جۆن هاننا* و جۆیل رایبێرن*- گۆڤاری واشنتۆن ئێگزامینەر
شاندێکی باڵای عێراق رۆژی چوارشەممە، گەیشتنە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا. ئەندامانی شاندەکە بێهیوان لە هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ سوککردنی ئەو قەیرانەی کە مەترسی خستووەتە سەر بەهای دینار. پێویستە بەرپرسانی ئیدارەی بایدن “گوێی خۆیانی لێ كەڕ بکەن”.
زیاتر لە دەیەیەکە، سیاسییەکانی عێراق بە ئاسانی دەستیان بە دۆلارەکانی ئەمریکا گەیشتووە و ئەم هەلەیان بە خراپی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان قۆستووەتەوە، لە مێژوویەکی دیاریکراودا ئەو پارانەیان لە خەڵکەکەی خۆیان دزیوە.
لەوەش مەترسیدارتر، حکومەتە یەکلە دوای یەکەکانی عێراق بەردەوام و بەدزییەوە دەستیان لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران تێکەڵکردووە بۆئەوەی لە سزاکانی ئەمریکا دەربازیان بکەن، کە لەو رێگەیەوە، ملیارەها دۆلاریان بۆ دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران و تیرۆر و دەستدرێژییە ناوچەییەکان کۆکردووەتەوە.
پێویستە واشنتن هەموو جۆرە یارمەتییەک بۆ بەهاناوەچونی عێراق رەتبکاتەوە تاوەکو ئەوکاتەی دەستبەرداریی هاوکارییەکانیان دەبن بۆ سوپای پاسداران، بەوپێیەی لە گەورەترین پلانی سپیکردنەوەی پارەدا بەشدارن، پلانێک کە سیستەمی دارایی ئەمریکا و ژیانی ئەمریکییەکان دەخاتە مەترسییەوە.
زیاتر 80%ی مامەڵەی حەواڵە داراییەکان، کە لەلایەن دامەزراوەی فیدراڵی یەدەگی ئەمریکاوە پێداچونەوەی بۆ دەکرێت، رەتکراونەتەوە
قەیرانی بەهای دینار لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوودا سەریهەڵدا. ئەمەش دوای ئەوە هات کە ئەمریکا لێکۆڵینەوەی جدی دەستپێکرد لەبارەی مامەڵەی بانکەکانی عێراق بۆ حەواڵە داراییەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتە.
لەو کاتەوە، زیاتر 80%ی مامەڵەی حەواڵە داراییەکان، کە لەلایەن دامەزراوەی فیدراڵی یەدەگی ئەمریکاوە پێداچونەوەی بۆ دەکرێت، رەتکراونەتەوە. بەم شێوەیەش، کەمکردنەوەی بڕی هەناردەکردنی دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە بۆ عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بەهای دراوی وڵاتەکەی دابەزاندووە.
لە ساڵی 2004ەوە، بانکەکانی عێراق دەستیان بەو دۆلارانە گەیشتووە کە عێراق بەهۆی فرۆشی نەوتەکەیەوە، لە هەژمارێکی تایبەتی خۆی لە بانکی فیدڕاڵی نیویۆرک دایناون. ئەم دەستڕاگەیشتنەش لە رێگەی بانکی ناوەندییەوە بووە کە بەهۆی میکانیزمێک بەناوی ‘مەزادی دۆلار’ەوە، دۆلار دەفرۆشێت بە بانکەکانی دیکەی عێراق، بە بیانووی هاوردەکردنی کەلوپەل لە دەرەوەی وڵات.
پرۆسەی ناردنی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات لەلایەن سیاسییەکانی عیراق و ئێران و کارەکتەرە گەندەڵەکانەوە، کاتێکی زۆری نەخایاند. پرۆسەکە بریتی بوو لە ناردنە دەرەوەی بڕێکی زۆری دۆلار بەبیانووی کڕینی کەلوپەلی دەرەکیی، کە لە بنەڕەتدا هیچکام لە کەلوپەلەکان بۆ ناو عێراق هاوردە نەکراون. بەڵکو لە رێگەی وەسڵ و بەڵگەنامەی ساختەوە، دۆلارەکان دەخرانە سەر ژمارە بانکییە بیانییە سێبەرەکان.
حکومەتی ئەمریکا دەمێکە بە نیگەرانییەوە ئاگاداری ئەم مامەڵە ساختانەیە. لە 2012دا، لێکۆڵەرێکی گشتیی تایبەت بە پنتاگۆن ئاماژەی بەوە داوە، 80%ی فرۆشی دۆلاری عێراق لە رێگای مامەڵەی نایاساییەوە دەڕواتە دەرەوەی وڵاتەکە.
تەنانەت لە 2015دا واشنتن بۆ ماوەیەکی کاتیی ناردنەوەی دۆلاری بۆ عێراق سنووردار کرد. بەڵام نارەزایی دەربڕینی عێراق و بەڵینی چاکسازی رواڵەتیی، رای بەرپرسانی ئەمریکایان لەسەر ئەوبابەتە گۆڕی. لە 2020دا، رۆژنامەنوس رۆبەرت ۆرس، راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە چۆن دەوڵەتی عێراق هێشتا وەکو یەکێک لە گەورەترین ناوەندەکان بەشدارە لە سپیکردنەوی دراو و بەتایبەتیش دۆلار.
بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا هەمیشە نیگەرانیی سەقامگیریی عێراقن. ئەوان لەبری ئەوەی عێراق بخەنە ژێر هەڕەشەی سنوردارکردنی گەڕاندنەوەی داهاتە زەبەلاحەکانی، بیریان لە رێگەی دیکە کردووەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە. بەڵام بەهۆی دەرەنجامە قورسەکانی، ئەم رێگایانەیان نەگرتووەتەبەر.
ئەمڕۆ عێراق یەکێکە لە گەندەڵترین وڵاتانی جیهانە و خەڵکەکەی لەدۆخێکی هەژاریدا دەژین. ئەمە لە کاتێکدایە، دەیان ملیار دۆلار رژاوەتە ئێران و بووەتە سەرچاوەی دارایی بۆ رەفتارە خراپەکانی یەکێک لە مەترسیدارترین نەیارەکانی ئەمریکا.
مەزەندە دەکرێت ئەوپارانەی کە بۆ دەرەوەی عێراق نێردراون، زیاتر بێت لە 300 ملیار دۆلار
ناتوانین بە تەواوی بزانین بڕیاری زیانەکە چەندە، بەڵام ژمارە سەرەتاییەکان شتی سەرسوڕهێنەرمان پێدەڵێن. لە 10 ساڵی رابردوودا، ئەمریکا رۆژانە 200 ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوتی عێراقی رەوانەی ئەو وڵاتە کردووە، کە هەفتانە دەکاتە یەک ملیار دۆلار. بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی پنتاگۆن و دامەزراوەی یەدەگی ئەمریکا، سودمەندی سەرەکی لەو پارانە، سوپای پاسدارانی ئێران بووە. بەپێی راپۆرتەکەی 2020ی ۆرس، مەزەندە دەکرێت ئەوپارانەی کە بۆ دەرەوەی عێراق نێردراون، زیاتر بێت لە 300 ملیار دۆلار. مەزەندەکە هەرچەندێک بێت، هاوڵاتییانی عێراق، بەراورد بە هەر وڵاتێکی دیکە، زۆرترین سامانی نیشتیمانیان لێ دزراوە لە مێژوودا.
بەهۆی خۆڕاگریی ئێران بۆ بوون بە هێزێکی ئەتۆمیی و ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ کوشتنی هاوڵاتییە بێتاوانەکانی ئۆکراین، ئیدارەی بایدن زیاتر لە هەر سەرۆکێکی دیکەی پێش خۆی، هەوڵیداوە لێشاوی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئەو وڵاتە بوەستێنێت. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا واشنتن دەتوانێت بەردەوامبێت لەو هەڵوێستەی، لە کاتێکدا بەغدا هاواری لێ هەڵساوە؟
ئەوەی کە پێویستە ئێستا تیشکی بخرێتە سەر، عەلی عەللاقی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقە، کە ئێستا لەگەڵ شاندەکە لە ئەمریکایە.
عەلی عەللاق، لە ساڵی 2015دا بەرپرسانی ئەمریکای رازیکرد سزاکان رابگرن و بردنەدەرەوەی دۆلاری عێراق بەردەوامبێت
عەللاق نامۆ نییە بەو پۆستە، چونکە لە ماوەی نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2020، لە خراپترین رۆژانی قۆستنەوەی موزایەدەکەدا، ئەو پۆستەی بەدەستەوە بووە. هەر ئەویش بوو لە ساڵی 2015دا بەرپرسانی ئەمریکای رازیکرد سزاکان رابگرن و بردنەدەرەوەی دۆلاری عێراق بەردەوامبێت. ئەوەش دوای ئەوە هات، کە ئەوکات بەڵێنی چاکسازیی بە بەرپرسانی ئەمریکا دابوو، بەڵام بەڵێنەکانی هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنییان لەسەر کەمکردنەوەی رۆیشتنی پارە بۆ سوپای پاسداران نەبوو.
عەللاق مانگی رابردوو، بەهیوای ئەنجامدانی چاکسازیی گەڕایەوە پۆستەکەی. دیسان بە نیازە بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە، کۆمەڵێک بەڵێنی قورستر بدات بەو مەرجەی ئەمریکا رێکارەکانی ناردنی دۆلار بۆ عێراق سوکتر بکاتەوە.
وەکو پێشینان دەڵێن، ئەگەر مار جارێک پێوەی دایت خوا بیگرێ، ئەگەر بوو بە دوو جار خوا خۆت بگرێت. ئەمجارە کە عەللاق هاتووەتەوە، پێویستە واشنتن پەتەکە توند بگرێت تاوەکو ئەوکاتەی دڵنیا دەبێت لەوەی شادەماری ژیانی سوپای پاسداران، کە لە عێراقەوە بۆی دەچێت، بە باشی بڕدراوە.
*جۆن هاننا، بەرپرسێکی باڵایە لە پەیمانگای جووەکان بۆ ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا. پێشتر راوێژکاری ئاسایشی دیک چێنێی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بووە لە ساڵانی نێوان 2001 بۆ 2009 کە ئەوکاتە جۆرج بوش سەرۆکی ئەمریکا بوو
*جۆیل رایبێرن، بەڕێوەبەری سەنتەری ئەمریکی بۆ لێکۆڵینەوەکانی رۆژهەڵاتە، لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا وەک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا کاری کردووە