لە کەسە نزیکەکان بەدەوری خۆیدا دروستبکات. فۆرین پۆلیسی دەڵێت، هەموو ئەمانە هۆکار بوون بۆ روودانی ئەو کارەساتەی رۆژی دووشەممەی رابردوو بەسەر وڵاتەکەدا هات، کە مەبەست لێی بومەلەرزەکەیە.
بومەلەرزە لەو وڵاتانەی گەندەڵییان تێدایە، خەڵكێکی زۆرتر دەکوژێت
سەرباری بەهێزیی گوڕی بومەلەرزەکە، کە هۆکارە بۆ ئەوەی کوشندە بێت، بەڵام بەگوێرەى لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمی کە گۆڤاری فۆرین پۆلیس ئاماژەی پێداوە “بومەلەرزە لەو وڵاتانەی گەندەڵییان تێدایە، خەڵكێکی زۆرتر دەکوژێت”. لە سەردەمی حوکمڕانیی ئەردۆغاندا ئابووریی تورکیا لەروی بیناسازییەوە گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. ئەردۆغان تەندەری زۆربەی پرۆژە بیناسازییەکانی بە نزیکەکانی خۆی دەدا، بەبێ ئەوەی بچنە کێبڕكێوە یاخود لەلایەن دامەزراوەکانەوە چاودێریی بکرێن.
دواتر ئەو کۆمپانیایانە لەو ناوچانەی دەکەونە سەر هێڵی گەرمی بومەلەرزە، دەستیان بە دروستکردنی تۆڕێکی جەنجاڵی باڵەخانەکان کرد، بەبێ ئەوەی رەچاوی یاساکانی بیناسازی بکەن.
شاری هاتای، لە بومەلەرزەکەی دووشەممەدا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. لەو شارەدا باڵەخانەی نیشتەجێبوون و نەخۆشخانە، تەنانەت باڵەخانەی لقی سەرۆکایەتیی دەزگای کارەسات و فریاگوزاری، تەختی زەوی بوون یان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە. کە بە گوێرەی راپۆرتەکەی فۆرین پۆلیسی ئەمانە زۆربەیان لەلایەن دۆستەکانی ئەردۆغانەوە بنیانتنراون.
فڕۆکەخانەی شارەکە کە لەلایەن کۆمپانیایەکی نزیک لە ئەردۆغانەوە لەسەر هێڵی بومەلەرزە دروستکراوە “بەهۆی بومەلەرزەکەوە رێڕەوی فڕین و نیشتنەوەی فڕۆکەکانی بووە بە دوو لەتەوە”.
پێدانی پرۆژە ژێرخانییەکانی حکومەت بە دۆستەکانی ئەردۆغان، کە زۆربەیان گوێیان بە بابەتی سەلامەتی نەداوە، وەک گۆڤارە ئەمرییەکە دەڵێت، بووەتە هۆی چەندین تراژیدیای دیکە لە رابردوودا.
ساڵی رابردوو، شەپۆلێکی بەفربارین شاری ئیسپارتاى گرتەوە، زیانێکی زۆری بە ناوچەکە گەیاند و بەهۆیەوە چەندین کەس گیانیان لەدەستدا، جگە لەوەی زۆرێکی دیکە بۆ چەندین هەفتە بێ کارەبا مانەوە. ژێرخانی شارەکە درابوون بەو کۆمپانیا تایبەتییانەی کە لە ئاکەپەوە نزیکن.
ئەم کۆمپانیایانە رەچاوی ئەو کارەساتە سروشتیانەیان نەکردبوو. لە کاتی روداوەکەشدا رەتیانکردەوە هاوکاری لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی پارێزگاکانی درواسێیان وەربگرن.
بەهەمانشێوە، لە ساڵی 2018دا، بەهۆی کەمتەرخەمییەوە، روداوێکی شەمەندەفەر لە شاری چۆرلوی رۆژئاوای وڵاتەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 25 کەس.
لە ساڵی 2014دا، 301 کرێکاری کانی خەڵوز بەهۆی تەقینەوەی کانێکەوە لە شارۆچکەی ئیجە گیانیان لەدەستدا. تەنها 20 رۆژ پێش تەقینەوەکە ئاکەپە پێشنیارێکی ئۆپۆزسیۆنی لە پەرلەمان بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی کانەکە پوچەڵ کردبووەوە.
سەرباری پشتگوێخستنی سەلامەتی لە پرۆژەکاندا، سستی لە پرۆسەی بەهاناوەچوون لە کاتی روداوەکاندا، کارەساتەکە زیاتر کوشندە دەکات. لە ساڵی 2021دا ئاگرێکی فراوان دارستانەکانەی باشوری تورکیای گرتەوە، بەهۆیەوە لانیکەم نۆ کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسیش ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.
دوای ئاگرەکە ئەردۆغان رەخنەی توندی لێگیرا، بەهۆی نەبوونی ئامادەکاریی بۆ روبەڕوبوونەوەی روداوەکە. لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و دانیشتووانی ئەو ناوچانە حکومەتیان تۆمەتبار کرد، کە نەیتوانیوە فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوە دابین بکات لەکاتێکدا ملیارەها دۆلاری تەرخانکردبوو بۆ کۆمپانیاکانی بیناسازی، لەکاتێکدا گرنگی ئەوتۆ بە بواری ژینگە نادەن.
بەهۆى بومەلەرزەکانى دووشەممە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 هەزار کەس لە باکورى کوردستان و تورکیا گیانیانلەدەستداوە، زیاتر لە 80 هەزاریش بریندارن، ژمارەکە بەردەوام لە زیادبووندایە. هێشتا هەزاران کەس لەژێر داروپەردوى باڵەخانە روخاوەکاندان، خەڵک توڕەن لەوەی تیمەکانى فریاگوزاریی درەنگ بەدەمیانەوە دەچن، ئەردۆغان خۆیشی دانى بەوەدا ناوەکە پرۆسەى رزگارکردنی خەڵک بە سستی بەڕێوەدەچێت، لەکاتێکدا نزیکەى 100 وڵات هاوکاری تورکیا دەکەن.
لە شارۆچکەى ئەنتاکیا، خەڵکی خۆیان بەبێ هیچ ئامێرێکی پێشکەوتوو لەنێو داروپەردودا بەدوای خۆشەویستانیاندا دەگەڕان، دەزگای فریاگوزاری تورکیا دوای 48 کاتژمێر گەیشتنە شارۆچکەکە.
گۆڤارە ئەمریکییەکە رەخنەى توندى لە ئەردۆغان گرتووە، دەڵێت، سوپای تورکیا دەیتوانی لەم روداوەدا رۆڵ بگێرێت، بەڵام ئەردۆغان ئەوەندە هێزی رەوانەی ناوچەکان نەکرد، کە بتوانن خەڵکی رزگار بکەن. رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش لە دوای بومەلەرزەکەی ساڵی 1999ەوە لە وڵاتەکەدا بوونیان نەماوە تاوەکو بتوانن هاوکاری لیقەوماوان بکەن. هەموو ئەمانە شکستی ئەردۆغان دەسەلمێنن بەهۆی قۆرخکردنی دەسەڵاتەکان لە ژێر دەستی خۆیدا.
تورکیا، کە ساڵانە روبەڕوی روداوی سروشتی دەبێتەوە، دەزگاى کارەسات و فریاگوزاری (ئافاد)، دامەزراوەیەکی گرنگی حکومەتە، بەڵام لە بنەڕەتدا دەسەڵاتەکانی لە دامەزراوەی سەرۆکایەتی کاروباری ئاینییش کەمترە، کە ئێستا و لەژێر دەسەڵاتی ئەردۆغاندا، شەرعییەت دەدات بە یاساکانی حکومەت. تەنانەت بەرپرسی ئافاد، کەسێکە دەچووی بەشێکی شەریعەیە و هیچ ئەزمونێکی نییە لە روبەڕوبوونەوەی کارەساتە سروشتییەکاندا.
سوپای تورکیا چەند کاتژمێرێک دوای بومەلەرزەکەی ساڵی 1999 چوونە نێو شارەکانەوە و دەستیان کرد بە گەڕان بەدوای قوربانییەکاندا، بەڵام لە بومەلەرزەکانی دووشەممەدا، رۆڵێکی ئەوتۆیان نەبینی. دوای روداوی کودەتاکەی ساڵی 2016، دەسەڵاتی سوپا لاوازکرا. بەهۆی ئەوەی حکومەتەکەی ئەردۆغان پێشتر پرۆتۆکۆلێکی هەڵوەشاندەوە کە هێزە چەکدارەکانی پابەند دەکرد لە کارەساتە سروشتییەکاندا بەهانای خەڵکەوە بچن.
بومەلەرزە بەهێزەکان خەڵکی دەکوژن، بەڵام لە وڵاتانی وەک تورکیا کوشندەتر دەبن. لەوکاتەی کە خەڵکی خۆیان خەریکی دەرهێنانی تەرمی کەسە نزیکەکانیان بوون، ئەردۆغان لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتەکەیەوە، ئەو کەسانەی کە رەخنەیان لێدەگرت بە “بێشەرەف” ناوی دەبردن.
ئەو هەر لەسەرەتاوە بومەلەرزەکانى وەک “قەدەر” ناساند و دەیویست خەڵکیش بەوشێوەیە قبوڵی بکەن.