زووم:
پاش تێپەڕبوونی یەک مانگ بەسەر سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێم بۆ بەغداد، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 11ی شوباتی 2023 شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد بکەنەوە “بەڵام ئەمجارەیان بەبێ سەرۆکوەزیران”.
فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد، بە زوومی راگەیاند، شاندەکەی هەرێم لەبارەی هەردوو دۆسیەی بودجە و نەوتەوە گفتوگۆ لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق دەکەن.
شاندەکەی هەرێم پێکهاتووە لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان، فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە عێراق، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، جوتیار عادل گوتەبێژی حکومەت و سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم.
دوایین سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد دەگەڕێتەوە بۆ 11ی مانگی رابردوو، ئەوکات شاندێکی هەرێم بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێم سەردانی بەغدادی کرد.
لەوکاتەوەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری رەوانەکردنی پارەی بۆ هەرێمی کوردستان بە نادەستووریی ناساندووە، ئەمە یەکەمجارە شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغداد دەکەن.
بریارەکەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق لە 25ی مانگی رابردوودا، کاردانەوەی لێکەوتەوە، هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم راگەیەنراویان بڵاوکردەوە و بڕیارەکەیان رەتکردەوە. تەنانەت مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دادگای فیدراڵیی بە دادگای سەورەی سەردەمی بەعس چوواند.