زووم، سکای نیوز:
دۆلاری ئەمریکی لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردووەوە لە پاشەکشێدایە بەرامبەر دراوە سەرەکییەکان. هەرچەندە هەوڵی بەرزکردنەوەی بەهاکەی دەدرێت، بەڵام پێدەچێت بازاڕ پلانی دانابێت ساڵی 2023 بکات بە ساڵی پاشەکشێی دۆلار و کۆتاییهێنان بە هەژموونەکەی بەراورد بە ساڵى رابردوو.
“پێوەری دۆلار” کە بەهای دۆلار بەرامبەر شەش دراوی سەرەکی دیاری دەکات لە ساڵی رابردوودا بە رادەیەکى بەرچاو بەرزبووەوە، بەڵام ئێستا بەرەو دابەزین دەچێت.
یۆرۆ لە ساڵی 2022 پاشەکشێی زۆری بەخۆیەوە بینی، 6%ى بەهاکەی بەرامبەر دۆلار لەدەستدا، لەکاتێکدا بەهای 1 دۆلار بەرامبەر 1.15 یۆرۆ بوو، ئاستەکەی دابەزی و گەیشتە ئاستی نزیک هاوتابوونەوە لەگەڵ بەهاى دۆلار، بەڵام سەرەتای ئەمساڵەوە ئاستى یەک یۆرۆ گەیشتەوە بە 1.10 دۆلار.
پاوەنی بەریتانی، داڕمانی بەخۆیەوە بینی لە ساڵی 2022 بە جۆرێک 10%ی بەهاکەی لەدەستدا بەرامبەر دۆلار، بەهاکەیان نزیکبووەوە لە یەکدى، بەڵام لە سەرەتای ساڵی نوێوە بەرزبووەوە و ئێستا یەک پاوەن بەرامبەر بە 1.19 دۆلارە.
یەنی یابانی، زۆرترین بەهای لەدەستدا لە ساڵی 2022، بە جۆرێک کە 13%ی بەهاکەی لەدەستدا بەرامبەر دۆلار و گەیشتە 152 یەن بۆ دۆلارێک، کە ئەمە نزمترین ئاستە لە ساڵی 1998وە، بەڵام لەگەڵ سەرەتای 2023 بەهای یەنیش بەرزبووەوە بە رادەیەک کە گەیشتە 127.20 یەن بۆ دۆلارێک.
بەیاننامە ئابورییەکان پشتگیری هێزی ئابوری ئەمریکا دەکەن
لەگەڵ پێشبینیەکانی پاشەکشێی ئابوری ئەمریکا، بەڵام بەیاننامە ئابورییەکان بەردەوامن لە پشتگیری ئابوری ئەمریکا و ناهێڵن دراوە سەوزەکە داڕمێت، کەرتی بازاڕی کار تەنها لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ 500 هەزار هەلی کاری فەراهەمکردووە و رێژەی بێکاری بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، بەیاننامەکانی کەرتی خزمەتگوزاری جەختدەکاتەوە لە بەهێزی ئابوری ئەمریکا بەراورد بەو ناوچانەی کە ئابوریان لەدابەزیندایە وەک ناوچەی یۆرۆ و بەریتانیا.
بانکی فیدراڵی ئەمریکا بەنیازی چیە لە ساڵی 2023؟
رائید خزر، بەرپرسی توێژینەوەکانی بازاری دارایی لە گروپی Equiti دەڵێت، یەدەگی بانکی فیدراڵی ئەمریکی لە دوایین کۆبوونەوەی لە ساڵی رابردوو بڕیاریدا بە خاوکردنەوەی رێرەوی بەرزکردنەوەی رێژەی سود لە ساڵی 2023، بە جۆرێک لەمساڵدا بە ئەندازەی چارەکە خاڵێکی رێژەی سەدی سود بەرزکرایەوە، کە لە ساڵی 2022 بە ئەندازەی نیو خاڵی رێژەی سەدی و سێچارەکی خاڵێکی رێژەی سەدی بەزرکرابووەوە.
لێدوانەکانی ئەندامانی بانکی فیدراڵی و سەرۆکی بانکەکەش رێگرن لە هەرەسهێنانی دۆلار، جیرۆم پاوڵی سەرۆکی بانکەکە بەردەوام دەڵێت بەرزکردنەوەی رێژەی سود گرنگە بۆ کۆنترۆڵکردنی بەرزی نرخەکان.
خزر دەشڵێت، بێگومان بانکی ناوەندی ئەمریکا سەرکەوتوو بوو لە کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسانی ئابوری لە ئاستی %9، بەجۆرێک ڕێژەی بەرزبوونەوەی نرخەکان ئێستا لە نزیک ئاستی %6.5 جێگیر بووە.
هەوڵ هەیە بۆ وازهێنان لە بەکارهێنانی دۆلار لە مامەڵە بازرگانیە نێودەوڵەتییەکان
ئەو فشارانەی روبەڕوی دۆلاری ئەمریکی دەبنەوە
رائید خزر بە “سکای نیوز”ی راگەیاندووە، گرنگترین ئاڵنگاری کە روبەڕوی دۆلار دەبێتەوە لە ساڵی 2023 بەردەوامی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکانە لە جیهاندا، دۆلار لەبەردەم ئاڵنگاریەکی نێودەوڵەتییدایە، چونکە هەوڵ هەیە بۆ وازهێنان لە بەکارهێنانی دۆلار لە مامەڵە بازرگانیە نێودەوڵەتییەکان.
خزر دەڵێت ئەمە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر داهاتووی دراوە ئەمریکیەکە لە ساڵی 2023، سەرۆکی بانکی فیدراڵیش ئاماژەی بەم مەترسیە داوە، چونکە ئەم کارە هەژموونی دۆلار لە بازاڕدا کەمدەکاتەوە.
خزر دەڵێت، هەرچەندە بانکی فیدراڵی لێدوانیداوە کە رێژەی سود بەرزدەکاتەوە لە ساڵی 2023، بەڵام بازاڕ پێشبینیدەکات بانکی فیدراڵی ئەمریکا رێژەی سود جێگیر بکات لە نیوەی دووەمی ساڵی 2023، گریمانەیەکی کەمیش هەیە کە دەوترێت دووبارە رێژەی سود دادەبەزێنێت.
دروستبوونی قەیرانی دراو لە ئەمریکا کارێکی مەحاڵە
دۆلار بەهاکەشی لەدەستبدا، پێگە جیهانیەکەی وەک خۆی دەمێنێت
حسێن قەمزی، راوێژکاری ئابوری دەڵێت، پرسیارکردن لەبارەی داڕمانی دۆلار رێی تێدەچێت، بەڵام دروستبوونی قەیرانی دراو لە ئەمریکا کارێکی مەحاڵە، دۆلار گرنگترین دراوی یەدەگە لە جیهاندا، هەموو کاڵا جیهانیەکان بە نرخی دۆلار دیاری کراون.
دۆلار شەرعیەتێکی زیاتری هەیە لە چاوی بەکارهێنەران و بازرگانانی دراو و بەشدارانی مامەڵە نێودەوڵەتیەکان.
قەمزی دەڵێت رەنگە بەهای دۆلار وەک هەر دراوێکی دیکە پاشەکشێ بکات، بەڵام پێگە و هەژموومی خۆی دەپارێزێت، ئەوانە هەندێک دەوڵەتن، کە هەر کاتێک دۆلار دابەزێت دەڵێن کاتی هەرەسهێنانی دۆلارە.
حسێن قەمزی دەڵێت، لە چەند ساڵی پێشوودا رێژەی لەسەدا 60ی یەدەگی بانکەکانی جیهانی پێکهێناوە، یۆرۆ تاکە دراوی رکابەری دۆلارە نەک یوانی چینی.