تاوەکو دێت ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکانی تورکیا و سووریاوە هەڵدەکشێت، لە سێ رۆژدا ژمارەکە نزیکبووەتەوە لە 20 هەزار کەس، ئەگەرچی تیمەکانی فریاگوزاریی زیاتر لە حەوت هەزار کەسیان لە ژێر داروپەردووی بینا رووخاوەکاندا هێناوەتە دەرەوە و رزگاریان کردوون، بەڵام هێشتا ئاماژەکان پێمان دەڵێن خەڵکی دیکە ماون. رەنگە هێشتا کەسانێک هەبن لەژێر باڵەخانەکاندا چاوەڕێی تروسکاییەکی ژیان بکەن، لەکاتێکدا هیچ رێگەیەکیان نەبێت ئاگادارمان بکەنەوە.
هێدی هێدی کات بۆ ئەو کەسانە کۆتایی دێت کە هێشتا لە ژێر داروپەردووی بینا رووخاوەکاندا گیریانخواردووە، ئەگەرچی لە زیاتر لە 70 وڵاتی جیهانەوە تیمی فریاگوزاریی رەوانەی هەردوو وڵاتەکە کراون، بەڵام پێناچێت هەموو ئەوانەی گیریانخواردووە “رزگاربکرێن”، چونکە کات بەرەو کۆتایی دەچێت.
شارەزایانی بواری فریاکەوتن دەڵێن، زیاد لە هۆکارێک کاریگەرییان لەسەر ماوەی مانەوەی ئەو کەسانە هەیە، بۆنموونە دیارترین هۆکار ئەوەیە کە ئایا ئەو کەسە لەکاتی روخانی بیناکەدا لەکوێدا وەستاوە و کەوتووە تە کوێوە؟ ئایا شوێنەکەی بەری فراوانە و توانای جوڵەی هەیە یاخود لە شوێنە تەسکەکاندایە و بواری هەناسەدانی کەمە؟ ئایا دەتوانێت ئاوی خواردنەوەی دەستبکەوێت؟ هۆکارێکی دیکەش پەیوەندیی بە توانای جەستەیی کەسەکەوە هەیە، ئەمە جگە لە رووی دەروونییەوە تاکەکان جیاوازییان هەیە و هەندێک هەن زیاتر بەرگەی فشاری دۆخە سەختەکان دەگرن.
زۆرینەی ئەوانەی لە رووداوە هاوشێوەکاندا رزگاردەکرێن لە 24 کاتژمێری یەکەمدا ئەنجامدەدرێن، ئەگەرچی حاڵەتی دەگمەن هەیە، کە خەڵکانێک هەبوون زیاتر لەو وادەیە ماونەتەوە و رزگاریش کراون، هەر بۆنموونە لە بومەلەرزەکانی تورکیا و سووریادا دەیان کەس هەبوون لە دوای 24 کاتژمێرەکەشەوە رزگارکراون، هەر شەوی رابردوو بوو کە ژنێکی تەمەن 80 ساڵ لە شارێکی باکووری کوردستان پاش 68 کاتژمێر لەلایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە رزگارکرا.
بە گوێرەی ستاندارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، پرۆسەی پشکنین و گەڕان بە دوای ئەو کەسانەدا کە گیریانخواردووە، پێنج تاوەکو حەوت رۆژ بەردەوامدەبێت، ئەم بڕیارەش لەسەر بنەمای ئەزموونی رێکخراوە فریاگوزارییەکان دراوە.
لێرەدا بە کورتی ئاماژە بەو هۆکارانە دەکەین، کە وادەکەن ئەو کەسانە زیندوو بمێننەوە..
هۆکاری یەکەم پەیوەندیی بە شوێنەوە هەیە، ئەگەرچی روودانی بومەلەرزە پێشبینی ناکرێت، بەڵام لەگەڵ ساتەوەختی دەستپێکردنی بومەلەرزەکەدا ئەگەر کەسەکە لە ئاگاییەکی تەواودا بێت و هۆشیاریی پێشوەختەی لەسەر چۆنێتیی خۆپارێزیی هەبێت، دەتوانێت شوێنێکی باشتر هەڵبژێرێت و تیایدا بمێنێتەوە. کە دواتر کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر مانەوەی بە زیندوویی.
هۆکاری دووەم پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە کەسەکە تاوەکو چەند دەتوانێت دەستی بە ئاوی خواردنەوە بگات، یاخود تاوەکو چەند توانای هەناسەدانی دەبێت؟ پسپۆڕێکی چاودێریی چڕ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تورکیا، دەڵێت، کەمیی ئۆکسجین و ئاو هۆکاری یەکلاکەرەوەن بۆ مانەوەی کەسێک بە زیندوویی.
هۆکاری سێیەم پەیوەندیی بە رادەی برینداربوونی کەسەکەوە هەیە، پێویستە ئەوە بزانین ئەگەر کەسێک خوێنی لێ بێت، ئەوا ئەگەری مانەوە لە ژیاندا زۆر کەمتر دەبێتەوە، رەنگە نەگاتە 24 کاتژمێر.
کەشوهەوای ناوچەکە هۆکاری چوارەمە، شارەزایان دەڵێن وەرزی زستان و سەرما کاریگەریی خراپی بۆ سەر مانەوەی مرۆڤ هەیە بە زیندوویی، واتە کەشوهەوای ئێستای تورکیا و سووریا یارمەتیدەر نین بۆ ئەو کەسانەی لەژێر بینا رووخاوەکاندا گیریانخواردووە.
پسپۆڕانی فریاگوزاریی هۆکارە دەروونییەکان پشتگوێناخەن و پێیانوایە باری دەروونی تاکاکەن هۆکاری پێنجەمن کە کاریگەرییان لەسەر مانەوەیان دەبێت بە زیندوویی.